من تاقەتی حیزبایەتیم هەر نییە؛ پارتیش نیم، هەروەک یەکێتی و حیزبەکانی دیکەش هەر-نیم، حیزبایەتی خستنە پێش کوردبوون و دامەزراوەکانەوە کۆمەڵگەی ئێمەی شەکەت کردوە. دەتوانم بڵێم نەوەتو نۆ لەسەتی ئەوانەی ئەم نووسینە دەخوێننەوە لە من سوودمەندترن لەو ئەزموونە کوردییە. بە هەرحاڵ با بچمە سەر "ئەسڵی مەقسەد":
ڕێز-نە-گرتن و پشتگوێخستنی سونبول و هێما مێژووییەکانی گەلی کورد نیشانەیەکی زەقی بێئاگاییە لە مێژوو، تێ نەگەیشتنە لەژیان، پێچەوانەی دابونەریت و ئاکارەکانی کوردەوارییە. مێژووی ڕەنجەوەریی و بەرخودانی کورد لە سەدەی بیستەم و پێشووتریشدا ئەگەر خوالێخۆشبوو "مەلامستەفای بارزان" و باوک و براکانی لێ دەربکەی شتێکی وات بۆ نامێنێتەوە.
ئایا چ کەناڵێکی کوردیی ئەو جورئەتەی هەیە لە بەغدا سوکایەتی بە سونبول یان باوکی یەکێک لە سەرکردە سیاسییەکان بکات، لەکاتی نیشاندانی وێنەی کۆبونەوەی سەدرییەکاندا وێنەی باوکی موقتەدا سەدر بشارێتەوە؟ وێنەی شەهیدی میحراب باوکی سەید عەممار پشتگوێ بخات و بیسڕێتەوە!؟ کاتێک مێژووی سەدەی بیستەم دەخوێنیتەوە "مەلا مستەفا" سەرکردەو کاراکتەرێکی ئاسایی نەبوە؛ لە باشورەوە چوە بۆ ڕۆژهەڵات بۆ یارمەتیدانی کۆمارەکەی قازی و بەرپرسی هێژی پێشمەرگە بوە، دواتر ئاوارە بوە. وەک لە کتێبەکانیان بەجیا دەیڤید ماکداوڵ، کریس کۆچێرا، گوینتەر دێشنەر بەژمارەی جیاواز دەڵێن ( ٥٠٧ یان ٦٠١) یەک کەسی لەگەڵ بوەو لە ١٩٤٧ دا بە پێ لە "ئاوی ئاراس" پەڕیونەتەوەو گەیشتوون بە سۆڤییەت. چواردە ساڵ چەرمەسەریی و ئاوارەیی و دوورە دەستی دەبێت لە "سۆڤییەت"ی وەک شەختە بەستوودا چۆن بوبێت!؟
من پێشنیار دەکەم، یەکێک لەکەناڵە کوردییەکان بچن لە "سێرگی لاڤرۆڤ" بپرسن، ئەو لەو ساڵانەی ڕابردوو زۆر ڕاستی گەورەو ئەرشیفی نەبەردی و خۆ-ڕاگریی مەلا مستەفای باسکردوە، کە ئێستاش لە لای ڕووسەکان ماوە.
کاتێک کە شۆڕش/ کودەتای ١٤ ی تەمموز ی ١٩٥٨ لە عێراق ڕوودەدات و سیستەمی پاشایەتی دەبێت بە کۆماریی (ئەگەرچی تا ئێستاش هەیکەلی ئیداری و سیاسیی وەک سەردەمی پاشایەتی ماوەتەوە- بگرە پێشووتر باشتر بو)، هۆمەر شێخ مووس لە کتێبەکەی "پشکۆیەک لە خۆڵەمێش" دا، لەبارەی چۆنیەتی گەڕانەوەی بارزانی باوک لە سۆڤییەتەوە بۆ عێراق، دەنووسێت پێش ئەوەی جەنابی مەلا مستەفای بارزانی بگەڕێتەوە بۆ عێراق سەردانی قاهیرەی کرد، لەوێ من یاوەری بووم، "جەمال عەبدولناسر" پێشوازیی لێکردو، پێی وت (انني مسرور جدا للقاء هذا البعبع كما تخوف بنا كل مرة نوري سعيد)- (من دڵخۆشم بە بینینی ڕۆح لەبەرێک کە هەموو جارێک لە عێراقەوە نوری سەعید ئێمەی پێ دەترساند). نوری سەعید پاشا لەماوەی (٢٨) ساڵ دا ( ١٤ )چواردە جار لە عێراقدا بوەتە سەرۆکوەزیران، کەچی لە "مەلا مستەفا" ترساوەو، ئوممەی عەرەبیشی لەو ترسە ئاگادارکردۆتەوە!
بەهەرحاڵ نموونەی زۆر دیارترو کاریگەرتر هەیە، لە ئازاری ١٩٧٠ مەلامستەفای بارزان و شۆڕشەکەی بوو، سەدام حوسەینی ناچارکرد بێتە قوتابخانەکەی ناوپردان، بێتە هەر جێگایەک و بەدەستی خۆی پێشەکییەک و ٢٢ بڕگە لە ڕێککەوتنێکدا بنووسێتەوەو مافی ئۆتۆنۆمی بداتە کوردستان، دواتر کە سەدام درۆی کرد، نسکۆ و گەلەکۆمەکی ١٩٧٥ ی بەدوادا هات، عێراق خاک و ستراتیژیترین ڕێرەوی ئاویی خۆی بەخشییە "شای ئێران" تا شۆڕشی کورد خامۆش بکات، دواتر سەدام لەو ڕێککەوتنەش لەگەڵ ئێرانی کرد، پەشیمانبۆیەوە، ئنجا ئەوەش بوە هۆی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق. دواتر سەدام لەو جەنگەدا لووتی شکا، بۆ داپۆشینی ئەوە ملی نا بە "کوەیت"ەوەو داگیری کرد، بەرئەنجامی ئەوە جەنگی کەنداوی دوەم هات، بەرئەنجامی هەموو ئەوانەش درووستبوونی ئەم "هەرێمی کوردستان" ە بو؛ کە ئێستا هەموو لایەنەکان وەک پێویست قەدری نازانن!
باوکم لەبارەی باپیرمەوە دەگێڕێتەوە، کە یەکێک لە هەرە کوردە- بەعسییە- ناودارەکانی ئەوکاتە هاتوەتە دیوەخان، کردونی بە تکاکار لای شۆڕش کە لە دوزەوە تا نیزیکی سلێمانی ڕادەستی کوردو پێشمەرگە دەکات، بەو مەرجەی "مەلا مستەفا" لێی خۆش بێت، دواتر "مەلا مستەفا" بە کورت وتویەتی؛ خیانەت لێخۆشبوونی نییە. قسەی گرینگ لەبارەی "سیاسەت و کاریزما" وە ئەوەیە: تۆ خۆت- بە ئارەزووی خۆت ئەوت بوێ، نەک بە زۆر حیزبێک یان سەرکردەیەک وابکات دەبێت ئەو خەڵکە ئەویان بوێ"، خەڵکی کوردستان هەر بەشێوەیەکی سرووشتی و ڕۆحی خۆیان مەلا مستەفایان وەک ڕابەرێک ویستوە. من خۆم ڕێز و خۆشەویستیی خۆ-کردم بۆ ئەو جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانیە نەبێت سەت دەزگای ئەمنی و پۆلیسی و میدیایی ناتوانێت ئەو ڕێزە لە ناخمدا درووست بکات، یان بیسڕێتەوە.
دەتوانم، ناوی زیاد لە (٥٠) رۆژنامەو لێکۆڵەری بیانی و ڕۆژنامەوان و مێژوونووسی دیاری جیهانی ئەو سەردەمە بهێنم کە لەسەر مەلا مستەفا بارزانیان نووسیوەو پێی سەرسامن؛ کاکیشم تازە کەناڵی کوردیی داناوە و، هاتوە وێنەی "مەلا مستەفا" جارێک تەڵخ دەکات و، جارێک دەیشارێتەوە!؟ ساڵی (١٩٥٩) لە کەرکوک و بەغدا وێنەی زەعیم و مەلا مستەفای بارزان بەیەکەوە بەرز دەکرانەوە، حکومەتی بەغدا "قەسری سەباح" و مانگانە نیزیکەی (٧٠٠ دیناری ئەوکاتە) ی دانابوو بۆ مەلا مستەفا، لە دەستوری کاتی حکومەتەکەی قاسم دا دیاریکرا کە " کوردو عەرەب هاوبەشن لەسەر ئەم خاکە"، ئنجاش مەلا مستەفا بەوانە ڕازی نەبوو، درێژترین شۆڕشی لە مێژووی کورددا هەڵگیرساند..
بۆیە، هەرچییەکن! دەتوانن ڕەخنە بگرن، فشاری مەدەنی بکەن، پرۆژەو لێکۆڵینەوەی زانستی پێشکەش بکەن، کاری پیشەیی خۆتان بکەن، تەنانەت بابەتییانە چەوتییەکانی مێژوو ڕاست بکەنەوە. بە پێچەوانەوە نابێت..نا.. دە-با کەناڵێکی کوردیی لە تورکیا نووسینگەی هەبێ و وێنەی "ئەتاتۆرک" تەڵخ بکات لە ڕاپۆرتەکانیدا!؟ دە-با نووسینگەی بەغدای هەر کەناڵێک بچێت وێنەی "سیستانی" تەڵخ بکات!؟ ئەگەر ئیشی پیشەیی دەکەی، دەبێت بەدواداچوون بکەیت و بپرسیت: هەڵواسینی وێنەی جەنابی مەلا مستەفا لە دامەزراوەکاندا چ مانایەکی یاسایی و نەتەوەیی هەیە، نەک بچیت تەڵخی بکەیت و بیشاریتەوە. ئیتر زۆرمان بینی لەژێر ناوی میدیای ئەهلی و چی و چییەوە هاتن و، دواتر بوون بە زمانحاڵی حیزب!
ئەوجا، ئەم هەموو بەندو باوە هەر بۆ میدیاکاران و نەوەی نوێ و خەڵکانی تازە-پیاکەوتوو نییە، بەڵکو لە پێش دا بۆ "پارتی" و هەندێک لەوانەیە کە خۆیان لێ بوە بە پارتی و پارتیش نین و کادرەکانی پارتیش بەدەستیانەوە ڕەزالەتیانە، دەبێت ئاگایان لێ بێت پاراستن و هەبوونی پاشخانی مێژوو گاڵتە نییە. چاکیشە..دەمێکە لە دەرفەتێک دەگەڕێم قسەیەک بکەم، کاتیەتی: وەک دەزانن مام هەژاری موکریانی لە هەرە موریدو نیزیک و ئازیزەکانی مەرحوم جەنابی مەلا مستەفا بوە، لە "چێشتی مجێور" دا و لەباسی هۆکارەکانی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول دا زۆر لەسەر هۆکارە ناوچەیی و جیهانییەکانی نسکۆکە دەدوێ و، پاشان هۆکارێکی دیکەش دەستنیشان دەکات، دەڵێ: ئەوە هیچ جەماعەتی مامۆستایانی شۆڕش (دیارە مام هەژار وەک تەنزێک پێیان دەڵێ مامۆستایان) درزیان خستە شۆڕشەوەو، کاریگەریی خراپی هەبوو، بەڵام لەو دواییەدا بەعزێک لە بەرپرسەکان خەریکی فەرهوودیی بوون، خەریک بوو، لەو دواییانە جەنابی مەلا مستەفا سەیتەرەی نە دەکرد بە سەریاندا، بۆیە لەوەش بێتاقەت بو-بو...نەیدەویست ناوبانگی شۆڕش پیس ببێت".
ئەوجا داوای سەرەکی بۆ هەموان ئەوەیە؛ کتێب بخوێننەوە کتێب، مێژوو باش بزانن، تەماشای سیاسەت و دونیا لە فەیسبوک و شاشەکانەوە ناکرێت. ئێوەش پارتییەکانی ئەم چەرخە؛ لەسەرتانە ڕێزی پاشخانی گەورە جەنابی مەرحوم مەلامستەفاو ئەو سەرۆک بارزانییە بگرن و، ماندووی نەکەن، تکایە.
با کۆتاییەکەشی ئەمە بێت: دەزانم، هەندێک ئێستا دەڵێن ئەی بۆ باسی لایەنە نەرێنییەکانی شۆڕش یان مەلامستەفا ناکەیت: ئەوە شۆڕشێک بوە ١٤ ساڵ لەگەڵ ستەمکارترینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کانی عاشقان نییە گووڵ و نێزگز و شەپە-شەپی ئاو بێت، شەقامەکان گووڵ ڕێژ نەبوون بەلکو بە دڕک و داڵ تەنراون.. بێگومان ڕەنگە خەڵک بە ناهەق کوژرابێت [واریدە ڕووبدات].. سەیری بکە: جەماعەتی جیابوەوە لە شۆڕش (مامۆستایان) لە حەفتاکان بێ ئەوەی کەسیان "چین" یان بینی بێت؛ بەبێ زانیاریی تەواو بو-بوون بە موردیدو شوێنکەوتەی "ماوتیستۆنگ"- بێئەوەی "چین" لەو دوورەوە هەربزانێت کوردستان لە کوێیە و خەباتەکەی بۆچی یە! تەنانەت وەک مامۆستا جەعفەر لە کتێبی (بە خەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ) دەڵێ؛" کاتێک لەو شاخە هەواڵی سەرۆک ماو گەیشت، کاک فەرید ئەسەسەرد و کاک حامی لە پاڵ بنجە دارێکدا دەستیان کرد بە باوکە ڕۆ کردن.. برا ڕۆ- باوکە ڕۆ سەرۆک ماو مان ڕۆ..." دەڵێ " عەلی شامار لە خانەقین لەسەر عارەبانەیەک تەماتەی دەفرۆشت، هەندێک نامیلکەی چەپ و ماویزمی خستبوە ژێر عارەبانەکەوە، هەرکەسێک دوو کیلۆ تەماتەی کڕیبا، لەگەڵیدا نامیلکەیەکی سەرۆ ک ماو ی بۆ دەخستە ناو عەلاگەکەوە!" ئنجا مامۆستایان لەمدواییە بۆیان دەرکەوت کە ئەو "سەرۆک ماو"ە دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژ بوەو نیزیکەی (١٢) ملیۆن کەسی کووشتوە! بۆیان دەرکەوت..ئەهوو،، دواکەوتنی سەرۆک ماو لەبنچینەدا دژە بە ماناکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی نیشتیمانیی. بەسە ئیتر، با زیاتر نەیەژم.