دواین هەواڵ

تۆڕۆسی سپی ئەو ئۆتۆمبێلەی سەدانی كوردی تێدا كوژرا دێتەوە بەرباس

‌كارزان گلی

23 کاتژمێر پێش ئێستا

گەلی باكووریی كوردستان، مێژووییەكی تاڵیان لەگەڵ ئۆتۆمبێلی تۆڕۆسی سپیدا هەیە، چونكە لە ساڵانی نەوەدەكاندا سەدان كوردی تێدا كوژراوە و بكوژەكانیش بەبێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەكیان لەگەڵدا بكرێت ئازاد دەسوڕێنەوە. رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە وتارێكدا باسی لە تۆڕۆسی سپی كرد و دانی بەوەدانا كە دەوڵەت هەڵە بووە و بەكارهێنانی تۆڕۆسیش یەكێكە لەو هەڵانە.

بەیاز تۆڕۆس، ئۆتۆمبێلێكی ئاساییە لە توركیا، بەڵام بۆچی بۆ كورد ئۆتۆمبێلێكە لە شێوەی ئەژدیها؟ چونكە لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا سەدان كورد بەنهێنی كوژراوە.
لەساڵانی نەوەدەكاندا، كوشتنی نهێنی كورد لە باكووریی كوردستان زۆر تەشەنەی سەندبوو، هەموو ئەو كوشتنەنانەش لەرێگەی دەزگا نهێنییەكانی توركیاوە دەكرا، وەكوو ئاساییش و پۆلیسی ئەو وڵاتە، بەڵام بكوژەكان نادیار بوون و بەنهێنی كارەكەیان ئەنجام دەدا.

وەكوو ئەوەی لە میدیاكانی توركیا باس دەكرێت و بەرپرسەكانیان دانی پێدا دەنێن، ئۆتۆمبێلی تۆڕۆسی سپی بەكارهاتووە بۆ كوشتنی ئەو كوردانە، واتە لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا كوردیان كوشتووە و پاشان تەرمەكەیان لە شوێنێك فڕێداوە.
بەرپرسانی دەم پارتی، لەبارەی كوشتنی كورد بەنهێنی لەباكووری كوردستان، باس لەوە دەكەن كە لە ساڵانی نەوەدەكاندا ١٧ هەزار كورد بەنهێنی كوژراوە، یەكێك لەوانە موسا عەنتەر، نووسەری گەورەی كورد بووە لە باكووری كوردستان.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە وتارێكدا گوتی: ”بەدڵنیاییەوە ئێمەش وەكوو دەوڵەت هەڵەمان كردووە بەرامبەر بە كورد، بۆ نموونە ئۆتۆمبێلی تۆڕۆسی سپی، یەكێكە لەو هەڵانە“.

ئەردۆغان نەچووە ناو وردەكارییەوە، بەڵام ئەمە بۆخۆی داننانە بەوەی هەموو ئەوەی لەبارەی تۆڕسی سپییەوە باس دەكرێت راستە و كوشتنی كورد بەنهێنی لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا بووە.
بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا و سەرۆكی جەهەپە، نیگەرانە لەو گوتانەی ئەردۆغان و وەكوو بەرپەرچدانەوەیەك گوتی: ”ئۆتۆمبێلی تۆڕۆسی سپی لەلای ئەو دادوەرەیە كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵوی دادگایی كردوووە.“
ئۆزەل ناوی ئەو دادوەرەی نەهێنا، بەڵام لە سۆسیال میدیا بڵاوكرایەوە، كە ئەو دادوەرەی ئیمامئۆغڵوی دادگایی كردووە، لەسەر مێزی كاركردنی ئۆتۆمبێلی تۆڕۆسی سپی داناوە بۆ جوانی، بۆیە سەزگین تانریكولو، پەرلەمانتاری جەهەپە، كە بەڕەگەز كوردە بڵاوی كردووە، فەرموون ئەمە وێنەی ئەو دادوەرەیە، كە وێنەی ئۆتۆمبێلی تۆڕۆسی سپی لەسەر مێزەكەی بۆ جوانی داناوە، لێكۆڵینەوەكان بەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت.
بەڵام ئەو دادوەرە كە ناوی بڵاونەكراوەتەوە، هەژماری خۆی لە سۆسیال میدیا سڕیەوە و داوای یاساییشی لەسەر ئۆزگوور ئۆزەل تۆمار كرد.

لەباكووریی كوردستان، لە هەر كەسێك بپرسیت تۆڕۆسی سپی لای تۆ چی دەگەیەنێت، وەكوو ئۆتۆمبێلێكی ئەژدیهایی ناوی دەهێنێت و پێت دەڵێن كە ئەو ئۆتۆمبێلە پێویستە لە تەواوی توركیادا نەهێڵدرێت، چونكە سەدان رۆڵەی كورد بەبێتاوان لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا شەهید بووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP