پەیوەندییە سیاسی و ستراتیژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ساڵانی ١٩٤٨ تا ١٩٧٩، بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین دۆسیە نهێنییەکانی مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. ئەم هاوپەیمانییە کە لەسەر بنەمای “دوژمنی دوژمنەکەم، دۆستمە” دروست بووبوو، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و قووڵی لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان (ئێراق) هەبوو.
دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨، ئێران لە سەردەمی محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی، وەک دووەم وڵاتی موسڵمان لە دوای تورکیا، لە ساڵی ١٩٥٠ بە شێوەی “دیفاکتۆ” دانی بە ئیسرائیلدا نا، ئەم پەیوەندییە سەرەڕای هەوراز و نشێوەکان، لەسەر چەند کۆڵەکەیەکی سەرەکی وەستا بوو لەوانە، لە ڕووی بەرژەوەندیی ستراتیژی و ئەمنی هەردوو وڵات ناسیۆنالیزمی عەرەبی (بە ڕابەرایەتی جەمال عەبدولناسر) و پەرەسەندنی هەژموونی سۆڤیەت و کۆمۆنیزمیان بە مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆیان دەزانی، هەروەها لە ڕووی هۆکاری ئابووری و وزەوە دوای خۆماڵیکردنی کەناڵی سوێس لە ساڵی ١٩٥٦، ئێران بووە سەرەکیترین دابینکەری نەوت بۆ ئیسرائیل، جگە لەوانەش لە ڕووی هاوکاریی هەواڵگری لەگەڵ دامەزراندنی دەزگای ساواک (سازمان اطلاعات و امنیت کشور) لە ساڵی ١٩٥٧، پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان ساواک و مۆساد دروست بوو، کە بووە هۆی ئاڵوگۆڕی زانیاری و تەکنەلۆژیای سەربازی.
لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکەوە، ئیسرائیل و ئێران پەیڕەوییان لە ستراتیژیی “هاوپەیمانیی پەراوێز” (Periphery Doctrine) دەکرد، واتە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە و کەمینە ناعەرەبەکان وەک (کورد، تورک و ئەسیوپییەکان) بۆ لاوازکردنی دەوڵەتە عەرەبییەکان لە ناوەوە. لەم چوارچێوەیەدا، شۆڕشی کورد لە عێراق بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، بووە خاڵێکی هاوبەشی گرنگ بۆ هەردوو وڵات، ماوەی زێڕینی هاوکاری (١٩٦٥-١٩٧٥)، لەم دەەیەیەدا، ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و بە ئاگاداریی ئەمریکا، پشتیوانییەکی بەرفراوانی بۆ کورد دابین کرد، جۆری هاوکارییەکان بریتی بوون لە ناردنی چەک و تەقەمەنی، دابینکردنی ڕاهێنەری سەربازی (کە هەندێک جار خۆیان دەچوونە شاخەکان)، یارمەتی دارایی، و دامەزراندنی نەخۆشخانەی مەیدانی، ئامانجی ئەم هاوکارییە لە لایەن شای ئێران و ئیسرائیل سەربەخۆیی بۆ کوردستان نەبوو وەک هەندێك لە سەرچاوەكان ئامتژەی پێ دەكەن، بەڵکو مەبەستیان بوو سوپای ئێراق لە شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەندا هیلاک بکەن و ڕێگری لە گەشەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و دەسەڵاتی بەعس بگرن.
دوای واژۆکردنی بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد و حکومەتی ئێراق، ئێران و ئیسرائیل تووشی نیگەرانی بوون، ئەوان ئاشتییان لە ئێراق بەدڵ نەبوو، چونکە دەبووە هۆی بەهێزبوونی بەغدا و نەمانی کارتی فشار بە دەست ئێرانەوە، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ گۆڕینی سیاسەتی شا، هەروەها نیگەرانی ئیسرائیلی لێكەوتەوە. لە سەروبەندی ڕێککەوتننامەی ئەلجەزایر كە لە ٦ی ئازاری ١٩٧٥، لە نێوان محەممەد ڕەزا شا و سەدام حسێن بە نێوەندگیریی جەزائیر ڕێککەوتننامەی ئەلجەزایریان واژۆ کرد، كە کۆتایی ئەم هاوپەیمانییە بۆ کورد تراژیدی بوو، بە پێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ئێران دەستبەرداری پشتیوانی کورد بوو لە بەرامبەر ئەوەی ئێراق دەستبەرداری نیوەی ڕووباری “شەتولعەرەب” ببێت بۆ ئێران، لێکەوتەکانی ئەم ڕێككەوتننامەیە ئەوە بوو سنوورەکان بە ڕووی شۆڕشگێڕاندا داخران، هاوکارییەکان بڕان، و شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ بوو، دەیان هەزار پێشمەرگە و هاووڵاتی ئاوارەی ئێران بوون.
ئەم ڕووداوە سەلماندی کە پشتیوانیی دەرەکی تەنها لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە کاتییەکانە و هیچ بەڵێنێکی ئەخلاقیی لەپشت نییە، پەیوەندیی ئێران و ئیسرائیل و کاریگەریی لەسەر دۆزی کورد، وانەیەکی مێژوویی گرنگە بۆ ئێستا و داهاتووی سیاسەتی کوردی، لەوانە، کورد فێر بوو کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا “دۆستی هەمیشەیی نییە، بەڵکو بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە”، هەروەها، ئەزموونی ١٩٧٥ دەریخست کە پشت بەستنی تەواوەتی بە هێزی دەرەکی، دەکرێت لە هەر ساتێکدا ببێتە هۆی کارەسات، کاتێک بەرژەوەندیی زلهێزەکان دەگۆڕێت. سەرەڕای نسکۆکە، شۆڕشی کورد لەو ماوەیەدا ئەزموونی جەنگی و ڕێکخستنی سەربازیی باشی پەیدا کرد کە دواتر لە شۆڕشی نوێدا سوودی لێ وەرگیرا، دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، سروشتی پەیوەندییەکان گۆڕانی بەسەردا هات و هاوکێشەکان شێوازێکی دیکەیان وەرگرت، بەڵام وانەکانی ئەو قۆناغە وەک بەشێکی گرنگ لە مێژووی سیاسیی ناوچەکە و کوردستان دەمێننەوە.
کۆتایی
پرسی کورد لە چوارچێوەی پەیوەندییە ناوچەییەکاندا، بەتایبەتی پەیوەندیی ئێران و ئیسرائیل، نموونەیەکی ڕوونە لەوەی چۆن کێشەی نەتەوەیی دەتوانرێت ببێتە بەشێک لە یاریی سیاسی و ستراتیژیی هێزە گەورەکان.