هەندێک پرسیار هەن بە تەنها پرسیاری سیاسی نین، بەڵکو تاقیکردنەوەی ویژدان و پێوەری شەرەفی نەتەوەیین. هەندێک ڕووداویش هەن کە ئەگەر ساڵانێکی زۆر بەسەریاندا تێپەڕێت، هێشتا مافی ئەوەیان هەیە دووبارە بخرێنە بەردەم ڕای گشتییەوە؛ چونکە کات ناتوانێت ڕاستی بسڕێتەوە و بێدەنگیش ناتوانێت پرسیارە مێژووییەکان ون کات!
کاتێک ئەو ڕووداوەم خوێندەوە کە لە یادەوەرییەکانی دکتۆر مەحمود عوسماندا هاتووە، بەڕاستی تووشی شۆک بووم. لە خۆم پرسی: ئایا دەکرێت یەکێک لە پایەکانی شۆڕشی کوردی، ئەگەر ئەم بانگەشەیە ڕاست بێت، پارە لە کەسێک وەربگرێت کە ناوەکەی بە کارەساتەکانی هەڵەبجە و تاوانەکانی ئەنفالەوە گرێدراوە، بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی کۆنگرەی حیزبەکەی بپێش بخات؟!
ئەگەر ڕاست بێت، ئەمە تەنها پرسیاری پارە و سیاسەت نییە؛ بەڵکو پرسیاری سنووری نێوان بەرژەوەندیی حیزبی و شەرەفی نیشتمانییە!
من بە وردی ئاگام لە سروشتی سیاسەت هەیە لە کوردستان و عێراقدا. دەزانم کە ملمـلانێ سیاسییەکان لە جووڵە و مانۆڕ و هەوڵی لاوازکردنی بەرامبەر و تەنانەت تۆڵەسەندنەوەی سیاسی بەتاڵ نین.
هەروەها دەزانم هەندێک جار هەواڵ و ڕووداو لە کاتی ملمـلانێدا بڵاو دەبنەوە، نەک بۆ ئاشکراکردنی ڕاستی، بەڵکو بۆ پیسکردنی ناوبانگ یان داخستنی حسابێکی کۆن.
بەڵام زانینی ئەم ڕاستییانە نابێت ببێتە هۆی پشتگوێخستنی بابەتێکی بەم قورساییە،
ئەگەر ئەم ڕووداوە ڕاستە، دەبێت ڕاستییەکە بە تەواوی ئاشکرا بکرێت؛ ئەگەر بەشێکە لە ملمـلانێی سیاسی و هەوڵێکە بۆ شکاندنی بەرامبەر، ئەوا ئەوەش دەبێت بە بەڵگە بسەلمێندرێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا نابێت ڕای گشتیی کوردی لە نێوان گومان و لێکدانەوەدا بەجێبهێڵرێت، یان مێژووی گەلەکەمان ببێتە مەیدانی ئاڵوگۆڕی تۆمەت، بەبێ ئەوەی کەسێک بەرپرسیارییەتی ڕوونکردنەوەی بگرێتە ئەستۆ.
ن
لێرەدا پرسیارێکی زۆر هەستیار دێتە پێشەوە: سنووری نێوان پێویستییە سیاسییەکان و پاشەکشەکردن لە بنەما نیشتمانییەکان لە کوێدایە؟
ئایا دەتوانرێت بە ناوی بەرژەوەندیی حیزبەوە هەر کردارێک پاساو بدرێت، تەنانەت ئەگەر کاریگەری لەسەر بیرەوەریی قوربانییان و کەرامەتی گەلێک هەبێت کە تاوانی جینۆسایدی بەسەردا سەپێنراوە؟ سیاسەت، هەرچەندە ئاڵۆز بێت، نابێت ببێتە پاساو بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورانەی خوێنی شەهیدان و قوربانییەکان دیارییان کردووە!
بەڵام دادپەروەری پێویستی بەوەیە کە تۆمەتەکە پێش پشتڕاستکردنەوەی بە بەڵگە، وەک ڕاستییەکی کۆتایی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت. نابێت پێشوەختە حوکم بەسەر کەسێکدا بدەین، بەڵام لە هەمان کاتدا مێژووی خەباتی هیچ کەسایەتییەکی سیاسی نابێت ببێتە قەڵغانێک بۆ ڕزگاربوون لە پرسیار و لێپرسینەوە. ڕێزگرتن لە مێژووی خەبات، مانای ئەوە نییە کە مافی گەل بۆ زانینی ڕاستی و داواکردنی ڕوونکردنەوە لەناو بچێت!
پاشان پرسیارێکی قووڵتر هەیە، بۆچی ئەم بابەتە دوای ٣٣ ساڵ، دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی؟ ئەگەر لەو کاتەدا زانیاری لەبارەیەوە هەبووە، بۆچی لە کاتی خۆیدا ئاشکرا نەکراوە؟
کێ بەرپرسیاری ئەوەیە کە ئەم بابەتە بۆ ئەم هەموو ساڵە لە نێوان تۆمەت و ڕەتکردنەوەدا ماوەتەوە؟!!
ئەم پرسیارانە ڕەوان و نابێت وەک دوژمنایەتی بەرامبەر حیزبێک یان هێرشکردنە سەر کەسایەتییەکی سیاسی لێک بدرێنەوە. گەلی کورد نابێت لە مێژووی خۆیدا ببێتە لایەنێکی لاوەکی، و هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە بیرەوەریی نەتەوەکەی وەک موڵکی تایبەتیی حیزبی مامەڵەی لەگەڵ بکات. مێژووی خەباتی کوردی موڵکی گەلە؛ گەل مافی ئەوەی هەیە ڕاستییەکانی بزانێت، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕاستییانە ئازاربەخش بن!
ئەگەر کاکە حەمە پەیوەندیی بەو ڕووداوەوە هەبێت، مافی تەواوی هەیە ڕوونکردنەوە بدات و بەرگری لە خۆی بکات. هەروەها ئەو کەسەی تۆمەتێکی بەم قورساییە دەخاتە ڕوو، پێویستە بەڵگەی پشتگیریی بانگەشەکەی بخاتە بەردەم خەڵک.
ڕاستی بە هاوار و دووبارەکردنەوەی تۆمەت ناسەلمێندرێت، هەروەها بە بێدەنگیش لەناو ناچێت؛ ڕاستی پێویستی بە بەڵگەنامە و شایەتیی باوەڕپێکراو و وەڵامی ڕوون هەیە!
گەلێک کە کارەساتەکەی هەڵەبجەی بە خوێنی منداڵەکانی نووسیوەتەوە و هۆلۆکۆستی ئەنفالی بە فرمێسکی دایکانی تۆمار کردووە، نابێت ڕێگە بدات مێژووی خۆی ببێتە قوربانیی بێدەنگی و ملمـلانێی حیزبی.
چونکە ڕاستی، هەرچەندە قورس و ئازاربەخش بێت،شەرەفی خەباتی کوردی لە هەر حیزب و کەسایەتییەک گەورەترە، و خوێنی قوربانییانی هەڵەبجە و ئەنفال لە هەر دەستکەوتێکی سیاسی بە نرخترە!