خۆی "برووسک" دیاردەیەکی بینایی و کارەبایی سروشتییە کە لە کاتی هەورەبانگەشە و هەورە تریشقەدا بەهۆی دەردانی کتوپڕی کارەبا لە هەورەکاندا ڕوودەدات. دەبێت چەند ڕاز و نیاز و خەم، پاڵەپەستۆ لە پشت هەر گرمەیەک، یان برووسکەیەکەوە هەبێت؟ لەوە گرینگتر دوای برووسکەکە چی ڕوودەدات!؟
هەروەک میدیای کوردیی هەواڵی ئەوە بڵاو دەکەنەوە؛ پەرلەمانی لیبیا دەنگی لەسەر ڕێککەوتنی ئاویی نێوان تورکیاو لیبیا داوە:
یەکەم؛ ئەوە دەنگدانی پەرلەمانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا بو، ئێستا نەبوە، پێنج ڕۆژ پێشتر (٢٠ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦) دەنگیان بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاویی نێوان- تورکیاو لیبیا داوە. لەکاتێکدا ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان تورکیاو حکومەتەکەی کە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە لە لیبیا دانپیانراوە لە ساڵی ٢٠١٩ واژۆکراوە، بەڵام لەوکاتەوە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا بە سەرکردایەتی "خەلیفە حەفتەر" ئەمەیان پەکخستبوو، ئیتر ئەوە ئەوانیش دەنگیان بە ڕێککەوتنە ئاوییەکەی نێوان ئەم دوو وڵاتە دا کە هەردووکیان دەکەونە سەر دەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە).
دوەم: ئایا ئەم بڕیارە گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگییە سیاسی و ستراتیژییەکانی دەریای ناوەڕاستدا دروست دەکات؟ بێگومان بڕیارێکی لەم شێوەیە، دەکرێت وەک بریسکە (برووسکە) یەک تەماشا بکرێت، کە گرمە- گرمێکی پێچەوانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتی (زۆر بەتایبەتی) یۆنان ئەم رێککەوتنە زۆر بە بێماناو نایاسایی ناودەبات، بە دڵنیاییەوە یۆنان دژی دەبێت، کاتێک یۆنان دژییەتی، واتە بێ سێ و دوو ئیسرائیل و قوبرس دژی ئەم ڕێککەوتنەن، میسریش کە سنووری ئاویی هاوبەشی هەیەو بەشێکی کاریگەرە لە ئاسایشی وزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی و، بارەگای سکرتارییەتی لووتکەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی لە قاهیرەیە ( لەم لووتکەیەدا کە لە ٢٠٢٠ ەوە کارایە، هەموانی تێدان جگە لە تورکیا). کەواتە یەکێتی ئەوروپاش دژی ئەم ڕێککەوتنەیە. بەتایبەتی فەڕەنساو ئیتاڵیا دژی ئەمە دەبن، چوونکە ئەوانەش هەم دەکەونە سەریای سپی لەسەرەوەو، ڕێککەوتتنامەی هاوبەشیان لەگەڵ وڵاتانی نا-ئەوروپی بۆ پاراستنی ئاسایش و کۆچبەر و وزەو..تادوایی، وەکو ڕێککەوتتنامەی بەرشەلۆنە، وەکو یەکێتی بۆ دەریای سپی (Union for Mediterranean)، تا ئەگاتە ئەمدواییە کە لووتکەی گازیی دەریای سپیان بە چاودێریی ئەمریکا دامەزراندوە.
سێهەم: یۆنان، قوبرس، ئیسرائیل، ڕێککەوتننامەی ئێجگار ستراتیجیان هەیە، (ئێجگار) ەکە لەوێوە سەرچاوەی گرتوە چارەنووسی ئاسایشی وزەی هەرسێکیان لە سەر ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ڕاستەوخۆ پێکەوە گرێدراوە، هەروەک چارەنووسی ئاسایشی گشتییان لە زۆر ڕوەوە پەیوەستە بەیەکەوە. جگلەوەی گەورەترین ڕێککەوتننامەی ستراتیجیی ئەمنی و ئاسمانی و هەواڵگریی لەنێوان ئەم سێ دەوڵەتەدا هەیە.
چوارەم: ڕێککەوتنەکە و، دەستبردنی تورکیا بۆی لەگەڵ وڵاتێکی وەک لیبیادا، هەر بەچاو و لەسەر نەخشە دیارە لەسەر حیسابی سنوورە ئاوییەکانی یۆنانە. ئەمە لەڕووی ناوچەییەوە، یەک پەیامی هەیە، ئەویش کاردانەوەی تورکیایە لەبەرانبەر ئەوەی زیاتر لە پانزە ساڵە ئەویان فەرامۆشکردوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، لەکاتێکدا تورکیا وڵاتێکی سەرەکییە لەسەر ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ئەمانە دەگرێتەوە: سوریا، تورکیا، قوبرس، لوبنان، ئوردون، دەستەڵاتی فەلەستین، ئیسرائیل و میسر، تا ڕادەیەکیش یۆنان. بەڵام ئەوانە هەموویان و زۆر بەتایبەت قوبرس، ئیسرائیل و یۆنان ئنجا میسر، بەشێکی گەورەو کاریگەرن لە چالاکییەکانی وزەی ناوچەکە، و هەمووشیان دژی تورکیان و، سەریان بەیەکدا کردوە ڕۆژ تا ئێوارە "فسکە- فسک" دەکەن، تورکیاش وڵاتێكی پیشەسازیی گرینگەو پێگەیەکی مێژوویی هەستیاریی هەیەو، زۆر پێویستی بە گازی سرووشتی و نەوتە و، زۆریش حەزدەکات و داوا دەکات و هەوڵ دەدات ئەو ببێتە ڕێگەی پەڕینەوەی هێڵەکانی وزە لەناوچەکەدا. ساڵانە تورکیا لە دوو دەیەی پێشوودا لەنێوان (٤٣ بۆ ٦٠ ملیار دۆلار دا) گازی سرووشتی لەدەرەوە کڕیوە.
پێنجەم: ئێستا تورکیا، بەم هەنگاوەی لەگەڵ لیبیا ناوییەتی، ڕێک ئەو پەندە "گۆرانییە" کوردییە وە بیردەهێنێتەوە کە دەڵێت "سەرە- ڕێگەکەت لێ دەگرم، وەک حەمەتاڵی بانە". بەڵام ئەم سەرە ڕێگەگرتنە وەڵامێکی نیمچە ڕەقی ئیسرائیل و قوبرس و یۆنانی بەدوادا دێت ڕەنگە مانۆڕێکی سەربازیی دەریایی بێت، ڕەنگە هەر فەرامۆشکردنی تورکیا بێت، چوونکە دەزانن ئەوە پانزە ساڵە تورکیا لە دەوروبەری قوبرس و کەناراوەکانی خۆی هەر کەشتی دەهێنێت و، هەر دەگەڕێت بەدوای گاز دا؛ هیچی نەدۆزیوەتەوەو، نادۆزێتەوە. لەکاتێکدا میسرو و قوبرس و ئیسرائیل کێڵگەکانی وەک زوهر، لێڤاسان، ئەفرۆدێت، کالیپسۆ، تامار، کاریش و...چەندینی دیکەیان دۆزیوەتەوەو کۆمپانیا فرەرەگەزە گەورەکانی وەکو ئەکسۆن، شیفرۆن، ENI ی ئیتاڵی، نۆبڵ ئینرجی، بریتش پیترۆلیۆم و...زۆری دیکە لەوێ ساڵانێکە وەبەرهێنان دەکەن. داناگازی لای خۆشمان ماوەیەکە خۆی گەیاندوەتە میسر! هەروەک چۆن زیاتر لە سێ ساڵە مۆبادەلە پێترۆلیۆمی ئیماراتی لەکەناراوە ئاوییەکانی ئیسرائیلدا کاری بەرهەمهێنانی گازی گرتۆتە ئەستۆ.
شەشەم: تورکیا بۆ وا دەکات؟ دەبێت وابکات، چوونکە تورکیا نایەوێت وەک "دەوڵەت"ێکی ئاسایی بێت و لە سنوورێکی دیاریکراودا بێت و بڕوات! هەر زوو داڤود ئۆگلۆ لە "قووڵایی ستراتیجی" دا، نووسیبوی تورکیا بۆ ئەوەی لە ئاسایش دا بژی، دەبێت ئاسایش بۆ ئەوانی دیکە دابین بکات (واتە دەبێت دەست لە کارووباری ئەوانی تردا وەربدات)، ئەمە ڕیتمێکە بە گوتار و دەربڕینی "هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن"یشدا لە فۆڕمێکی دیکەدا جەختیان لێوە کردوە! ئەم شێوازە لە بیرکردنەوەی تورکیا بوو، وایکرد ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی و ئامرازەکانی میدیاو چاودێران، ئەم بزافەی ئاکپارتی لە تورکیا ناوبنەن "عوسمانییە نوێیەکان"؛ گەڕانە بۆ سەردەمی عوسمانی بۆ ئەو گرووپە وڵاتەی کە دەکەونە سەر " مێدیتریانە" پەیامێکی مەترسیدارو هەڕەشەیەکی ستراکچەرییە؛ وەک هەمووتان دەزانن، کە هەموان چەشتووییانە پێشووتر. زۆر دوور نییەو، ئیسرائیلییەکان ئەوەیان بیر نەچۆتەوە کە ئەردۆگان لە ٢٠١٠ پێیانی دەگوت: تاپۆی خاکەکەتان ئەوەتا لە ئەرشیفی ئێمەدا ماوە."
ساڵی ٢٠١٧ بە سەرۆکی ئۆرسام و ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆگان "پرۆفیسۆر ئەهمەدی ویساڵ" و "ڕەجەب یورڵماز" م وت؛ ئێوە دەزانن کە هەرگیز ئیسرائیل پەیوەندیی لەگەڵ تورکیایەکدا ئاسایی ناکاتەوە کە ئاکپارتی و بەڕێز ئەردۆگان تیایدا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن؟" ئەویش، وتی، دڵنیاین، چوونکە ئەوان دەیانەوێ تورکیاش وەکو میسر گوێڕایەڵی ئەوان بێت.