دواین هەواڵ

گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو چارەنووسی هێزەکانی پێشمەرگە ؟

‌ئەبوبەكر كاروانی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

 بۆ هەر سیاسەتمەدارو لێکۆڵەرو چاودێرێکی مام ناوەندیش ڕوونە، بوونی هێزی پێشمەرگە چ بایەخێکی ستراتیژی بۆ کورد هەیە، لەهەمان کاتدا  ئەوەی لانی کەمی شارەزایی بواری نیشتیمان وگەلسازیی هەبێت دەزانێت،  نەبوونی هێزێکی نیشتیمانیی سەروحیزبیی وناوچەیی، چ خاڵێکی لاوازی ستراتیژی ئێستای هەرێم و چەند زیانی گەورەی بەوپرۆسە  گەیاندووە.  پارتی ویەکێتی  لەچوارپێنج ساڵی ڕابردوودا، دەرفەتێکی زێڕینیان لەدەست خۆیان و گەلەکەیان وهێزی پێشمەرگەشدا، کەزۆر بە بێبایەخی ولەدیدێکی حیزبی بەرتەسکەوە مامەڵەیان لەگەڵ پڕۆژەی چوار وڵاتی خۆرئاوا بۆ دووبارە بیناکردنەوەی ئەم هێزانەو بەنیشتیمانیکردنیان کرد؟!

 ئێستاش کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق وهەرێم وپرسی کوردستان و کێشەی کورد، بە قۆناغێکی نیمچە ڕاگوزەریدا دەڕۆن وتێدەپەڕن، جەنگی ئەم دوواییەش ، چنگەکانی پێشمەرگە وبەتایبەتیش پێشمەرگەی هەندێ لایەنی،  هاوشێوەی  هێزەکانی ئیخوان لە کاتی بەشداریکردنیان لە جەنگی فەلەستین لە ساڵی(١٩٤٨)دا لەژێر چادرەکە دەرهێناو خستەروو،  ئەوەش زیاد لەپایتەختێکی ناوچەکەی ڕاچڵەکاندووە و وێنای مەترسییەکی ستراتیژیان لە پێشمەرگە وهەرێمیش کێشاوە،  واشیکردووە بەهەستیاریەکی زۆرترەوە سەیری بوون  و ئایندە  ومانەوەی ئەم هێزە بکرێت، تارمایی هەندێ بیرکردنەوە ش  دێتە پێش چاو کەتەماحی لەنەهێشتن وکۆتاییپێهێنانیاندایە؟ بۆ ئەم کارەش، بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێت، لەوسۆنگەوە کە سەرەڕای هەموو کێشەکانی ئەم هێزە،  ناوکی هێزی نەتەوەیی کۆی کوردو پارچەکانی کوردستان پێکدەهێنێت. بۆیە پێویستە  پرسی پێشمەرگەش بخرێتە چوار چێوەی  پرۆسەیەکی گشتیترتری چەکداماڵینی کورد لەکۆی ناوچەکەو پارچەکانی کوردستاندا.

سەرگرتنی ئەم پلانەش   بەپلەی یەکەم، وەستاوەتە سەر ئاکامی کۆتایی ململانێکانی ناوچەکەو  ئاستی ئامادەیی خۆمان بۆ دووبارە بیناکردنەوەی هێزەکە و بەستنەوەی بەهەندێ هاوکێشەی هێزەوە.  کەچی لەڕەوشێکی لەم جۆرە هەستیارو چارەنوسسازەدا،  دۆخی نێوان یەکێتی و پارتی بەپێچەوانی ئەرکەکانی قۆناغەکەو چاوەڕوانییە نیشتیمانییەکان لێیان، لە خراپ خراپترە!! کە ئەوەش هەرلەئێستاوە پێگەیانی بەرامبەر بەغا و دەوروبەر لاواز کردووە، لەکاتێکدا پێشمەرگەو هەرێم وکۆی پرسی کورد لەم سەرە پێچە مێژووییەدا پێویستییەکی مێژوویی و ڕاستەقینەیان بە کۆکردنەوەی تواناکان و پارێزبەندیی بەهێزترو فرەرەهەندتر، لەچاوڕابردوودا  هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP