دواین هەواڵ

کەی بەرپرس دەزانێت کە ئەو خزمەتکاری نیشتیمانەکەیەتی ؟!

‌محەمەد خۆشناو

6 کاتژمێر پێش ئێستا

خزمەتکار ئەو کەسەیە کە هەڵدەستێت بە خزمەتکردنی بەرانبەرەکەی و دابینکردنی پێداویستی و کاروبارەکانی ، خزمەتکار ئەو کەسەیە هەست بە بەرپرسیارێتی لە ئەرک و کارەکانی دەکات ، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە ناوەوەی مرۆڤ هەڵقوڵاوە ، ئەوەیە کە تۆ کارێک دەکەیت وا هەستدەکەیت کە کارەکە موڵکی خۆتە ، کاتێک کرێکارێک ، کارگوزارێک ، پزیشکێک ، سەرمایەدارێك…تاد بە دڵسۆزی و جدی و ڕێکوپێکەوە کارەکەی ڕادەپەڕێنێت ، ئەوە خزمەت بەخۆی و  بەرانبەرەکەی  و نیشتیمانەکەی دەکات ، ئەم خۆبەموڵکزانی کار و ئەرک هۆکاری سەرەکی هەڵسانەوەی گەلانە ، بەڵام پشتگوێخستن و نەبوونی کارایی و بێتوانایی لە ڕێکخستنی ئەدای گشتی و لەدەستدانی پێوەرەکان و غیابی لێپرسینەوە ترسناکترین شتن کە بەروەڕووی وڵاتان دەبنەوە ، کە  بەداخەوە ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە پشتگوێخستنێکی تووندەوە لە زۆرێک لە کارەکانمان لە هەموو ئاستەکاندا دەناڵێنین و فرامۆشی دەنوێنین ، ئەمە هەقیقەتێکە دەبێت پێی بزانین و خۆمانی لێڕزگاربکەین ، بەرپرسی دەسەڵات دەبێت ویژدانی نیشتیمان بن و کارلێک لەگەڵ هاوڵاتی بکات ، هاوڵاتیەک کە بەدەست زۆرێک لە کێشە و سەختی ژیان دەناڵێنێت ، بەرپرس نابێت دووربێت لە هاوڵاتی و لە لووتکەی تاوەرەکەدابن ، هەربۆیەش متمانە لەدەست دەدەن ، هەندێک پێیان وایە کە بەرپرسیارێتی بەمانای مافی ئەوەی کە هەق بداتە خۆی ئەو کارە بکات و ئەوانی دیکە ئەو مافەیان نیە ، بەمەش شکست و قەیران لەدایکدبێت ، ئەگەریش بەووردی ڕۆلی بەرپرس دیارینەکرێت ، ئەوسا دەگۆڕێت بۆ هەڵە و شکستهێنان و تەقینەوە ، بۆیە ئێستا ئێمە لەهەموو کات زیاتر و بە پەلە پێویستیمان بەوەهەیە کە بەڕوونی و شەفافی مامڵە لەگەڵ هەڵە و شکستەکانمان بکەین ، تەنگوچەڵەمەی بەرپرسان ئێمە ئەوەیە کە دان بە هەڵە و شکستەکانیان ناهێنن ، لە 15 ئۆگستی 1945 « هیرۆ هیتۆ »ی ئیمڕاتۆری ژاپۆن دانی بە شکستی ژاپۆن لە جەنگی دووەمی جیهان نا ، ئەو داننانە بوو کە بووە سەرەتایەک بۆ هەڵسانەوەی  گەورە و مەزنی ژاپۆن ، گومانی تێدا نیە کە دەروازەی سەرکەوتن بریتیە لە ڕێڕەوێکی درێژ و سەخت و ، شکستهێنانیش بەنسبەت سەرکەوتووەکان وێستگەیەکی زەڕووڕیە بۆ کۆکردنەوەی هەناسە و هێنانەدی وانە و پێشخستنی خود  ، بەرپرس دەبێت ئەوپەڕی سینگفراوونی بەرانبەر هاوڵاتی هەبێت ، بەرپرس نابێت بە ڕوخسارێکی مۆن و ئاڵۆز دەرکەوێت ، هەندێک بەرپرس بەتۆپزی پەنجەرەی زەرەدەخەنە بەرانبەر هاوڵاتی دەکەنەوە ، وەک ئەوەوایە کە بەسەر شاخێک سەرکەوێت کە ناچار پاڵ بەخۆیەوەبنێت ، ئۆسکار وایڵد شاعێر و ڕۆمانوسی ئێرلەندی « 1854-1900 » لە شاکارە جوانەکەی « دوریان گرای »دا دەڵێت :( ئەگەر پیاوی ئەشکەوت زانیبای چۆن پێدەکەنێت ، ئەوا ڕەوتی ميژوو دەگۆڕا ) ، زەردەخەنە مێژوو دەگۆڕێت ، پێکەنین و وشەی جوان بریتیە لە خاوێنکردنەوەی ناخی مرۆڤ لە تەپوتۆز ، پێویستە  بەرپرس  ژینگە و دوروبەری ئینسانی لەبەرچاو بێت و ، وشەی میهرەبان و پەیوەندیە پاڵپشتیەکان ڕۆلی سەرەکی دەگێڕن لە ساڕێژکردنەوەی برینەکانی روح ، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر خاک و هاوڵاتی زەڕوڕەتێکی وجودیە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت ژیانێک بژین کە مانای هەبێت ، ئەمە ئیعلانکردنی سەرکەوتنی دەروونە بەسەر شکست و قەیران و تەنگوچەلەمەکان  .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP