بە گشتی داواکانی ئێران دەتوانرێت لە دوو داوای گشتیدا کۆبکرێتەوە، ئەویش ئاسایش و دارایی. ئێران دەیەوێت جارێکی تر هێرش نەکرێتە سەری، هەروەها کار ئاسانی بۆ بکرێت هەتا داهاتی دەست بکەوێت، ئەمەش خۆی لە هەڵگرتنی ئابلۆقەکاندا دەبینێت.
داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، داوایەکی ڕوکەشە چونکە ئەو هێزانەی بۆ شەڕەکە هاتوون، گەر شەڕ بوەستێت خۆیان دەکشێنەوە. داواکاری گۆڕینی تەنگەی هورمز لە تەنگەبەرێکی نێودەوڵەتییەوە بۆ تەنگەبەرێکی دەوڵەتی، بە ئاسانی بۆ ئێران نابێت. یەکەم، ئێران بنەمای یاسایی نیە. دووەم، دەبێت وڵاتی عومان بەم داوایە ڕازی بێت، کە ئەستەمە. سێیەم، داواکەی ئێران گۆڕانکاری بە سەردا هاتوە، ئێستا بۆ رەواییدانی دەیبەستێتەوە بە قەرەبوەوە، ئەمەش مانای وەهایە کاتییە. بەڵام سەرباری ئەمە سەختە.
ئەم ناوبڕە دەکرێت چەند ئامانجێکی هەبێت:
یەکەم، وەک بەشێک لە ئیدارەدانی جەنگەکە، لەم ڕوەوە دەرفەت دەدات بە لایەنەکانی شەڕ هەتا پشویەک و پێداچونەوە و هەڵسەنگاند بکەن بە پلانەکانیان و هەنگاوی داهاتویان دیاری بکەن. هەروەها ئێرانییەکان ڕوبەڕو ببینن.
دووەم، پێدانی دەرفەتێک بە بازاڕ و بۆ دەستگەیشتنی زۆر وڵات بە وزە، هەروەها هەرزانبونی وزە.
سێیەم، لە روی ئیدارەدانی کێڵگەکانی نەوت و غازەوە زۆر گرنگە، هەندێک کێڵگە هەیە گەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەرهەمهێنان تیایدا بوەستێ ئەوا هەستانەوەی ئەگەر پەکی نەکەوێت ماوەی زۆر زیاتری دەوێت.
چوارهەم، لە ڕوی ئاسایشی خۆراکەوە بۆ دونیا گرنگە
پێنجەم، بۆ ترەمپ پشویەکە کاتێک لە ناوەوە فشار لەسەری زۆر زیاتر دەبوو، بە تایبەتی بە ناو هەوادارانی خۆیدا
ئەمریکا لەم شەڕەدا لە روی پاڵپشتی و چیرۆکەوە هەر لە سەرەتاوە لاوازبوو. ئەمە دەرئەنجامی دونیابینی ئەم ئیدارەیەیە، کە بروای وەهایە ئەمریکا بەهێزە چونکە بەهێزە، ئیتر پێویست بە هیچ شتێکی تر ناکات. لە هەمانکاتدا بروانەبوون بە هاوپەیمانی و دروستکردنی هێزی نێودەوڵەتی. جگە لە ئیسرائیل. پەیوەندی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاستێک نزیکە بۆ یەکەمجار ئیسرائیل لە سینتۆکم نوێنەری هەیە.
بۆ ئێران خۆ گیڤکردنەوە گرنگە چونکە ئێران زۆر زیاتر لە نەیاری دەرەکی، لە خەڵکەکەی دەترسێت. بۆیە پەیمانی سەرەکی ئەوەیە کە من ماوم و دونیا بە سەنگەوە مامەڵەم لە گەڵدا دەکات سەرباری هەموو لاوازییەکان. لە هەمانکاتدا زۆر سەختە جگە لە ئاگربەستێک هیچی تر بێت. ئەوەی کە ئێرانییەکان نایەنەوێت.