هەرێم نیوز
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، بڕیار بوو ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی سەردانی دیمەشق بکات، بەڵام بەهۆکارێکی تەکنیکی سەردانەکە دواخراوە.
هەسەدە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕیار بوو ئەمڕۆ 29ـی مانگ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ شاندی دانوستانکاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەردانی دیمەشق بکەن، بەڵام بە هۆکاری تەکنیکی سەردانەکە دواخراوە. دواتر وادەیەکی نوێ دیاری دەکرێت، کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەری ڕێکبکەون.
لە ڕاگەیێنراوەکەی هەسەدە ئاماژە بەوە دراوە، دواخستنی سەردانەکە پەیوەندی بە ڕێکخستنی لۆجستی و تەکنیکییەکان هەیە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕەوتی پەیوەندییەکان یان ئامانجەکانی گفتوگۆکان ڕووینەداوە.
دواخستنی ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، دانوستانەکان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی دیمەشق بەردەوامن. ئەم دانوستانانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 بەڕێوەدەچن، ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەوە واژۆ کراوە.
ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، وەک: ئاگربەست لە سەرتاسەری سووریا، تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها داننان بە مافی پێکهاتەی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی وڵاتەکە.
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک بووەتەوە، هەردوولا یەکتری بە خاو کارکردن لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
لەم دواییانەدا حکوومەتی دیمەشق بۆ یەکەمجار پێشنیازێکی نووسراوی پێشکەش بە هەسەدە کردووە، پێشنیازەکە باس لە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازیدا دەکات. چاوەڕوان دەکرا لەم سەردانەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیازە و وردەکارییەکانی تری ڕێککەوتنەکە بکرێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەو وادەیەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاری کرابوو.