دواین هەواڵ

بەغدا بە حسابی خۆی هەرکات داشی دامەی سوار بێت پەلاماری کوردستان دەدەن

‌راژان عەبدولڕەحمان پیرۆ

2 رۆژ پێش ئێستا

لە وەتەی کە دەوڵەتی عێراق دامەزراوە لە سەردەستی کۆلونیالیزمی ئینگلیزەوە تاکو ئەمڕۆ کە زیاتر لە سەدەیەکە بە شێوەیەکی بەردەوام هەڕەشەی لە کورد کردووە و هەم بە ئاگرو ئاسن و هەمیش بە جورەها شێوازی تر بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامە نەتەوەیی کورد و تواندنەوەی لەنێو بوتەی خۆیاندا.

شۆڕشەکانی کورد بە تایبەت شۆڕشەکانی بارزانی لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا نەک هەر ناسنامەی کوردیان پاراست بەڵکوو لەوەش بەولاتر دوژمنانی دۆزی نەتەوەی کوردی بە چوکدا داهێنا و دانیان نا بە گشت مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان؛ هەرچەندە هەموو جار پاشگەز دەبونەوە لەو ڕێککەوتنانەی کە واژوویان لەسەر دەکرد ئەمە لە کاتێکدا بووە دوای ئەوەی کە خۆیان بەهێز دەکردەوە پەلاماری کوردیان دەداوە.

بەغدا فێری ئەوەیە هەر کات بە حسابی خۆیان داشی دامەیان سوار بێت پەلامارمان دەدەن و پێچەوانەکەش ڕاستە؛
ئەوەی کە ئەمڕۆش دەبینین نۆخبەی سیاسی شیعەی عێراق لە دەسەڵاتدا پەیرەوی لە هەمان سیاسەتی جاران دەکەن و دەیانەوێت بە بیانووی جوراوجور و بێ بنەما موچەو بودجەی هەرێمی کوردستان وەک کارتێکی گوشار دژی هەرێمی کوردستان بە کاربێنن و بڕیاری بڕینی موچەی موچەخورانی هەرێمی کوردستانیان دا بۆ ئەوەی هەرێم لە هەمبەر گوشارەکانیاندا چۆک دابدات.
ئامانجی بەغدا ئەمجارەیان زۆر مەترسیدارە، چونکە بە پلەی یەکەم مەبەستیان هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی فیدراڵیە و دەوڵەتی عێراق بەرەو ناوەندیەت ببەن؛ ئەمەش لە هێرشی میدیایی و سیاسییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەک مانگە شەو دیارە.

نازانم دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بە چ شتێکی خۆیانەوە شانازی دەکەن؟


بە گەندەڵی کە هەتا سەر ئێسکان لە ناو گەندەڵیەوە نقوم بونە و هەر چی سەروەت سامانی زەبەلاحی ئەم وڵاتەیە لە سەر حسابی گەلی خێر لە خۆ نەدیوی عێراق دەبەخشنە وڵاتێکی هەرێمی و، سەرەڕای ئەوەیش کە خۆشیان بونەتە خاوەن سەروەت و سامانێکی یەکجار زۆر.

ئێستا عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە لە لیستی گەندەڵترین دەوڵەتانی جیهان دا ناوی هاتووە و دێت؛ هەروەها عێراق بە ئەنفال کردنی گەلی کوردستان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە شانازی دەکات! بێ ڕەوشتی وڵاتێکی وەک عێراق کە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بێ موڕاڵی ئەم وڵاتە بەردەوامە دژی کورد بە تایبەتی؛ چونکە بڕینی قوتی گەلی کوردستان درێژەدانە بە سیاسەتی برسیکردن کە هیچی لە زیندە بەچاڵکردن و کیمیابارانکردنی حەڵکی سڤیلی کوردستان کەمتر نیە بگرە زیاتریشە.

شایانی باسە ئەوەی کە کاتی خۆی ڕژێمی بەعس لە گەڵ گەلی کورد ئەنجامی دا، گەر دەسەڵاتدارانی شیعە بویان بچێتە سەر زۆر خڕابتر بەسەر ڕوڵەکانی گەلەکەماندا دێنن
چۆنکە ئەقڵیەتی سیاسی ئێستا و ڕابردوو یەک ئەقڵیەتە؛ هەربویەش دەبێ کورد چی لە عێراقێکی نادیموکراسی چاوەڕێ بکات؟

ئەوە سەدساڵ زیاترە ئاپارتاید حاکمە لەم وڵاتەدا، بۆیە ئەستەمە هەڵکردن لە گەڵ ئەمانەو، باشترین بژاردە بە بڕوای خۆم ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ببێتە سیستەمێکی کونفیدراڵی و عێراق لە سەر ئەم بنەمایە دابەش بکرێت وەک باشترین چارەسەر بۆ ڕزگاربوونی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە یەکجاری..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP