دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای باران ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد

هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکان ڕایدەگەیەنێت، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارینی دوایی لەسەر بەنداوەکان بە تەواوی دەرکەوتووە و ڕێژەی ئاو زیادی کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە دوایین شەپۆلی باران و لافاو لە هەرێمی کوردستان، داهاتی ئاو لە سەرچاوەکانەوە زیادی کردووە و ئاستی کۆگاکردن لە بەنداوەکان بەرز بووەتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لە هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان، زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاو کۆگاکراوە.

بەپێی ئامارەکان، ئاستی ئاو لە بەنداوەکان بەم شێوەیە زیادی کردووە:

• بەنداوی دووکان: ٨٥ سانتیمەتر
• بەنداوی گۆمەسپان: ٦٠ سانتیمەتر
• بەنداوی دەربەندیخان: ٥٠ سانتیمەتر
• بەنداوی دهۆک: ١٦ سانتیمەتر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکان وتی: "بەنداوە بچووکەکان لە سنووری گەرمیان، سلێمانی، هەولێر و دهۆک، کە توانییان بە سەلامەتی شەپۆلی لافاوەکە تێپەڕێنن، زۆربەیان پڕ بوون یان ئاستی ئاویان بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە."

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: "کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ڕۆژانی داهاتووشدا لەسەر زیادبوونی ئاوی بەنداوە گەورەکان بەردەوام دەبێت، بەوەش هەرێمی کوردستان بە کەشێکی تەڕەوە پێ دەنێتە ساڵی نوێ."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP