دواین هەواڵ

چۆن پلان بۆ جەنگی سێیەمی جیهانی دانراوە؟

‌کارزان گلی

6 کاتژمێر پێش ئێستا

بەلاتەوە سەیر نەبێت، كە زیاتر لە ١٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا، لەلایەن نووسەرێكی گەورەی جولەكەوە، پلان بۆ جەنگی سێیەمی جیهانی دانراوە، تاوەكوو ئێستاش لێكۆڵینەوە و گفتوگۆ و قسە لەسەر ئەو پلانە دەكرێت و نەگەیشتوونەتە ئەنجام، ئایە پلانەكە راستە یان درۆ؟ بەڵام لێكەوتەكانی ئەو پلانە هەمووی هاتووەتە دی و ئەوانەشی بەڕاستی دەزانن، بەڵگەكانیان خستووەتە روو.

ئەلبێرت پەیك، نووسەرێكی گەورەی ئەمریكایە، كە جولەكەیە و لە ١٨٠٩ لە دایك بووە، ئەو یەكێك بووە لە ئەندامانی ماسۆنی وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، كەسێك بووە خەباتی زۆری كردووە بۆ ئەوەی مافی رەشپێستەكان لە ئەمریكا بدرێت و كۆیلایەتی كۆتایی پێ بێت، هەروەها لە جەنگی ناوەخۆیی ئەمریكادا تا پلەی فەرماندە رۆیشتووە.

دیارترین كتێبی ئەو نووسەرە گەورەیە (ئەخلاق و لەدایكبوونە)، كە مشتومڕێكی زۆری ناوەتەوە، بەرهەمی تریشی هەیە و بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕانی بۆ كراوە، بەڵام بەزمانی كوردی بەرهەمی پەیكم نەبینیوە.

پەیك، دەیان نامەی بۆ ئەو كەسانە نووسیوە كە متمانەی پێیان هەبووە، یاخود لە یەك رێكخراو كاریان كردووە و پێی دەڵێن ( ئیلومیناتی)، كە دەزگایەكی سیخوڕی ئەمریكی و جولەكە و بەریتانی بووە و دەستیان هەبووە لە دیزاینكردنی جیهان وەكوو ئەوەی خۆیان دەیانەوێت.

پەیك لە ١٨٧١دا، نامەیەك بۆ (مازینی) دۆستی دەنێرێت، كە ئەویش هەر جولەكەیە و ئەندامی دەزگای ئاژانسی جولەكەكان بووە و لە ئیتاڵیا بووە، ئەو نامەیە ئەوەندە گرنگە و ئەوەندە ترسێنەرە، تاوەكوو ئێستاش لە دونیای سیاسەت و ناوەندە لێكۆڵینەوەكاندا قسەی لەسەر دەكرێت. بەشێك پێیانوایە نامەكە درۆیە و بەشێكیش بەڕاستی دەزانن، ئەوانەشی بەڕاستی دەزانن زیاترن و بەڵگەكانیشیان راستی ئەو نامەیە دەسەلمێنێت.

پەیك لەو نامەیەدا پلان بۆ سێ جەنگی جیهانی دادەنێت، دوانیان روویداوە و سێیەمیش لە رێگەیە بەم شێوەیەی خوارەوە:

پەیك لەبارەی جەنگی یەكەمی جیهانییەوە پێشنیار دەكات، دەبێت قەیسەری رووسیا كۆتایی پێبێت و نابێت بمێنێت، بۆ ئەمەشیان پێویستە جەنگی یەكەمی جیهانی روو بدات، لە شوێنی قەیسەر دەبێت كۆمەنیستەكان و ئاتێستەكان دەسەڵات بگرنە دەست. ئەو پلانەی وەكوو خۆی جێبەجێ كرا و بینیمان چۆن قەیسەر رووخا و كۆمەنیستەكان و ئاتێستەكان دەسەڵاتیان گرتە دەست.

لەبارەی جەنگی دووەمی جیهانیشەوە، پەیك پێشنیاری ئەوەی كردووە، ئەو جەنگە لە نێوان زایۆنیزم و فاشیستەكان بەرپا ببێت و بەشكستی فاشیستەكان كۆتایی پێ بێت و پاشان لە فەڵەستین دەوڵەتێك بۆ جولەكەكان دروست بكرێت. بۆ ئەمەشیان داوا دەكات ئەندامە سیخوڕەكانی خۆیان لە ئەڵمانیا و بەریتانیا كاری جدی بكەن و كاریگەریان هەبێت لەسەر ئەنجامدانی ئەو پلانە.

ئەو پلانەش بەسەركەوتوویی جێبەجێ كرا و فاشیستەكان كۆتاییان پێهات و دەوڵەتێكیش بۆ جەلەكەكان دروست بوو.

ئەوەی زۆر قسەی لەسەر دەكرێت، پلانی پەیك بووە بۆ ئەنجامدانی جەنگی سێیەمی جیهانی و لەوێدا پێشنیار دەكات، جەنگەكە لە نێوان زایۆنیزم و ئیسلام بێت، بەو مەرجەی مەسیحییەت پشتگیریی لە زایۆنیزم بكەن، هەروەها كارێك بكرێت وڵاتانی ئیسلامی لەناو خۆیاندا بجەنگن و یەكتری لەناو ببەن و جەنگەكە لە بەرژەوەندی زایۆنیزم كۆتایی پێ بێت.

روونە ئەو جەنگە ئەگەر ناویشی لێ نەنرابێت جەنگی سێیەمی جیهانی، بەڵام بەكردار ئەو جەنگە لە ٢٠١٤ەوە بەرپا بووە، لەوكاتەوەی گروپی تیرۆرستی داعش پەیدا بوو، كە سەدان هەزار خەڵكی ئیسلام بەربوونە گیانی یەكتری و یەكتریان لەناو برد، پڕۆسەكەش بەردەوامە.

پاپا فڕانسیسكۆ، لە ٢٠١٤ وتارێكی پێشكەش كرد و دانی بەوەدانا كە جەنگی سێیەمی جیهانی بەرپا بووە، بەڵام بەشێوەی پارچە پارچەیی.

راستی و ناڕاستی نامەكەی پەیك

ئەلبێرت پەیك، نووسەرێكی گرنگ و بیرتیژ بووە، دەیان نامەی ئەو نووسەرە جگە لە كتێبەكانی بەردەستن، تەنیا باس لەو نامەیە دەكرێت كە پلانی بۆ سێ جەنگی جیهانی داناوە و بەشێك دژی ئەو نامەیەن و بەدرۆی دەزانن و بەشێكیش بەڕاستی دەزانن.

ژووری لینا، نووسەرێكی ئیتاڵییە، چووەتە ئەرشیڤی دەوڵەتی ئیتاڵیا و بەدوای ئەو نامەیە گەڕاوە و دۆزیویەتییەوە و بەڕاستی دەزانێت و پاشان لە كتێبێكدا ئەو نامەیەی بڵاوكردووەتەوە و باس لەوە دەكات، كە پلانی پەیك بۆ سێ جەنگی جیهانی راستە و هیچ درۆیەكی تێدا نییە.

ئەوانەی زۆر سەیری زنجیرەدرامای توركی دەكەن، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ زنجیرەدرامای (پایتەخت و عەبدولحەمید)، كە لە تەلەڤزیۆنی TRT1 پەخش دەكرا، لە زنجیرە ٥٦دا، باس لەو نامەیەی پەیك دەكرێت و عەبدولحەمید بەو نامەیە تووشی شۆك دەبێت. ئەمەش دەیسەلمێنێت كە نامەكەی پەیك ئەوەندە لە راستییەوە نزیك، لە ناڕاستییەوە نزیك نییە.

ئەنیشتاین، لەبارەی جەنگی سێیەمی جیهانییەوە گوتەیەكی هەیە، حەزم كرد كۆتایی وتارەكەم بەو وتەیە بێت: 

”نازانم لە جەنگی سێیەمی جیهانیدا چی جۆرە چەكێك بەكار دێت، بەڵام دەزانم لە جەنگی چوارەمی جیهانیدا، مرۆڤەكان بە بەرد و دار شەڕ لەگەڵ یەكتری دەكەن“

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP