دواین هەواڵ

تەڵەی ترەمپ بۆ کورد؛ بۆچی نابێت بکەوینە ناو ئەم یارییە سیاسییەوە؟

‌نەوزاد هێتوتی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەداخەوە، پرسی ناردن و نەناردنی چەک لە لایەن ترەمپ، زیاتر لە پێویست گەورە کراوە و نەدەبوو هێچ لایەنێکی کوردی، بە تایبەتی بەرپرسان و ڕاگەیاندنەکان، ئەوەندە باسی بکەن. هۆکار و مەبەستەکانی ترەمپ لە وروژاندنی ئەم بابەتە زۆر ڕوون و ئاشکرا بوون. مەبەستی ئەو لە وروژاندنی ئەم بابەتە ئەوە بوو کە بە خەڵکی ئێران و جیهان بڵێت پابەند بووە بە بەڵێنەکەی بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران.

بە تایبەتی، ترەمپ لە سەرەتای مانگ یەکی ٢٠٢٦ هانی خەڵکی ئێرانی دا بۆ خۆپیشاندان و گوتی کە هاوکاری لە ڕێگەدایە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس لە خەڵکی سیڤیل بە دەستی ڕژێمی ئێران بکوژرێن، لە کاتێکدا ترەمپ لە قسەکانی ڕاستگۆ نەبوو و هیچ یارمەتییەکی خەڵکی نەدا. لە سەر ئەم سیاسەتەی ترەمپ، ڕەخنەیەکی زۆر توند لێ گیرا.

ترەمپ دەیەوێست بە هەر شێوەیەک بێت، ئەم تۆمەت و بێهەڵوێستییەی خۆی ڕاست بکاتەوە. بۆیە هات بە کوردەوە گرت و گوتی گوایە یارمەتی ناردووە، بەڵام لە ڕێگەی کوردەوە نەگەیشتووە دەست خەڵک. بەو قسانە دەیویست بە خەڵکی ئێران و جیهان بڵێت کە یارمەتیی ناردووە، بەڵام کوردەکان ڕێگرییان کردووە، بۆ ئەوەی خۆی بێبەرێ بکات توومەتانەی ئاراستەی دەکران، بە هۆی ئەو کوشتارەی خەڵکی ئێران تووشی بوون.

لە کاتێکدا هەموو کەسێک دەزانێت ئەگەر ترەمپ مەبەستی بووایە، زۆر ڕێگا هەبوون بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران و هیچ پێویستی بە کورد نەبوو. هەروەها، ئەمە ئەرکی کورد نییە و تەنانەت ناتوانرێت بچن لە شاری وەک تەهران و ئیسفەهان چەک بەسەر خەڵکدا دابەش بکەن. ئەگەر شتێکی ڕەمزییش نێردرابێت، دڵنیام کە بەو شێوە نییە کە ترەمپ باسی دەکات.
بۆیە، کورد نەدەبوو بکەونە ئەم تەلەی ترەمپ و ئەوەندە باس لەم بابەتە بکەن. ئەمە بابەتێکی ئەمنییە و پەیوەندی بە ئاسایشی هەرێمەوە هەیە و دەکرێت لێکەوتەی خراپی هەبێت. ئەگەر ترەمپ ڕاست دەکات، ئەوە کەناڵ و میکانیزمی تایبەتی خۆی هەیە بۆ دڵنیا بوون لەوەی چەکەکان رادەستی کام لایەن کراون و پێویستی بەو هەموو قسە و باسکردنە نییە

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP