هەرێم نیوز
ئەندامێکی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بە بڕیارێکی تەواو سیاسی و ستەمکارانە پێناسە کرد. جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتی فیدراڵ پابەندی دەستوور نەبووە.
ئەمڕۆ هەینی هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز عەرەبی، ڕایگەیاند، پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ خراپە، بە تایبەت دوای بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
زێباری ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری ڕاگرتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەر لە هاتنی جەژنی قوربان، بڕیارێکی تەواو سیاسی، ستەمکارانەیە و لە کاتێکی خراپ دایە.
ڕاشیگەیاند، حکومەتی عێراق بەم بڕیارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی پەراوێز خستووە و هەنگاوێکە بۆ زەوتکردنی مافە سروشتی و دەستوورییەکانیان، هاوکات ئەم هەنگاوە ئامانجی لاوازکردنی هەرێم و ئیدارەی فیدراڵی دەستوورییە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراقدا هەبووە.
وتیشی، هەرێم پشکی لەسەدا ١٢ی بودجەی هەیە، بەڵام حکومەتی ناوەندی پابەندی دەستوور و یاسا نین و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی پێشێل کردووە، هەر ئەمەش هۆکاری دروستبوونی قەیرانی ئابووریی لە هەرێم بووە.
جەختی لەوەش کردەوە، بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق پێچەوانەی دەستوور و فیدراڵییەتە و، ئامانج لێی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە.
سەبارەت بە هەڵوێستی داهاتوی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: لەدوای بڕیاری راگرتنی موچە كە بڕیارێكی ستەمكارانەیە، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداد تێكچوە و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە پێدەچێت كە كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكشێتەوە و بەغداد بەجێبهێڵێت.
ڕوونیشیکردەوە، هەرێمی کوردستانی عێراق “پەیوەندییەکی بەرفراوان و بەهێزی لەگەڵ ئەمەریکا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی عەرەبی، وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، تورکیا، ئێران، و نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە. ڕەنگە ئەم پرسە بەنێودەوڵەتی بکرێت، ئێمەش تۆڕی پەیوەندییەکانمان بەکاردێنین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە”.