کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لە دەستبەکاربوونییەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی سەخت و فرەلایەن بووەوە، لە قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتەوە بگرە تا پەتای کۆرۆنا و ناکۆکییە سیاسیەکان ەگەڵ ئەوەشدا، حکومەت ستراتیژییەتێکی تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان گرتەبەر.
یەکێک لە دیارترین ئەو کێشانەی کە ساڵانێکی دوور و درێژ بوو بەرۆکی هاووڵاتییانی پایتەختی گرتبوو، قەیرانی کەمئاوی بوو، کە حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی ستراتیژی و کرداری چارەسەری بۆ دۆزییەوە.
شاری هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەیەکی زۆر بەدەست گرفتی کەمئاوییەوە دەیناڵاند، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا. هۆکارەکانی ئەم قەیرانە فرە ڕەهەند بوون، لە وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەویەوە بگرە تا نەبوونی کارەبای نیشتمانی پێویست بۆ کارپێکردنی بیرەکانی ئاو ئەم دۆخە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی سەخت کردبوو.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گەورەی دا کە بە "پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر" ناسراوە.
بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە گرنگە لە (٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤) داندرا و وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ پایتەخت بۆ ماوەی ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵی داهاتوو لە قەڵەم دەدرێت.
پڕۆژەکە، کە ئاو لە زێی گەورەوە بۆ هەولێر ڕادەکێشێت، توانای پاڵاوتنی ٤٨٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێکدا هەیە.
جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە چوار هێڵی سەرەکییە و بە تەواوبوونی، نزیکەی ١٢٠٠ بیری ئاو لەکار دەخرێن، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی.
لە (٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٥)
قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە کرایەوە، کە ئاوی بەردەوام بۆ ژمارەیەکی زۆر لەو گەڕەکانە دابین دەکات کە پێشتر زۆرترین گرفتی کەمئاوییان هەبوو.
کردنەوەی ئەم قۆناغە دەرەنجامی پابەندبوونی حکومەتە بە بەڵێنەکانی و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان
“ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان”
سەرکەوتن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی وەها گەورەدا لە کاتێکدا دێت کە حکومەتی هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی جیاجیا بووەتەوە وەکو، قەیرانی دارایی و فشاری بەغدا کە ئێستا بەرەو چارەسەریی دەڕوات، دەریدەخات کە دیدگای حکومەتی هەرێم تەنها کاردانەوە نییە بەرامبەر کێشەکان، بەڵکو کارکردنە بەپێی پلانێکی تۆکمە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری و خزمەتگوزاریی بەهێز.
“کۆبەند”
پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر تەنها چارەسەرێک نییە بۆ کێشەیەکی خزمەتگوزاری، بەڵکو نموونەیەکی دیاری سەرکەوتنی ئیرادەی سیاسی و توانای حکومڕانییە لە بەرامبەر قەیرانە کەڵەکەبووەکاندا. ئەم هەنگاوە ستراتیژییە ئەوە دەردەخات کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری خۆی و دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ هاووڵاتییانی کوردستان دەکاتەوە.