ئەمڕۆ ناوچەکە ئەکوڵێت و،چاوەڕوانی هەموو ئەگەرێکی لێ دەکرێت بە بۆنەی جەنگی ئێران ئیسرائیلەوە،بەرکەوتەی جەنگەکەش بە دیاری کراوی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و پارچەکانی تری کوردستان دەگرێتەوە،یان ڕاستر بڵێن کاریگەری راستەوخۆی بۆ ناوچە کوردیەکان و گەلی کورد هەیە،چونکە لێکەوتەی جەنگەکە کە ئەمەریکاشی تێکەوتوە پێ دەچێت تەنها ئێران نەگرێتەوەو پریشکی عێراق و تورکیاش بگرێتەوە،عێراق بەهۆی سەرکێشی گروپە چەکدارەکانی نیزیک لە ئێران و تورکیاش پێ ئەچێ دڵیان خەبەری دابێت لە ئەگەری بە ئامانج گرتنیان،هەر وەک باخچەلی لەسەرەتای شەڕەکەوە ڕایگەیاند کەشەڕی ئێران و ئیسرائیل ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ تورکیا و لەهەر گۆڕانکاریەک لە نەخشەی ناوچەکە تورکیاش بە ئامانج دەگیرێ،ئەردۆگانیش لە تازەترین شیوەنی دا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێگا نادات سایکس بیگۆیەکی تر لەسەریان بە ئامانج بگیرێت.لەڕاستی دا لە هەموو خوێندنەوەکان بۆ هەڵگیرسانی ئەم جەنگە ئاماژە بە گۆڕانکاری لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت،لەو نێوەدا ئەمەریکاو وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپای هاوپەیمانی ئەمەریکا دەیانەوێت خەونی ئیسرائیل بەدی بهێنن لە دروستکردنی نەخشە ڕێگای داود،کە خەونی ئیسرائیلییەکانەو چەند مانگێک بەر لە ئێستا بنیامین ناتانیاهۆ،ئەوەی نەشاردەوەو لە دەستیا ئاماژەی بۆ نەخشەکە کرد،کە بە جێبەجێکردنی ئەو خەونەی ئیسرائیل بە شێوەیەک سنورەکەی فراوان بکرێت و وا بکرێت مەترسی سەر ئیسرائیل وا بڕەوێتەوە کە گەلی ئیسرائیل بە ئارامی ئیدامەبە ژیانی خۆیان بدەن،جا ئەوەی لێرەدا مەبەستە بگوترێ،جەنگەکە بەرپا بوەو تا دێت زیاتر پەرە دەسێنێت و خەریکە پریشکەکەی هەموو ناوچەکە دەسوتێنێت،بۆیە کورد لە ناوچەکە بەتایبەت لە باشوری کوردستان دەبێت بۆ ئەم قۆناغە چی بکات باشە،کە هەموو ناوچەکە هەست بە مەترسی پێشهاتەکان و لێکەوتەکانی شەڕەکە دەکەن کورد نەبێت،کە دەبوایە لە ئێستادا حیزبە سیاسیەکانی کوردستان ژورێکی عەمەلیاتیان پێک بهێنایە و بە وردی چاودێری بارودۆخەکەیان بکردایە بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەگیان هەبوایە،بە تایبەت لە باشوری کوردستان هەوڵ بدرایە پەرلەمان کارا بکرایەوە حکومەتی هەرێم پێک بهێنرایە،چونکە حکومەتی هەرێم دامەزراوەیەکی یاساییەو دەیتوانی لە ئەگەری هەر پێشهاتێک ڕۆڵی کارای هەبوایە،تا لە گەڵ گۆڕانکاری و پێشهاتەکان دا ڕێگای بکردایە نەک پەرلەمان و حکومەت لەم کاتە هەستیارەدا ئیفلیج بکرێت لە دوای ڕوداوەکانەوە لۆقە بکرێت،بەڵام بە داخەوە ئەڵێم لە جێی هەموو ئەوانە حزبە کوردیەکان بە حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە کەوتونەتە وێزەی یەکتری و لە شکاندنی یەکتری دریخی ناکەن،کێشەکەش لەوەدایە وەک هێمنی شاعیر فەرمویەتی هەر بەردێک لە ئاسمانەوە بکەوێتە خوارێ دەپرسێ کوانێ ماڵی مام هێمن،بۆیە بە کورتی و بە کوردی ئەگەر کورد لەم قۆناغەدا یەکگرتوو نەبێت لە کاروانەکە جێ دەمێنن و لە ژێر پێلەقە دەپلیشێنەوەو هیچیشیان پێ نابڕێت ،تەنانەت ئەوەی هەشیانە لە دەستیان دەچێت ئەگەر بە خۆیان دا نەچنەوە.