دواین هەواڵ

هەست و بیری نەتەوەی

‌ئەوین سۆران

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتەوەی کورد وەک هەر نەتەوەیەكی تر خاوەن کلتوور و زمان و مێژووی تایبەت بە خۆیەتی وە شانازى كردن به نەتەوە هەستێكه كه مرۆڤ بەهێز، به هيوا و سەرکەوتوو تر دەكات. شانازيكردن به گەل و نيشتيمان و نەتەوه و كوردبوون ڕێزگرتنه له بوونى خۆت، واته هەستكردن به گەورەی و بەرزى خوت و كومەڵگەت، وە تەنها بە قسەو شعاری خۆش نییە، بەڵکو بە کردار و ڕێزگرتن لە شوناس (زمان،کلتور،بەشداریکردن لە بۆنە و جەژنە نیشیمانییەکان و خزمەت کردنی وڵات و ناساندن و زانینی مێژووی کورد) نیشان دەدرێت. ئەم شانازییە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەردەوامی کلتور و هاندانی یەکگرتوویی کۆمەڵگا کاریگەرە، و واتای خۆشەویستی و بەرپرسیارێتی یە بەرامبەر نەتەوەکەت، هەر کەسێک لە هەر وڵات و لە هەر نەتەوەیەک بێت، بێگومان هەست و سۆزی تایبەتی بۆ ئەو نیشتیمانە هەیە کە تێیدا گەورە و پەروەردە بووە.
نەک سوکایەتی یان نەپەسەندکردنی نەتەوەکانی تر. پێویستە لەسەر هەر تاکێک سەرنج بداتە سەر بوارەکانی بەرەوپێشبردنی پەروەردە، چاودێری تەندروستی، دەستەبەرکردنی حوکمڕانییەکی بەهێز و دادپەروەرانە، گەشەپێدانی ئابووری، پاراستنی میراتی کلتوری وەبەرهێنان، پاراستنی سیستەمێکی بەرگری بەتوانا، و هاندانی شانازی و ڕێزگرتنی کلتور. دادپەروەری مافەکانی مرۆڤ بۆ خۆشگوزەرانی نیشتمانی، ڕێزگرتن و لێک تێگەیشتنی یەکتر هتد… ئەمانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی ئەرێنی بۆ ئەوەی نەتەوەکەت گەشە بکات.
لەگەڵ ئەو هەموو زوڵم و ستەمە کە لە لایەن دژمنان و داگیرکەرانی کوردستانەوە دەرهەق بە کورد کراوە، وەک زوڵمی زۆر و چەوساندنەوە، کوشتن، لەسێدارەدان، زیندان و کیمیاباران و ئەنفال نەتەوەی کورد چۆکی دانەداوە و پێناسە و کوردبوونی خۆی پاراستوە، وای لە ئێمەی کورد کردوە کە خۆشەویستیمان بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەمان چەند بەرامبەر بێت.
ئەگەر یەکێک بێت لێم بپرسێت ئایا شانازی بە کورد بوونتەوە دەکەیت؟ هەندێک جار ئەڵێم شانازی کردن بە نەتەوە شتێکی سەیرە و ئەمە شتێکە خۆم هەڵم نەبژاردوە و هەوڵم بۆ نەداوە، قەدەر وابووە کوردبم.
بەڵام لە لایەکی تریشەوە کە بیر ئەکەمەوە خوای گەورە منی بە کوردی درووست کردوە لەناو ئەو هەموو گەل و هۆزەیا ئەمە خۆی لە خۆیدا شتێکی تایبەتە، وە لە هەمان کاتیشدا کە بیر ئەکەمەوە ئەگەر من و تۆ شانازی نەکەین پێوەی و هەوڵی مانەوەی کوردستان نەدەین ئەوە ڕەنگە چەند دەیەیەکی تر بەرەو کاڵبونەوە بڕوات ئەمە تینێکی زیاتر ئەداتێ کە خۆشم بوێت. من هەمیشە کوردستانم وەک دایک بینیوە، چۆن منداڵێک کە لە دایک دەبێ و لە ئامێزی ئەو دایکەدا گەورە دەبێ، گرینگ نییە ئەو دایکە ڕەش پێستە یان سپی پێستە، جوانە یان ناشیرینە، هەژارە یان زەنگینە گرینگ ئەوەیە کە دایکیەتی و بە هەموو وجوودیەوە خۆشی دەوێ و پێی وایە لە هەموو دایکانی جیهان جوانتر و بەسۆزترە، منیش بە هەمان شێوە شاخ و دەشت و ناوی کوردستانم خۆش ویستووە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP