دواین هەواڵ

ترەمپ و خامنەئی و پیتزا

‌د.سەردار عەزیز

19 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای سێ دانیشتن لە گەڵ تیمەکەیدا ترەمپ هێشتا بڕیاری بەشداری ڕاستەوخۆی سەربازی نەداوە دژ بە ئێران. ڕەنگە هۆکارێک ئەمە بێت کە بەشێک لە تیمەکەی پێی دەڵێن ئێران هێشتا چەند ساڵێک لە دروستکردنی چەکەوە دوورە، بۆ نمونە تلوسی گابار.
ترەمپ لە داکوتانی ئاڵایەک لە حەوشەی کۆشکی سپی زیاتر جەختی لە سەر وشەیەکی سێکسی دەکردوە بۆ داکوتاندن، کە ئەویش ڕەپ کردنە، دەیگوت بە ئی دەست پێدەکات و نایڵێم، مەبەستی ئیرێکشن erection بوو.
ئێستا چاودێران بۆ زانینی بەشداری پەنتاگۆن پەنایان بردوەتە بەر دیاردەیەکی پێکەنیناوی، ئەویش ئەو قیلوقالەیە کە گوایە هەر کاتێک پەنتاگۆن هێرشی سەربازی بکات، ئەوا خواست لە سەر پیتزا، بە تایبەتی لە درەنگانی شەودا بەرز دەبێتەوە. بۆیە چاودێران پەیوەندییەکیان دروستکردوە لە نێوان ژمارەی پیتزای داواکراو و بڕیاڕی شەڕدا لە لایەن پەنتاگۆنەوە، دیارە جگە لە نوکتەیەک نەبێت هیچی تر نیە.
لە ڕاستیدا ترەمپ نایەوێت بەشەڕ ئێران ملکەچ بکات، بەڵکو خەونی ئەوەیە کە بەبێ شەڕ خامنەئی ملکەچ بکات، ئەمەش وەک سەرکەوتنێک بۆی لە قەڵەم دەدرێت و لە فشاری ناوەوە دەیپارێزێت. بەڵام لە هەمانکاتدا جوڵەی سەربازی ئەمریکی بەرەو ناوچەکەیە.
دوێنێ دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئێرانییەکان بە دوو فڕۆکە، کە یەکێکیان فڕۆکەی پزیشکیان بوو هاتوون بۆ مەسقەت، تەنانەت ماڵپەری ئەمواج کە لە لایەن زەریفەوە بەڕێوەدەبرێت بە نارونی بابەتێکی دەربارەی نوسی بوو، کە دەکرێت ئاماژەبێت بۆ ڕەزامەندی باڵی ئیسلاح تەڵەبەکان بۆ تەسلیمبوون.
هێشتا شەڕەکە بەردەوامە، لە کاتێکدا ئیسرائیل وەهای دەزانی سەرکەتوە لە کۆتایی هێنان بە هێرشە ڕۆکێتیەکانی ئێران، کاتێک ئێران بۆ ڕۆژێک هێرشی نەکرد، بەڵام دەرکەوت تەنها یارییەکی شەڕبوو، ئیسرائیلییەکان هەڵەبوون.
ئێستا ستراتیژی ئێران ئەوەیە کە چۆن ئەمریکا بە دوور بگرێت لە شەڕەکە هیچ نەبێت بە ڕاستەوخۆ. ستراتیژی نەتانیاهوو ئەوەیە کە ڕژێمەکە بڕوخێت، نەک بگۆڕدرێت، ئەمریکیەکان هەتا ئێستا دانوستانیان پێ باشە، بەڵام دانوستانی تەسلیمبون.
بەم پێیە شەڕەکە درێژە دەکێشێت. یەکێک لەو عەقیدانە کە سەریهەڵداوە بۆ هێرشی ئیسرائیلیەکان، عەقیدەی زاحیەیە. ئەم دۆکترنە لە باشوری لوبنان بەکارهات، مەبەست لێی ئەوەیە کە کاتێک لە گوندێک تەقەیەک دەکرێت ئەوا گوندەکە تەخت دەکرێت. کاتێک ئەمەم بیست سەدامم بیرکەوتەوە، کاتێک لە شوێنێک تەقەیەک دەکرا لە سەردەمی سەدام ئەو شوێنە دەڕوخێنرا.













All reactions:
315Kosar Abdulla, Azad Osman and 313 others

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP