دواین هەواڵ

پەکەکە بۆ وایکرد؟

‌دڵشاد ئەنوەر

5 کاتژمێر پێش ئێستا

بڕیاری پەکەکە بۆ “خۆ هەڵوەشاندنەوە”و ئەنجامدانی کۆنگرە تا ڕادەیەک دڵەڕاوکێی لەناو شەقامی کوردیدا دروستکردووە، بەڵام وادیارە پرۆسەکە لەوە گەورەترە بەڕووکەش لێی بڕوانرێت، چونکە مەسەلەکە گرێدراوە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە.

پرسی ئاشتی لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت، تورکیا ترسی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە( هەرچەندە تورکیاو ئیسرائیل دانوستان لەنێوانیان دروستبووە)و  ئەردۆغانیش ترسی لە پێگەی خۆی هەیە، پەکەکەش کۆمەڵێک ئامانجی هەیە.

تورکیا وایدەبینێت گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو دیزاینی نوێ ڕێگە بە بەردەوامی دەوڵەتی نەتەوە نادات بەشێوەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەمە جگەلەوەی دۆخی کورد لە ناوخۆو تەنیشتیشی گۆڕاوە، بەوەی شەقامی کوردی لەباکور دەکوڵێت، لە باشور خاوەن قەوارەیەو لە رۆژاڤاش خەریکە پێدەگات، لە رۆژهەڵاتیش گۆڕانکاری لە ئان و ساتدایە، بۆیە لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکات.

خودی ئەردۆغانیش پێگەی بەراورد بە جاران لاوازتر بووە، بۆ قۆناغەکانی داهاتوو پێویستی بە پشتیوانی کوردە، بەتایبەت جەهەپەی رکابەری بەهێزتر بووە، گەر جاران سێ ملیۆن ئەندامی هەبووبێت، بۆ مەسەلەی ئیمام ئۆغڵۆ ١٥ ملۆن ئیمزای کۆکردەوە، ئەمە بۆ ئەردۆغان ڕاچڵەکینێ گەورەبو.

سەبارەت بەپەکەکەش، پەکەکە کۆتایی هێنانی خەباتی بەو ناوەوە ڕاگەیاند، پێدەچێت بیەوێ بەناوی ترەوەو بەشێوەی جیاوازتر بەردەوامی بەخەبات بدات، ڕەنگە لەمەدا ئامانجی ئەوەبێت ناوی لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.
پێشتر پەکەکە بە نزیکایەتی ئێران تۆمەتبار دەکراو ترسی هەبوو لەوەی بەچاوی حزبوڵاوە لێی بڕوانرێت، بەڵام لەڕێگەی بەدەنگەوە چوونی پرۆسەی ئاشتی ئەمەی لەسەر خۆی لابرد و ئێستاش نێوانی لەگەڵ ئەمەریکا باشە.جگە لەوەش پژاک نزیکە لەپەکەکەوەو هێزێکی تەواو بەهێزو تۆکمەیە، دەتوانێت لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو سودی لێ ببینێت.

پەکەکە بەهەنگاوە نوێیەکانی بەشێوەیەکی باش توانی موخاتەبەی شەقامی تورکی بکات بۆ ئەوەی وەکو هێزێکی تیرۆرست لێی نەڕوانرێت، بەڵکو وەکو هێزێکی ئاشتیخواز تەماشا بکرێت. جیاواز لەوەش پەکەکە بوبوە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ هەسەدەو کوردی سوریا، لەکاتێکدا ئەوان لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە وەکو هاوپەیمان لێیان دەڕوانرێت، ئا لێرەوە ڕەنگە مەسەلەکە دەستی وڵاتانی زلهێزی تێدا بێت، تا کێشە لە هەسەدە دوور بخرێتەوە.

ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، ئایا پرۆسەی ئاشتی سەر دەگرێت و پەکەکە کۆتایی دێت؟

بێگومان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هێشتا زووە، هەرچەندە چەکدانان ئەگەرێکی ئێجگار لاوازە، چونکە هێشتا تورکیا هەنگاوی گەورەی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەناوە. تورکیا هێشتا بڕیاری هەموارکردنەوەی دەستوری نەداوە، لێبوردنی گشتی دەرنەکردووەو زۆر ڕێوشوێنی تری پێویست نەگیراوەتەبەر، بۆیە داهاتووی پرۆسەی ئاشتی هێشتا زووە هەڵسەنگاندنی جدی بۆ بکرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP