کەریمی عەلەکە یان (کەریمی ئەلەکە) کەسایەتیەکی سیاسی و بازرگانێکی دیاری شاری سلێمانی بوە، ئەو لە دایکوباوکێکی مەسیحی لە ساڵی ١٨٦٧ هاتۆتە دنیا، لە شاری سلێمانی ناوێکی دیارە و بە نمونەی چاکەکاری و بەخشندەیی ناسراوە وێڕای ئەو پرۆژە خزمەتگوزاریانەی کە بۆ شارەکەی کردوە
مەلافایق شارەزوری دەڵێت: کەریمی عەلەکە مەسیحی بوو، بەلام لە مانگی ڕەمەزاندا دەگەڕا بە ناو مزگەوتەکاندا و پارەی دەدانێ، ئەو دەڵێ ئێمە (سوختە)فەقیە بووین بەڵام خەرجی چایی و خواردنمان لەسەر ئەو بوو و پارەشی پێدەداین
ئاشی هەبوو و لەوێ ئاردی بە فەقیرەکان دەدا، پارەی دەدایە هەتیوان و بیوەرژن و هەژارەکان، ئەو زۆر چاکەکار بوو.
لە ١٩١٤ ساڵی گرانیەکە جگە لەوەی خۆراکی دەدایە خێزانەکان، ئێواران بە مەنجەڵی گەورە شۆرباو خواردنی لێدەناو بەسەر خکا دابەشی دەکرد تا شەوان خەلك بە تێری بخەون
ئەوە لە کاتێکدا کەریمی عەلەکە مەسیحی بوە بەڵام فەقێ و مامۆستایانی ئاینی ئاوا باسی دەکەن، کە چۆن بەشێک لە پارەکانی بۆ خزمەتی مزگەوت و فەقێ و هەژار و بێ باوکەکان تەرخان کردوە.
ئیتر حەتمەن چارەنوسەکەی ئێمە ئاوایە کەوتوینەتە سەردەمێك کە ملیۆنلێرە سیاسیەکانمان هاوڕێی شێخ دارۆ و شێخ ئەحمدی نۆکانن.
لە کاتێکدا سەردەمی کەریمی عەلەکە کۆمپانیای نۆکان نەبوە تا هەزاران پارچە زەوی شار پارچە پارچە بکات و بیانفرۆشێت و بیانکاتە ملیۆنان دۆلار، ئەوکاتە مەرزی فری و فرۆشتنەوەی مۆڵەتی پڕۆژە و شەریکبون لە پرۆژەی نیشتەجێ بوون نەبوە، پرۆژەی سەکەنی نەکراوەتە بازرگانی! باخچە نەکراوەتە بازار، دانیا سیتی نەبوە تا بەشی خوارەوەی بۆ زیاد بکرێت وەك تیجاری، ئابوری ناسان هەر ناوی نەبوە تا زەوی تەنیشتی بکرێتە بازرگانی و بفرۆشرێ!، ئەوکات شاری مامۆستایان هەر نەبوە تا بەرامبەرەکەی بەش بەش بکرێت و بفرۆشرێ، تەبعەن بە پێی یاسایی وەبەرهێنان،دەروازە سیتی نەبوە تا کۆڕنیشی هەبێ!؟، ئەوکاتەی کەریمی عەلەکە بازرگان بوە ڕێڕەوی بازرگانی تەندروستتربوو لە ئێستا، پلەداری سەربازی و بەرپرسی ئەمنی و مەکتەب سیاسی و کۆمپانیای حیزبی ملیاردلێر نەبوون، ئەوەی هەبوو لەم شارەدا چەند بازرگانێکی کەم و دیار هەبوون، ئیدارەی گشتی و باخی گشتی موڵکی گشتی بوو، ئیدارە کەسی نەدەکردە ملیاردلێر تەنها دەیتوانی ژیانێکی باشی پێ ببەخشێ.
بەهۆی خزمەتەکانیەوە چەندی شوێنی گشتی بە ناوی کەریمی ئەلەکەوە وەك وەفایەك ناونراون، بۆیە تا ئێستاش یەکێکە لە ناوە زیندوەکانی شاری سلێمانی
کەریمی عەلەکە لە ساڵی ١٩٤٨ کۆچی دوایی کردوە، لەو ڕۆژەوە جەستەی نێژراوە، بەڵام ئەوە نزیکەی ٨٠ ساڵ تێدەپەڕێت هێشتا ناوەکەی نەنێژراوە.
عوسمان گوڵپی