دواین هەواڵ

ستراتیژیی نەتەوەیی پارتی لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

مێژوو و خەباتى بێ وچان هەشت دەیەى پارتى دیموکراتى کوردستان بە رابەرایەتى بارزانى ، لە نێو سەختترین هەڵوەمەرج سیاسى وسەربازى و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە و جیهان و چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکان و هەروەها ڕێگریکردن لە سڕینەوەى مۆڕک و ناسنامەى کورد و ئینجا رژدبوون لە سەر گەڕانەوەى خاک و  نیشتیمانى باب و باپیرانى بۆ  نەتەوەیەکەى و سازش نەکردن لە سەر ماف و خواستەرەواکانى گەلى کورد نەک تەنها بۆ بەشێک و سنوورى جوگرافیاییەکى دیار کراو، ئاماژەن بە بەهێزى و متمانەبەخۆبوونى ئەم ڕێباز و قوتابخانەیە بە دۆزى رەواکەى گەلەکەى ،لەهەمانکاتیشدا ،سەنگ و پێگەى لە نێو دۆستان و نەیارانیدا 
ڕێبازێک و قوتابخانەیەک لە نێو قوڵایی ئێش و بۆردومانکردن و سەختترین هەلومەرجەکاندا لە سەر دەستى ڕابەرى ڕوحى نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانى  دامەزرا بێت و ئینجا هەنگاو بە هەنگاو کارى بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى کرد بێت و ڕێگەى نەدا بێت داگیرکەران و دوژمنانى کوردوکوردستان خەونەکانیان بێنەدى و وەک چیاییەکى سەرکەش خۆڕاگر بووبێت بەرامبەر بە قورسترین هێرش ، پیلانگێرى ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و ڕێگەى خۆنەچەماندنى بەرامبەر بە نەیارانى کورد هەڵبژارد بێت ، ئەمەیە فەلسەقەى هەرمان و خوڵقاندنى مێژوو 
پارتى تەنها ناسناو و ڕێکخستنێکى سادە نییە ، بەڵکو ڕشماڵ و هێزێکى نەتەوەیی لەبن نەهاتووى گەلى کوردە ، هەڵگرى مێژوو  ومیراتێکى گرانبەهای شۆڕش و ڕاپەرینەکانى کوردستان و خەباتێکى پڕ قوربانیدان و کۆڵنەدانە ، رێبازێک خەون و هەوڵ و پیلانگێرى هەموو ئەوانەى دەیانویست شوناسێک بەناوى کوردبوون بوونى نەمێنێت شکست پێهێنا و سازى لە سەر نەکرد ، پارتى ئەو ڕشماڵە گەورە نەتەوەییە کە توانیوێتى هەموو بیروباوەرە ئایینى و نەتەوەیی و نیشتیمانى و کارى بەکۆمەڵ کۆبکاتەوە ، ئیرادەیەکى پتەو دروست بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەرەواکان ، بۆیە کاتێک باسى خۆڕاگرى بەرامبەر ئاگر و ئاسن و بۆردومان و کیمیاران و ئەنفال دەکرێت و ئەو گەلە خۆڕاگرانە خۆى بەدەستەوە نادات و بەهێزتر لە جاران سەرهەڵداتەوە و بەرانبەر ڕەشەباى دوژمنان و داگیرکەران دەوستێتەوە ، ئەوەش هەمان ئەو فەرموودە کورت و گرانبەهایەى جەنابى سەرۆک بارزانى مان بیر دێنێتەوە ئەویش پارتى وەک دار بەڕوو وایە نە بەسووتان و نە بڕین لەناو ناچێت .ئەوەش بەڵگەیەکى حاشاهەڵنەگرە کاتێک داگیرکەران و نەیارانى کوردستان چەندین جار هەوڵى لەناوبردن و خامۆشکردنى ئەم ڕێبازە و مەشخەڵى خەباتى پارتى یان دا ، بەڵام  ئەم ڕێبازە و پەیرەوانى ئەم قوتابخانەیە خۆیان بەدەستەوە نەدا ، تا گەیشتن بە قۆناغى ئەمڕۆى قەوارەى هەرێمى کوردستان و حکوومڕانییەکەى کە لە سەر ئاستى ناوچەکەدا لە ڕووى دیموکراسییەت و پێشکەوتن و گەشەسەندن و پێکەوەژیانى ئاشتیانە و ئینجا پەیوەندییە سیاسى ودیپلۆماسییەکانى لە سەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتى بێ وێنەیە و لە هەمانکاتیشدا توانیوێتى لەگەڵ هەر پێشهات و گۆڕانکارییەکى نوێ لە ناوچەکە دا بەشێوەیەکى زۆر ژیرانە و وردبینانە خوێندنەوەى وردى هەبێت ؛ هەموو ئەمانە ئاماژەن پارتى لە هەموو قۆناغەکاندا توانیوێتى خۆى نوێ بکاتەوە و پێشکەوتنیش بەدەست بێنێت 
هەروەها پارتى ئەو هێزە نەتەوەییە ، کە هەمیشە لە سەنگەرى پێشەوەى هەڵگرتنى ئەرک و بەرپرسیاریەتى بووە بەرانبەر بە دۆزى رەوایی نەتەوەکەى و هەرگیز بێ باکانە مامەڵەى نەکردووە ، ئەوەش لە هەڵوێست و کردارەکانى ڕەنگى داوەتەوە و، لەهەمان کاتیشدا هەمیشە بە خوێن و گیانى و هێمەتى هێزى پێشمەرگەى کوردستان  پارێزگارى لەو دەستکەوت وهەمیشە لە کاتى هێرش و پیلانگێرییەکاندا و ڕەشەباى نەیارانى کوردا ، وەک چیاییەک خۆڕاگرانە و سەربەرزانە وەستاتەوە و خۆى نەچەماندووە 
بۆیە ، تاکە هێزى نەتەوەیی لە سەر گۆڕەپانى خەبات و کوردایەتییە ، توانیوێتى خوێندنەوەى وردى بۆ گۆڕانکارى و پێشهاتەکان ناوچەکە و جیهان هەبێت  , ئەوەش سەرکەوتنى گەورەی سیاسى و دیپلۆماسییە و کاریگەرى بەهێزى کردۆتە سەر سەنگ وپێگەى هەرێمى کوردستان ، لە هەمان کاتیشدا ئەو سیاسەتە ژیرانەیە وایکردووە ، پارتى بگەێنتە لووتکە و لە هەمانکاتیشدا متمانەى ناوخۆیی و دەرەکى بەدەست بێنێت ؛ بەتایبەتى لە سەر ئاستى عێراق و پرۆسە سیاسیەکەى بە بێ بوون و کاریگەرى پارتى ، ئەوا دیموکراتیی و فیدراڵییەتى عێراق ئەستەمە ، ئەو لۆژیک و دیپلۆماسییەتەش وایکردووە وەک کارەکتەرێکى سەرەکى لە هاوکێشەکانى عێراقییدا شوێن دەستى دیاروبەرچاو بێت 
بۆیە، پارتى هێز و داینەمۆى دیموکراسى و  هاوسەنگى و سازان و هاوبەشییە و دژى هەموو هەوڵێکە بۆ تاکڕەى و زۆرینەى خۆسەپاندن و پەراوێزخستنى هیچ هێز ولایەنێک ، لە هەمانکاتیشدا  ،  پارتى بە وتارێکى کوردستانیانە و توانیوێتى ئاستى پەیوەندییەکان چ لە سەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى بەهێزتر بکات ، لە بەغدا رژدە لەسەر جێبەجێکردنى مافە دەستووریی  و نەتەوەییەکان و خاک ، ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییەى کە ، پارتى دیموکراتى کوردستان چ لەسەر ئاستى ناوخۆ و چ لەسەر ئاستى عێراقى و ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا  هێزێکى متمانەپێکراوە و رۆژ بەرۆژیش لە پێشکەوتن و بەرەو لووتکەیە و ئەو ستراتیژی و هەڵوێستە نەگۆڕ  وستراتیژیەى توانیوێتى دۆزى رەواى نەتەوەکەى لە هەر پیلانگێرى و هەڕەشەیەک بپارێزێت و بەرگریشى لێبکات .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP