زارا سوڵتانی ،بەڕەگەز پاکستانییە ، پەرلەمانتاری خولی ئێستای پەرلەمانی بەڕیتانیایە، ئەمڕۆ لەبەردەم سەرۆکی پەرلەمان و میدیاکانی دونیادا، سوکایەتییەکی قێزەونی بەسەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کرد، کۆمەڵێک دەستەواژەو جنێوی ئاست نزمی بەکارهێنا ، دواتر لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانەوە ، سزادراو کرایە دەرەوە!!
زارا و خانەوادەکەی ، چەند ساڵێک لەوەوپێش ،لەتاو زوڵم و ستەمی وڵاتەکەیان ڕوویان لە بەڕیتانیا کرد ، بۆ ئەو مەبەستە سنوری چەندین وڵاتیان بڕی، گوێیان بەترس و لەرزی سنورەکان نەدا ، بە دوای کەرامەت و ئازادیدا دەگەڕان ، لە زێدی خۆیان هەڵات و لە بەریتانیا دۆزیانەوە: لەوێ ژینگەی قسەکردن بەبێ ترس ، ماف و کەرامەت و مافی ئازادی ڕادەربڕینیان بۆ فەراهەم کرا، جێگاو شوێنی شیاوی نیشتەجێبوونیان بۆ تەرخان کرا ، دوای چەند ساڵێک زارا بوو بە بەشێک لە دەزگایەکی یاسادانان، کە نوێنەرایەتی بەرزترین ئاستەکانی لێپرسینەوەی سیاسی دەکات لە وڵاتدا ، پەرلەمان!!
کێشە لەوەدا نییە کە ( زارا سوڵتانە) لە پاکستانەوە چۆتە بەریتانیا لەوێ بوو بە ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتە؛ ئەوە چیرۆکێکە ڕۆژانە لە کۆمەڵگا کراوەکاندا دووبارە دەبێتەوە. کێشەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ، لەژێر قوبەی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا ، سوکایەتی بەسەرەکوەزیرانی ئەو وڵاتە بکەیت و جنێوی بازاڕی پێبدەیت، کێشەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە ئەم کەسە بە هەڵە لە مانای ئازادی تێبگات، لە مافی ڕەخنەگرتنەوە ییگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ قسەی ناشرین و ڕستەی نابەجێ!!
لە سیستەمی دیموکراسیدا هێڵێکی ورد لە نێوان بوێری و بەرپرسیارێتیدا هەیە. دەتوانی دژایەتی سەرۆک وەزیران بکەیت و سیاسەتەکانی هەڵبوەشێنیتەوە و بە توندی ڕەخنە لە بڕیارەکانی بگرێت، بەڵام ناتوانیت گوتارەکە بۆ ئاستی سووکایەتیکردن دابەزێنیت. چونکە کاتێک ئەوە دەکەیت تەنها سووکایەتی بە تاکێکی دیاریکراو ناکەیت، بەڵکو شکۆمەندی ئەو دامەزراوەیە تێکدەدەیت کە لە پلەی یەکەمدا ئەو پلاتفۆرمەی پێداویت!!
پرسیاری قووڵتر لێرەدا ئەوە نییە: بۆچی ئەمڕۆ سزا درا و لەپەرلەمان دوورخرایەوە ؟ بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیه؛ ئایا ئەو سوکایەتییەی زارا بەسەرەکوەزیرانی بەڕیتانیای کرد، بوێری بوو؟!!
وەڵامەکە هەم سادە و هەم ئاڵۆزە: چونکە ئەو لە چوارچێوەی ژینگەی ئازادیدا بە پێچەوانەی ئەو ژینگەیەی لێیەوە هاتووە، کاردەکات. ژینگەیەک کە مافی قسەکردنی بێ ترسی بۆ گەرەنتی دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا چاوەڕێی ئەوە دەکات لە یاساکانی یارییەکە تێبگات. ئازادی لەم کۆمەڵگایانەدا ئاژاوە نییە، بەڵکو سیستەمێکی ناسکە کە ئەگەر ئارگومێنتی عەقڵانی بە سووکایەتیکردن جێگەی بگرێتەوە، دەڕووخێت!!!
سەرنجڕاکێشترین پارادۆکس لەم چیرۆکەدا ئەوەیە: زارا ناتوانیت لە وڵاتەکەی خۆی لە پاکستان، بەو جۆرە زمانە بدوێت و سوکایەتی بەسەرۆکی وڵاتەکەی بکات، ، نەک تەنها لە ترسی دەرئەنجامەکانی، بەڵکو لەبەر ئەوەی پێکهاتە سیاسییەکەی پاکستان، دان بە پلەیەکی ئازادیی وادا نانێت و سزای زیندانیکردنیشی لەسەرە!!
#عەتا_شەمێرانی