دواین هەواڵ

کاتژمێر سفری جەنگ

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

6 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتژمێر سفر ئەو کۆدەیە کە چەند لایەنێک لەسەری ڕێک دەکەون بۆ جووڵەکردن. بەپێی ئەو فشارەشی کە لەسەر ئیدارەی ئەمریکایە بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ، دوور نییە کاتژمێری سفری کۆتایی جەنگەکە بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە ڕژێمی ئێران ئەنجام بدرێت لەسەر زەوی؛ ئەمەش تێچووی زیانە ئابووری و دیپلۆماسییەکانیش کەمتر دەکاتەوە.

لە ئێستادا تاوتوێی دابەزینی زەمینی بۆ ناو ئێران دەکرێت، بەڵام کام بەشی ئێران؟ دیار نییە. فراوانیی پانتاییی ئێران وای کردووە هەڵبژاردنی شوێنێک قورس بێت، بەڵام تەنانەت تارانی پایتەختیش بە دوور نابینرێت. هەموو ئەو شوێنانەشی ئاماژەیان پێ دەکرێت و لە زاری میدیاییی ئەمریکی و بەرپرسانی ئەمریکاوە باس دەکرێن، بەشێکە لە جەنگی میدیایی، دەروونی و چەواشەکردنی لایەنی بەرامبەر؛ کەس نازانێت ئەمریکا لە کوێ دادەبەزێت.

بێگومان واشنتن سەربازی خۆی ناخاتە ناو قومارێکی دۆڕاو و هەر جووڵەیەکی زەمینی کە گرەنتیی 100 لەسەدی سەرکەوتن و کەمترین قوربانیی بۆ نەکرابێت، ئەنجام نادرێت. بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە کە واشنتن نایەوێت هیچ قوربانییەکی گیانی بدات؛ نەخێر، لە چەندین جەنگدا سەربازانی ئەمریکی بوونەتە قوربانی و ئەمەش پلانی جەنگی پەک نەخستووە.

بۆچی دەبێت کاتژمێری سفر دیاری بکرێت؟ کاتژمێری سفر پێویستە، چونکە تا جەنگ درێژە بکێشێت زیانەکان زیاتر دەبن؛ چ لە ڕووی ئابووریی جیهانی و چ لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە لەسەر ئیدارەی ئەمریکا زۆرتر دەکەوێت.

دۆستەکانی ئەمریکاش، بەتایبەت وڵاتانی کەنداو، بەرگەی درێژەدان بە جەنگ ناگرن و ئارامییان لێ بڕاوە و ڕۆژانە لە زیان دان. ئێرانیش تەواو لاواز بووە، بەڵام لاوازییەکەی دیار نییە و شاراوەیە؛ هێشتاش سەرزەوی بەدەستەوەیە و مووشەک ئاراستە دەکات. بۆیە ئەمریکا بەدوای کاتژمێری سفری لێدانی یەکلاکەرەوەدایە لەسەر زەویی ئێران، بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان و کۆتاییهاتنی جەنگ بە سەرکەوتن. بۆ ئەمەش ئیسرائیل بە زیادکردنی ژمارەی بۆردومانەکانی، بەتایبەت لە تاران، زەمینەسازی بۆ ئەو وادەیە دەکات.

لە ئێستادا ئێران وەک ئەوەی هەستی بە نزیکبوونەوەی ئەو وادەیە کردبێت، حوسییەکانی هێناوەتە سەر هێڵ؛ هەرچەندە حوسییەکان مەرج نییە تا کۆتایی لەگەڵ ئێران بن و بڕێک تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، بینیشمان لە درێژەی ئەم جەنگەدا ڕۆڵیان زۆر لاواز بوو. کاتژمێری سفری ئەم جەنگە کە مەبەست لێی کاتژمێری سفری یەکلاکردنەوەیە، دەکرێت زۆر تراژیدی بێت و لە چەند لایەنێک زیاتر تێیدا بەشدار بن.

تێیدا باشووری عێراقیش یەکلا دەبێتەوە، چ بە ڕێککەوتن بێت یان بە جەنگ؛ بێگومان سوننەکانیش لە سووریاوە کە ئێستا هاوپەیمانی تەواوەتیی ئەمریکان، ڕۆڵی خۆیان دەبینن. لە ئاسمانەوە ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەت ئیسرائیل، هەرچی ئامانجێک هەبوو لە ئێراندا لێیان دا؛ ئێستا ئیتر دەبێت بچنە سەر زەوی بۆ کۆکردنەوەی دەستکەوت، تا ئەوە نەکەن پۆینتی کۆتایی ئەم جەنگە دانانرێت.

دابەزینی زەمینیی ئەمریکا لە ئێران ئەستەم نییە کاتێک سیناریۆی ڤەنزوێلا لەبەرچاو دەگرین؛ کەس ئەم سیناریۆیەی بۆ "مادورۆ" لە پێشچاو نەگرتبوو جگە لە دۆناڵد ترەمپ، بەڵام ئەمریکییەکان ئەنجامیان دا؛ دەستبردن بۆ دڵی دوژمن و لەکارخستنی هەموو پەل و پۆکانی. ئەم سیناریۆیە بێگومان کاردانەوە دروست دەکات، بەڵام ئەوەندەش ئەستەم نییە بۆ ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان کە هەر لە سەرەتاوە ئاسمانی جەنگیان کۆنترۆڵ کردووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین ئۆتۆمبێلی گرووپەکانی حەشدمان بینی لە باشووری عێراقەوە بۆ ناو ئێران دەچوون؛ هەروەها بۆ یەکەم جار حوسییەکان کەوتوونەتە هەڕەشەکردن. هەروەها ئێران دەڵێت یەک ملیۆن سەرباز ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی زەمینی؛ ئەمانە ئاماژەی ئەوەن ئێرانییەکانیش تێگەیشتوون ئاکشنە هۆلیوودییەکان لە ناو خاکی ئێراندا کاتی هاتووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP