دواین هەواڵ

سەرکردە دەبێت واقیع وەک خۆی ببینێت نەک وەک ئەوەی تەمەننای دەکات !

‌محەمەد خۆشناو

3 کاتژمێر پێش ئێستا

هیچ سیاسەتێک لە دەرەوەی واقیع نیە .
                                         شارل دیگۆل

قورسترین شت لە سیاسەتدا بریتیە لە بینینی واقیع وەک خۆی ، ڕەنگە ئەم قسەیە لە یەکەم نیگادا شتێکی ئاسان بێت بۆ ئەنجامدان ، سیاسەتمەدار تەنها دەبێت داوای زانیاری وورد و دروست بکات بۆئەوەی وێنەکە لەسەر واقع بونیاتبنێت و ، لەو زەمەنەی ئێستاشماندا وەرگرتنی زانیاری لەسەر هەر شتێک لە شتەکان قوورس نیە ، بینینی واقیع هەروا بەو ساناییە نیە کە ئێمە دەیبینین ، ئێمە هەرچەندە واقیع وەک ئەوەی خۆی دەبینین ، بەڵام دەیبینین دوای ئەوەی بە مێشکماندا دەڕوات بە هەموو تێڕوانیە پێشوەخت و هیوا هەڵچنراو و خەونی هیوابەخش و هەتا وەهمە ڕەگداکوتاوەکان ، لێرەوە مەترسیدارترین ئەرک بۆ هەر سیاسەتمەدارێک یان سەرکردەیەک بەدیاردەکەوێت ، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت مێشکی خۆی لەو  هەمەڕەنگ و سێبەرانە ساف بکاتەوە کە بەرچاوی ڵێڵ دەکات کە لەوانەشە بەتەواوی تەمەکە چاوی داپۆشێت ، ئەگەر دەیەوێت واقع وەک خۆی ببینێت نەک بە ئاواتی خۆی بیبینێت ، دەبێت لە مێشکی ئاوات و تەسەوڕات و بیروهزری پێشوەختە و ئایدۆلۆژیایەکان ڕیشەکێشبکات ، لێرەدا بۆمان ڕوندەبێتەوە کە هیچ ئەرکێک لەم ئەرکە قورستر نیە ، چونکە واقیع بە چاوەکانی خۆمان نایبینین بەڵکە بە مێشکمان دەیبینین بە هەموو باری قورسی بیروهزر و دیدگا و تەسەورات و ترس و بیروباوەڕی چەسپاو جا ئایدۆلۆژیایی بێت یان ئاینیی ، جا کە سەرکردە سەیری واقیعی کرد وەک ئەوەی ئاواتەخوازە ، ئەوە ئەو سەرکردەیە قوڕ دەکاتە سەر خۆی و وڵاتەکەی و کۆمەڵگەکەی ،  نابێت سەرکردە بە عەقلیەتی غەریزەیی سەیری واقیع بکات ، چونکە عەقلیەتی غەرائیزی واقیع تەنها لەمیانی حەز و شەهوەتەکانیدا دەبینێت…..شەهواتی هەڵچوون و توڕەیی و غەریزە شاراوەکانی دەروون  ،  عەقلیەتی غریزەیی بریتیە لە کۆنتڕۆلکردنی غەریزە ئاژەڵیەکان بەسەر هەموو ڕەفتارەکانیدا ، سیاسەت پێویستی بە  «کۆعقلێکی سوپەر » نیە ، بەڵکو پێویستی بە نیزامێکە غەریزەی تاکەکەس دامرکێنێت و سەرلەنوێ ئاراستەی بکاتەوە بەرەو بەرژەوەندی گشتی ، كە دەڵێین سەرکردە دەبێت واقع وەک خۆی ببینێت ، ئەوە بەو مانا نیە کە سیاسەتمەداری واقیعبین هەمیشە وەک دیلی واقیع و ئەوەی تەنیا لە هەموو هەڵبژاردەکانیدا هەیە بمینێتەوە ، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدات لەڕێگەی کەڵەکەبوونی چەندایەتی و چۆنایەتی لە میسالیات « ئایدیاڵ » و ئەوەی هەیە نزیک ببێتەوە ، سیاسەتمەداری واقیعبین دەبێت هەمیشە بە هۆشیاری و ووریایی و جیاکاریی نێوان ئەوەی واقیعە و ئەوەی  میسالیاتە و  هەروەها نێوان ئەوەی مومکینە بێتەدی لەژێر ڕۆشنایی واقیع و ئیمکانیات و قۆناخی مێژوویی بزانێت ، بەبێ ئەو جیاکاریەش کاری سیاسەتمەدار فەشەلهێنان دەبێت و ، هەوڵەکانی و ژیانی بە بيهیوایی کۆتایی دێت ، مێژوونوسی ناودار « ئەرنوڵد توینبی » لە بیردۆزی ( تەحەدا و وەڵامدانەوە ) فێرمان دەکات کە شارستانیەکان و گەلان و وڵاتان بە خۆکوشتن دەمرن نەک بە کوشتن ، ئەمەش کاتێک وەڵامی سلبی دەدەنەوە بۆ ئەو تەحەدیانەی کە ڕوبەڕوویان دەبێتەوە و یان هەروەها کاتێک ڕەتیدەکەنەوە کە دان بە گۆڕانکاریەکانی واقیع و سەردەمەکە دابنێن و ئەولەویەت بۆ واقیع دانانێن  ، یان کاتێک نوخبەی سیاسی و هزری لە خەیاڵ و ڕابردودا دەژین، بەمە سەرئەنجام شۆکی واقیع « صدمة الواقع » خۆی بەسەر هەموو بژاردەکاندا دەسەپێنێت و ، بەمەش وڵاتەکە یان حکومەتەکە هیچی لەبەردەمدا نامێنێت تەنیا دوو ڕێگای گەورە  نەبێت : یان دەبێت واقیع وەک خۆی ببینێت و  لەسەر ئەو بنەمایە دووبارە خۆی جێگیر بکاتەوە ، یان بەرەو ڕێڕەوە ئایدۆلۆژیەکەی بە هەموو هیوا و وەهمەکانی بڕوات ، کە ئەمەش دەیگەیەنێتە کۆتایی حەتمی .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP