دواین هەواڵ

بۆچی چین و ئەمریکا لە عێراق ڕکەبەریی ناکەن؟

‌د.سەردار عەزیز

2 رۆژ پێش ئێستا

نەبیل مەرسومی، کە وەها دەناسرێت کە شارەزای ئابورییە، بابەتێکی نوسیوە کە گوایە ئەمریکا و چین لە عێراق کێبڕکێ دەکەن.
بابەتەکە کاریگەری گرێبەستەکانی ئەم دواییەی حکومەتی عێراقیی و حکومەتی هەرێمی لە سەرە. بەڵام دیدەکە هەڵەیە.
تەنها لەبەر ئەوەی کە حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا گرێبەستی کردوەو حکومەتی عێراقی لە گەڵ کۆمپانیای چینیدا، ناتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم دوو وڵاتە لە کێبڕکێدان لە عێراقدا.

لەبەر ئەم هۆیانەی خواروە:

یەکەم، میتۆدەکە لە تێگەیشتنی کۆنی جەنگی ساردەوەیە کە چین و ئەمریکا وەک ئەمریکا و سۆڤیەت لە هەموو کونجێکی دونیادا کێبڕکێ دەکەن. ئەمە وەها نیە. لە کاتێکدا کە دەنوسم، چین و ئەمریکا لە لەندەن لە گفتوگۆدان و نەوت و غاز بە هیچ شێوەیەک لە ئەجیندادا نیە.

دووەم، ئەوەی ئەمڕۆ کێبڕکێی لە سەرە دوو بوارە، بوارێکیان بریتیە لە کانزا دەگمەنەکان کە بریتین لە ١٧ ماددە کە دەچنە پیشەسازییە گرنگەکانی داهاتوەوە، وەک پاتری، ژیریی دەستکرد، ژینگە و ئۆتۆمبیل و چپس.
بڕی هەرە زۆری ئەم کانزایانە لە چین بەرهەم دێت. ئەمریکا و دونیا پێویستیان پێیەتی، بۆیە لە جێگاکانی وەک ئەفریقا و شوێنەکانی تر لە کێبڕکێدان.

سێیەم، بە پێچەوانەی سەردەمی جەنگی ساردەوە، نەوت بەشێک نیە لە ئاسایشی وزەی ئەمریکا. ئەمریکا دەتوانێت نەوت لە هیچ کوێی دونیا هاوردە نەکات. ئەگەر هاوردەشی بکات لە وڵاتانی وەک کەنەداو فەنزوێلا دەیکات. بۆیە پرسی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا تەنها پرسێکی ئابورییە. ئەمەش سیاسەت دەتوانێت کار ئاسانی بکات بەڵام ناتوانێت بیچەسپێنێت، چونکە نرخ و بازاڕ لە جێگای ترن.

چوارهەم، کاتێک ترەمپ چوە سعودییە، تەنها جارێکیش ناوی نەوتی نەهێنا. ئەوەی داوای کرد کە سعودییەکان پارەکانیان لە ئەمریکا بخەنە کارەوە. دیارە سعودییەکان پارەکانیان لە نەوتەوە دێت، نەوتیش دەبێت بفرۆشرێت، گەورەترین کڕیاری نەوتیش چین و هیندن. بۆیە ئەمریکا ناچێتە کێبڕکێیەکی وەهاوە. ئێستا وەک جاران نیە، کە نەوت خۆی گرنگ بێت، بەڵکو داهاتی نەوت گرنگترە. کێ و چۆن لە داهاتی نەوت سودمەند دەبێت.

پێنجەم، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت ڕێگریی لە نەوت بۆ چین بکات، ئەوا وەک ڕاگەیاندنی شەڕە دژ بەو وڵاتە. ئەمڕیکا ئەمە ناکات، چونکە شەڕەکە لە بواری تەکنەلۆجیا و داتا و چپس و زانیارییە نەک نەوت.

شەشەم، ئەو کۆمپانیایانەی کە لە گەڵ کوردستاندا گڕێبەستیان کردوە هێندە زەبەلاح نین ببنە مایەی کێبڕکێ. دیارە بۆ کوردستان ڕەهەندی جیوپۆلەتیکی هەیە، ئەگەر ئەمریکا داکۆکییان لێبکات. بەڵام ئەم دیدە دیسانەوە هەڵەیە، چونکە هی سەردەمی جەنگی ساردە کە ئەمریکا نەوتی کەنداوی وەک بەشێک لە ئاسایشی وزەی ئەمریکا دەبینی. بەڵام ئێستا وەهانیە، بۆیە نەوت تەنها کاڵایەکی بازرگانییە.

بۆ ئەمریکا بونی هواوی زیاتر جێگای بایەخە لە عێراق نەک کۆمپانیای نەوت. دیارە پرسەکە بۆ چین زۆر جیاوازە. پرسی ئاسایشی وزەی چینی خاوەن عەقڵیەت و مێژوی تایبەتی خۆیەتی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP