پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لە ڕاگەیێندراوێكدا ئاشكرای كرد، لە ٥ بۆ ٧ی ئەم مانگە كۆنگرەیان بەستووە و لەسەر بنەمای پەیامەكەی رێبەریان (عەبدوڵا ئۆجەلان)، چەند بڕیارێكیان داوە، یەكێك لەوانە هەڵوەشانەوەی پارتەكەیە. ئەگەرچی تاوەكوو ئێستا نازانرێت ئاخۆ هەڵوەشانەوەی پەكەكە و چەكدانانیان بە مەرجە یان بێ مەرجە، بەڵام ئەوەی گرنگە و قسەی لەسەر دەكرێت، دەبێت دوای چەكدانانی پەكەكە، هەنگاوەكانی توركیا چی بێت؟ ئایا لەناو پەرلەمانی توركیا هەنگاوی كرداری بۆ ئەو پرسە دەهاوێشترێت؟
بەشێكی زۆر لە سیاسی و سەركردەكانی توركیا، دڵخۆشیی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەی پەكەكە دەربڕی، بەڵام دەم پارتی لە بەیاننامەیەكی هەشت خاڵیدا، داوای لە حكوومەتی توركیا كردووە كە دەبێت لە ڕووی یاساییەوە چەكدانانی پەكەكە و پرسی كورد یەكلایی بكرێتەوە، واتە ئیدی یاسا بۆ ئەو پرسە دەربچێت.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمیڕاڵی، دەڵێت پەكەكە خۆی هەڵوەشاندەوە، ئیدی دەبێت دەوڵەت هەنگاو بۆ ئاشتی بنێت.
وەكوو ئەوەی لە میدیاكانی توركیا باس دەكرێت، حكوومەت دەیەوێت چەند هەنگاوێكی كرداری بهاوێت كە دیارترینیان ئازادكردنی ئۆجەلانە، ئەویش لە رێگەی (مافی ئومێد)ەوە كە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ئەو یاسایەی داناوە و هەموو وڵاتێكی ئەندام لەو دادگایە دەبێت جێبەجێی بكات، توركیاش ئەندامی ئەو دادگایەیە.
چەند میدیاكارێكی توركیا، گوتەی دەوڵەت باخچەلی وەكوو بەڵگە و نموونە دەهێننەوە، كە گوتبووی با ئۆجەلان بڕیار بدات پەكەكە چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، ئەوكات با ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە و ئازاد بكرێت، كەواتە دەبێت ئەو گوتەیەی باخچەلی جێبەجێ بكرێت.
هەندێكی دیكە دەڵێن، دوای ئەوەی پەكەكە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چەك دادەنێت، هەموو ئەو زیندانییانەی كە زیاترە لە ١٠٠ هەزار زیندانیین و بە مادەی تیرۆر و پشتگیری لە پەكەكە دەستگیر كراون، پێویستە ئازاد بكرێن، چونكە ئیدی پەكەكە نامێنێت و مانەوەی ئەوانیش لە زیندان لە ڕووی یاساییەوە مومكین نییە. هەروەها دەنگۆ هەیە توركیا لە رێگەی پەرلەمانەوە یاسایەك بۆ هەموو ئەو زیندانییانەی لەسەر پشتگیری لە پەكەكە دەستگیر كراون، دەربكات و ئازاد بكرێن.
میدیاكانی نزیك لە پەكەكە دەڵێن، ئەوەی لەسەر پەكەكەیە كردی، ئیدی دەبێت پەرلەمانی توركیا هەنگاوەكان دەست پێبكات، ئەویش ناساندنی زمانی كوردییە لە دەستووری توركیا، هەروەها داننانە بە مافی كورد لە دەستووری توركیا.
بەڵام تاوەكوو ئێستا حكوومەتی توركیا بە فەرمی هیچ شتێكی لەبارەی ئەوەی دوای هەڵوەشانەوەی پەكەكە چی هەنگاوێك دەهاوێن نەگوتووە و تەنیا دووپاتی دەكەنەوە كە توركیایەكی بێ تیرۆریان دەوێت.
رۆژئاوا گرنگترین پرسە لەم قۆناغەدا
موراد یەتكین، نووسەری دیاری توركیا لە نووسینێكدا ئاماژەی داوە، بۆیە پەكەكە دوای ٧٠ رۆژ لە پەیامی رابەرەكەیان بڕیاری كۆنگرەیان دا و دوا كەوت، چونكە بەرپرسانی ئەو پارتە هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە كرد، دوای خۆهەڵوەشانەوە بچنە كوێ؟
وەكوو ئەوەی یەتكین باسی دەكات، رەنگە توركیا چاوپۆشیی بكات لەوەی جەمیل بایك و موراد قەرەیلان و بەرپرسانی دیكەی پەكەكە بچنە رۆژئاوا و لەوێ سیاسەت بكەن.
توركیا، تاوەكوو ئێستاش هەر پێی وایە یەپەگە سەر بە پەكەكەیە و دەبێت لەناو ببرێت. هەروەك باس لەوە دەكەن كە ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا گوتوویەتی، دەبێت هەموو گرووپەكانی سەر بە پەكەكە خۆیان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام لە بەیاننامەكەی پەكەكەدا روونە كە یەپەگە لەناو ئەو پرسەدا نییە، بۆیە ئەگەر توركیا سەرئێشە بۆ یەپەگە دروست نەكات، كەواتە رێككەوتنێكی ژێربەژێر هەیە كە یەپەگە لە لیستی تیرۆری توركیا بهێنرێتەوە دەرەوە و ئەوكات هەموو گەریلاكانی پەكەكە دەتوانن بچنە رۆژئاوا، یاخود ببنە بەشێك لە هێزی یەپەگە.
ئەگەر سەیری میدیاكانی توركیا بكەین، بە تایبەت میدیای ئۆپۆزسیۆن، دەڵێن هەڵوەشانەوەی پەكەكە بە زیانی توركیا دەشكێتەوە و سەركەوتنە بۆ كورد، چونكە رۆژئاوا دەبێتە خاوەن فیدڕاڵی و توركیاش دەبێت دانی پێدا بنێت.
ئەمە جگە لەوەی تەلەڤزیۆنی (سۆزجوو) كە سەر بە جەهەپەیە، دووپاتی كردەوە كە چەكدانانی پەكەكە هیچ سوودێكی نییە ئەگەر یەپەگەشی لەگەڵدا نەبێت، چونكە یەپەگە باڵێكی سەربازیی پەكەكەیە و ئەگەر ئەوانیش چەك فڕێ نەدەن، هیچ سوودێكی نییە.
بەمەوە دەردەكەوێت كە ئەگەر پەكەكە خۆیشی هەڵوەشێنێتەوە و چەكیش فڕێ بدات، ناكۆكییەكان كۆتاییان نایەت، چونكە لەبارەی رۆژئاوا و بوونی یەپەگە، تاوەكوو ئێستا بەڕوونی رێككەوتن نەكراوە و نازانرێت توركیا لەو ڕووەوە پلان و ستیارتیژییەتی چییە؟
دەمیرتاش ئازاد دەكرێت
هەڵوەشانەوەی پەكەكە و هەروەها چەكدانانی، دەرگا دەكاتەوە تا توركیا وەكوو نیازپاكییەك چەند هەنگاوێكی كرداری بهاوێت، لەوانە ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، كە لە ٢٠١٦ەوە بە تۆمەتی ئەوەی پشتگیرییان لە پەكەكە كردووە، دەستگیر كراون.
دەمیرتاش دوای دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، هیچ هەڵوێستێكی نەبوو، تەنانەت بە یەك وشەش سەركۆنەی ئەو هەنگاوەی نەكرد، ئەمەش پێمان دەڵێت كە گفتوگۆ و مامەڵەیەك لەگەڵ دەمیرتاشدا هەیە، بەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا ئازاد دەكرێت و بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای لەسەر جێبەجێ دەكەن كە دووجار ئەو دادگایە داوای كرد دەمیرتاش ئازاد بكرێت.
ئەگەر دەمیرتاش بەرامبەر بەو هەنگاوەی حكوومەتی توركیا بۆ دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو توند بوایە، ئازادبوونی ئەستەم دەبوو، هەروەها كاریگەرییشی لەسەر پرسی چارەسەری دەبوو، چونكە قورسایی دەمیرتاش لە باكووری كوردستان زۆرە، بەڵام بێدەنگبوونی ئەوەی سەلماند، دوای هەڵوەشانەوەی پەكەكە، ئازادبوونی ئەو ئاسان دەبێت.
لە سۆسیال میدیادا ئازادكردنی دەمیرتاش باسوخواسێكی گەرمە و دەیان هەزار هاووڵاتی داوا دەكەن ئازاد بكرێت، چونكە دوای هەڵوەشانەوەی پەكەكە، ئیدی پێویستە دەمیرتاش وەكوو هەنگاوی یەكەمی كرداریی دەوڵەتی توركیا بۆ بەرەوپێشچوونی پرسی چارەسەری كورد، ئازادبوونی دەمیرتاش بێت.
پەكەكە دەڵێت، لە ماوەیەكی نزیكدا بڕیارەكانی كۆنگرەی ١٢ دەخەنە ڕوو، ئەوكات روون دەبێتەوە كە پەكەكە بڕیارەكانی چین، ئایە بەبێ مەرج چەك دادەنێن، یان مەرجیان هەیە!