دواین هەواڵ

دەنکۆڵەکەی سەرۆک!

‌عەتا شەمێرانی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ئەستانەی قەیرانە سیاسیەکاندا، مرۆڤەکان تەنها سەرنجیان لەسەر قسە نییە؛ بەڵکو بە وردی لە بچووکترین وردەکارییەکان دەکۆڵنەوە: نیگای چاوەکانی، دۆخی جەستەی، ئاماژەکانی دەستی... تەنانەت ئەو دەنکۆڵە نوێژانەی کە لەبەردەم کامێراکاندا دەیگرن بەدەستیانەوە!! 

وێنەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو" عەلی زیدی" کە چەند ڕۆژێکە ئەرکە فەرمییەکانی گرتۆتە ئەستۆ، دەنکۆڵەکەی دەستی بوو بەمایەی سەرنج و پرسیاری خەڵک،  هەندێکیان بە تەنها خوویەکی کەسییان دەزانی کە لە ساتی گرژی و فشاردا پەنایان بۆ دەبات، هەندێکیشیان وەک هێمایەکی سیاسی و پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ژینگەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی لێکیان دەدایەوە کە تا ئێستاش دەنکۆڵە وەک نیشانەی کەرامەت و شکۆ و دڵنیاکردنەوە سەیر دەکات!!

لە عێراقدا هێماکان وردەکاری بێ بایەخ نین. لێرەدا وێنەیەک، ئەڵقەیەک، یان دەستگرتنێک دەتوانێت سندوقێکی گەووره لە لێکدانەوەکان بکاتەوە. سیاسەتمەدارە عێراقییەکە بە تەواوی باش دەزانێت کە کامێرا تەنها دیمەنەکە ناگرێت؛ تەواوی گێڕانەوەیەک لە دەوری خۆی دروست دەکات!!

بەڵام گرنگترین پرسیار ئەوە نییە: بۆچی دەنکۆڵەکەی بەدەستەوەیە ،بەڵکو: ئایا عەلی زەیدی دیدگایەکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ دەوڵەت یان نا؟!!

عێراقییەکان بێزارن لەو هێمایانە کە لەبەردەم کامێراکاندا دەدرەوشێنەوە تەنها بۆ ئەوەی لە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەدا نەمێنن. ئەمڕۆ هاووڵاتیان بەدوای دەنکۆڵەی دەستی بەرپرسێکدا ناگەڕێن، بەڵکو بەدوای دەنکۆڵەی  هەلی کار، ئارامی ، کارەبا ، ژێرخانی ئابووری ، دەوڵەتێک دەگەڕێن کە ڕێز لە خەڵکەکەی بگرێت و ئەو بڕیارانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراقەوە دێن، نەمێنن!!

ڕەنگە دەنکۆڵە وێنەیەکی ئارام بە سەرۆک ببەخشێت، بەڵام ئارامیی ڕاستەقینە لەوەدایە کە هاوڵاتیان هەست بکەن کە وڵاتەکەیان دواجار بەرەو سەقامگیری دەڕوات، نەک بەرەو خولێکی دیکەی بەڵێن و ناکۆکی بەتاڵ!!

لە کۆتاییدا دەنکۆڵە وەک وردەکارییەکی بچووک دەمێنێتەوە... حوکمدانی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای ئەوەی دەستەکەی تری سەرۆک دەیکات- ئەو دەستەی کە فەرمانەکان واژۆ دەکات، ڕووبەڕووی قەیرانەکان دەبێتەوە و بەرپرسیارێتی وڵاتێک لە ئەستۆ دەگرێت کە زیاتر بەهۆی سیاسەتەوە ماندوو بووە نەک بەهۆی شەڕەوە!!


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP