سەرەتا گرنگە ئاماژە بەوە بدرێت کە لە دەستوری عێراقیدا باسی خزمەتی سەربازی زۆرە ملی نەکراوە، بەڵکو باسی خزمەتی ئاڵا کراوە، وە لە ساڵی (٢٠٢١)ەوە ڕەشنووسی یاسای خزمەتی ئاڵا لە پەرلەماندایە، نە یاساکە دەردەچێت نە هەڵدەوەشێتەوە، لە نێوان ناکۆکی سیاسی و لێکدانەوە و شیکردنەوە جیاوازەکاندا گیری خواردوە.
لە کاتێکدا لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان مشتومڕ لەسەر ئایندەی یاساکە دەکەن. پرسیارێکی گەورە دێتە ئاراوە: ئایا ئەم یاسایە لە هەرێمی کوردستان کاریپێدەکرێت؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵی بێت، ئایا دەگونجێت لەگەڵ دۆخی تایبەتی هەرێم؟
سەبارەت بە وەڵامی ئەم پرسیارە، لە ڕەشنوسی یاساکەدا هاتووە: خزمەتی سەربازی ناچاری بۆ هەر پیاوێکی عێراقیە کە تەمەنی لە خوار 45 ساڵەوەیە، وە ماوەی دیاریکراو بەپێی ئاستی خوێندن دەگۆڕێت بەم شێوەیەی خوارەوە:
ـ (١٨ مانگ) بۆ ئەو کەسانەی کە نەچونەتە خوێندنگە یان خوێندنیان تەواو نەکردوە.
-(١٢ مانگ) بۆ دەرچوانی ئامادەیی کە درێژەیان بە خوێندن نەداوە.
-(٩ مانگ) بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
-(٦ مانگ) بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر.
-(٣ مانگ) بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا.
هەروەها ڕێگە دراوە بە لێخۆشبون لە خزمەتی سەربازی لە حاڵەتە مرۆییە تایبەتەکاندا، وەک: تاکە کوڕ لەناوخێزانێکدا، توشبون بە نەخۆشیەکی درێژخایەن، یان تاکە دابینکەری خێزانەکەی.
ــــــــــــــــــــــــــــ
بەو پێیەی هەرێمی کوردستان کەیسێکی تایبەتە، لێرەوە کێشە ڕاستەقینە سەرهەڵدەدات.
بەوپێیەی هەرێمی کوردستان پارێزگایەکی ئاسایی نیە لەناو عیراق، بەڵکو قەوارەیەکی دەستوریە کە پەرلەمان و حکومەت و هێزی چەکداری تایبەت بە خۆی هەیە هێزی پێشمەرگەیە، کە بە خودی دەستوری عێراق دانراوە بەم قەوارەیە لە مادەی ١٢١.
لە ڕاستیدا ئەم واقیعە پرسیارگەلێک دەوروژێنێت، کە ڕەشنووسی یاساکە بەهیچ شێوەیەک باسی ناکات:
یەکەم: ئایا گەنجێکی کورد کە دوو ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی هەبێت، ئەم خزمەتەی بۆ هەژمار دەکرێت بۆ خزمەتە سەربازیەکەی؟
دووەم: کێ دەسەڵاتی وەرگرتنی گەنجانی هەرێمی هەیە بۆ خزمەتی سەربازی، بەغدا یان هەولێر؟
ئەم بێدەنگیە یاسایە بە تەنیا بەسە بۆ ئیفلیجکردنی یاساکە پێش ئەوەی تەنانەت جێبەجێ بکرێت.
دەستوور شتێکی گرنگ دەڵێت... بەڵام کەس گوێی لێناگرێت.
مادەی ٩ی دەستوری عێراق چەند بڕگەیەکی یەک لە دوای یەک لەخۆدەگرێت: یەکەمیان پێکهێنانی میلیشیای سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان قەدەغە دەکات، لەکۆتا برگەشدا باس لە ڕێکخستنی خزمەتی ئاڵا دەکات بە یاسا.
واتە دەستوور بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دیاری دەکات کە چارەسەرکردنی پرسی کۆنترۆڵی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ جێبەجێکردنی وەرگرتنی سەربازی.
بەڵام واقیع چیرۆکێکی تەواو جیاواز دەخاتە پێش چاو، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە گروپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەزگای فەرمی دەوڵەت بەردەوامن لە چالاکیەکانیان، وە پەرلەمان دەیەویت یاساکە دەربکات کەچی جارێ کێشەی گروپە چەکدارەکان چارەسەر نەکراوە.
√ کرێی لێخۆشبوون... کەلێنێکی کۆمەڵایەتی بەرچاوە لە رەشنوسی یاساکەدا.
یەکێک لە بڕگە مشتومڕاویەکانی یاساکە ئەوەیە کە ڕێگە دەدات لەبری ئەوەی خزمەتی ڕاستەقینە ئەنجام بدرێت، برە پارەیەک بدرێت.
بە واتایەکی سادەتر ئەوانەی پارەیان هەیە بەخشراون لەم بابەتە.
ئەم رێپیدانی لێخوشبونە بەرامبەر پارە ئەرکی نەتەوەیی دەگۆڕێت بۆ ئیمتیازێکی چینایەتی و هەستکردن بە نادادپەروەری لە ناو هەژارترین و لاوازترین چینەکانی کۆمەڵگادا .
لەکۆتایدا دەپرسین، ئایا یاساکە کاریگەرە؟
وەڵامی ڕاستگۆیانە هەم بەڵێ و هەم نەخێرە لە هەمان کاتدا.
بەڵێ، چونکە هەبوونی یاسایەک کە خزمەتی سەربازی ڕێکبخات، پێویستیەکی دەستوریە و ناتوانرێت بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.
لە ماوەیەکی درێژخایەندا ڕەنگە هەندێک هاوسەنگی بۆ پێکهاتەی هێزە چەکدارەکان بگەڕێنێتەوە.
نەخێر، چونکە لە ژینگەیەکدا کە چەک لەدەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بەربڵاو بێت و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمدا بونی نەبیت و لێخۆشبونی دارای ڕێگە بەخۆدزینەوە لە یاساکە بدات، وادەکات کە یاساکە لە باشترین حاڵەتدا سوپایەکی هەژار و بێدەسەڵات بەرهەم بهێنیت، نەک سوپایەکی ڕاستەقینەی نیشتمانی .
ــــــــــــــــــــــ
چی پێویستە بگۆڕدرێت بۆئەوەی یاساکە ئامانجی خۆی بپێکێت؟
یەکەم: دانوستانی جدی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی فۆرمولەیەکی ڕێکەوتنی هەردوولا کە پەیوەندی نێوان خزمەتی پێشمەرگە و خزمەتی ئیجباری فیدراڵی چارەسەر بکات، بەپێچەوانەوە یاساکە لە هەرێمدا بێکاریگەر دەمێنێتەوە.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبونی دارایی یان سنوردارکردنی بە کۆت وبەندی توند، چونکە دادپەروەری لە دابەشکردنی بارگرانیە نیشتمانیەکان پێش ئەوەی فەرمانێکی یاسایی بێت، پێویستیەکی ئەخلاقیە.
سێیەم: بەستنەوەی جێبەجێکردنی یاساکە بە پلان و خشتەی کاتی ڕون بۆ تێکەڵکردنی هێزە چەکدارەکانی کە لە دەرەوەی دەوڵەتدان لەناو چوارچێوەی فەرمی دەوڵەتدا.