دواین هەواڵ

تەسلیمبوون بەڵام هەزم ناكرێت

‌كارزان گلی

13 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمڕۆ پەكەكە چەك دادەنێت، دوای نیو سەدە خەبات و تێكۆشان بۆ بەدیهێنانی مافی كورد، بەبێ مەرج چەكەكان لەناو دەبات. توركیا ئێستاش دەڵێت پرۆسەی (توركیای بێتیرۆر)، لە هیچ پرۆسەیەكی ئاشتیش لە دونیادا، كاتێك دانووستاندن هاتووەتە بوون، زمانی قسە گۆڕاوە و تیرۆر و ناوزڕاندن قەدەغە كراوە، كەچی توركیا هەر دەڵێت تیرۆرست و ئۆجەلانیش بە سەری مار و سەری تیرۆرستان ناو دەبات.

پرۆسەی ئاشتی لە دونیادا، كە پێشتر باسم كردووە، لە دوو بۆ سێ ساڵ كەمتر نەبووە، ئەمەش دوای ئەوەی چەند ساڵێكی دەوێت بۆ زەمینەسازی، كەچی ئەوەی توركیا و پەكەكە، بە حەوت مانگ كۆتایی پێهات و بەروونیش توركیا ئەمە بەسەركەوتن بۆ خۆیان تۆمار دەكەن و دەڵێن توركیا لە تیرۆر پاك دەكەینەوە.

هەموومان لەگەڵ ئاشتین، وەكوو خۆم دڵم دەهێشێت كاتێك چولەكەیەك بكوژرێت، بەڵام ئەمەی پەكەكە و ئۆجەلان دەیكەن، تەسلیبوونە و بەداخەوە بەشێك لە كوردپەروەران ناتوانن هەزمی بكەن، بۆیە هێرشم دەكەنە سەر.

دوای نیو سەدە خەبات چیت كرد؟ ئایە رێگە دراوە كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت؟ ئایە لە دەستووری توركیادا كورد وەكوو نەتەوە ناسێنراوە؟ ئایە توركیا دان بەوەدا دەنێت كە كورد و تورك یەكسانن؟ هیچی نەكراوە، تەنیا ئەوە نەبێت كە كورد و تورك لە پێدانی باج یەكسانن، ئەمە تەسلیبموون نەبێت چییە؟ با یەكێك پێم بڵێت سوپاسی دەكەم.

ئۆجەلان بەڕوونی دەڵێت، بڕوام بەدەوڵەتی كورد نەماوە، بڕوام بە فیدڕاڵی و حوكمی زاتیش بۆ كورد نییە، نەك لە توركیا لە هەرچوار پارچەی كوردستان، ئەو دەڵێت بڕوام بەو دیموكراتییەی توركیا هەیە و كورد لەو چوارچێوەیەدا مافی خۆی وەردەگرێت، ئیتر بۆ تێناگەن و بۆچی ئەمەتان پێ هەزم ناكرێت.

ئێستا پێت دەڵێت برایەتی كورد و تورك، پاشان تۆ دەبیت بە زڕ برای ئەو و لەهەموو شتێكی توركیا بێبەشت دەكات و دەڵێت بەشی تۆ نییە چونكە زڕیت.
ئێستا دەڵێت كورد و تورك، وەكوو گۆشت و نینۆك وان بۆ یەكتری، بەڵام پاشان تۆ دەبیت بە نینۆك و هەر درێژ بیت دەتقرتێنن.

هیوادارم هەڵە بم، هیوادارم ئیدی مافی كورد بەدەستوور جێگر بكرێت و زمانی كورد و نەتەوەی كورد، بەفەرمی بناسرێنرێت و سیاسەتی قەیووم و زیندانی و سڕینەوەی ناسنامەی كورد كۆتایی پێ بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP