بەئامانجگرتنی کۆرمۆر، لەبنەڕەتدا سزادانی کۆی خەڵکی کوردستانە، چونکە ئەگەرچی ئامانجەکە دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی گازی سروشتیبێت، بەڵام لێکەوتەکەی بۆسەر هەموانە و هەموو لێی زیانمەندن. ئەوەتا هێرشەکە دوای ماوەیەک لە دڵخۆشی بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بەکاتییش بێت کوردستانی خستەوە ئامێزی تاریکی.
دیوی گەورەی ئەم باسە، پەیوەستە بە ترسێکەوەیە کە بەرانبەر گازی سروشتی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەمساڵ ئەمریکا لێخۆشبوونی بۆ عیراق بەرانبەر کڕینی گازی ئێران ڕاگرت. واتە: ئەمریکییەکان لەوە زیاتر بوارنادەن عیراق گازی سرووشتی لە ئێران بکڕێت بە سێ ئەوەندەی نرخی خۆی و لەبەرانبەردا حکوومەتی عیراق بەڵێنی ئەوەی دابوو تاوەکو ٢٠٢٨ پشتبەستنی بە گازی سرووشتی دەرەکی نەمێنێت.
لێرەوە ترسی ئێران دەستپێدەکات و لەگەڵیدا، ترسی میلیشیا شیعییەکان و هاوپەیمانەکانیان سەرهەڵدەدا، کە ئەگەربێتو سەرچاوەی هێزێکی عیراق لە هەرێمی کوردستانبێت ئیدی ناچارن سازش بەرانبەر هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو ئامادەسازییە دەروونییەیە کە پێش هێرشەکە بۆیکرا. ئەم ئامادەکارییانە لە رووداوەکەی گەڕەکی کازیوەی سلێمانییەوە دەستیپێکرد، کاتێک گازی سرووشتی وەک هەژدیها و مەترسی نیشانی خەڵکدرا، تا دەگاتە هێرش بۆسەر ماڵی شێخ باز و دواتریش ململانێکانی ئەم دواییەی هەڵبژاردن کە پرسی گازی سرووشتی وەک تایتڵێک هاتە گۆڕێ.
مرۆڤ گەر بڕوانێتە شێوازی هێرشەکە تێدەگات، ئامانجەکە کوشتنی خەڵک نییە بەڵکو بردنەسەری بەڵێنێکە.
جێگەی سەرنجە، چ لەڕووی میدیایی و چ لە ڕووی سیاسیی، بەشێکی هاوڵاتیان وەها ئامادەکرابن لەبری توڕەیی بەرانبەر وەها هێرشێک دەستبکەن بە پێکەنین! لەولاشەوە، بەشێکی میدیا، گەڕەک گەڕەک بژمێرێت و بڕانی کارەبا وەک دەستکەوت پیشانبدات، لەکاتێکدا پێشتر هەمان میدیا و کەسان، پرۆژەی رووناکیان کردبووە تایتڵێک بۆ نەهامەتی!
ئەوەی ئەو هێرشەی کردووە، کاتەکەی بە باشی هەڵبژاردووە. چونکە کاتێک هێرشەکە ئەنجامدراوە کە ئەمریکا گەورەترین کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر دەکاتەوە! وەک بڵێی بەشێکی پەیامەکە ئەوەبێت نابێت کەس بچێت بۆ هەولێر! لێرەدا ئەنجامدەری هێرشەکە، جگە لەوەی باش لە پێگەی هەرێمی کوردستان لەڕووی ووزە حاڵیبووە باش لەوەشتێگەشتووە کە ناتوانێت بەتەواوەتی، کەرتی گاز بکاتە ئامانج چونکە، ئەو کەرتە کەرتێکی دەوڵەتییە بەئاسۆی نێودەوڵەتی.
هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگێکی گەورەی گازی سروشتییە و بووەتە جێگەی سەرنجی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ وەبەرهێنان. ئەم بوارە ستراتیژییە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دابینکردنی وزە و گەشەی ئابووریدا.
هەربۆیە، کۆمەڵەی پێڕڵ پێترۆلیۆم (Pearl Petroleum) یەکێکە لە دیارترین وەبەرهێنەران، کە لە کۆمپانیاکانی وەک دانا گاز و کرێسێنت پێترۆلیۆمی ئیماراتی، OMVی نەمسایی، MOLی هەنگاری و RWEی ئەڵمانی پێکدێت. ئەم هاوپەیمانییە پەرە بە کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ دەدات و بەشێکی زۆری کارەبای هەرێم دابین دەکات.
لەم دواییانەشدا، هەنگاوێکی گرنگی تر نراوە! کۆمپانیای وەبەرهێنەری ئەمریکی HKN ئینێرجی و گرووپی ئۆنێکس، پڕۆژەیەکی هاوبەشیان بە ناوی میران ئینێرجی دامەزراندووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی گازی میران. ئەم کێڵگەیە یەدەگێکی خەمڵێندراوی گەورەی هەیە کە دەگاتە نزیکەی (8 تریلیۆن) پێ سێجا گازی سروشتی.
ئەوەی کە باس لە بڕینی گاز، بە ئامانجگرتنی هێڵەکانی گواستنەوە و وێستگەکانی بەرهەمهێنان و بەگەڕخستن بکات، ڕاستەوخۆ خۆی دەخاتە پێگەی دژایەتی لەگەڵ بازاڕی دونیا، لەگەڵ ئەو وڵاتانەی وەبەرهێنان لە کەرتی گاز دەکەن و لەهەمووشی خراپتر بریتییە لە دژایەتیکردنی خەڵکی.