دواین هەواڵ

ئەو نەهامەتییەی پەندی پێویستمان لێ وەرنەگرتووە

‌ئەسرین عاسی شوانی

3 رۆژ پێش ئێستا

ئەو ناونیشانە ڕەشەی سەرەوە کەس نییە پێی ئاشنا نەبێت، بەتایبەت ئێمەی گەلی کورد و بەتایبەتتر لە باشووری کوردستاندا. 

براکوژی، یان شەڕی خۆخۆری و خوۆكوژی، لە مێووی گەلانی جیهاندا سەربردەی دوورودرێژی هەیە، کەم میللەت و گەل لە جیهاندا هەن بەو قۆناغەدا تێپەڕ نەبووبێت، بەتایبەت لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانی و قۆناغەکانی ڕاگوزەر و لە كاتی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا، جا لە ڕێگای کودەتای سەربازییەوە بووبێ یان بە هەر ڕێگایەکی دیكەوە. شەڕی ناوخۆ و ڕشتنی خوێنی برا بە دەستی برای هاوزمان و هاوئایین و هاونەتەوەی خۆی، نەخاسمە لەناو گەلانی دواکەوتوو و داگیركراودا، هەر هەبووە و زۆر کەمن لەوانەی بەو پرۆسە رەش و تاڵەدا ڕەت نەبووبن.
ئەگەر لە دۆخی باشووری کوردستان بڕوانین، بەداخەوە شەڕی براکوژی و خوێنڕشتنی هاوخوێن و هاوزمان و هاونیشتمانییانی ئەم دەڤەرە بە دەستی براكان، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، جا ئەو شەڕە نەگریسەی براکوژی دەستی دەرەکی و دەستی داگیرکەرانی کوردستانی تیادا بووبێت، یان هۆکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی بۆ هەبووبێت.
لە رۆژگاری زووتردا، زۆربەی میرنشین و ئیمارەتەکانی کوردستان لە سەدەكانی رابردوودا، سەرەڕای بەهێزییان و هەژموون و دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەی بەرفراوان، بەڵام بەهۆی ناتەبایی و شەڕی ناوخۆ و براکوژییەوە، ئێستا هەر ناویان ماوەتەوە و نەیانتوانیوە ببن بە هێزێكی یەكگرتووی وا قەوارە و دەوڵەتێك بۆ خۆیان دروست بكەن و شوێنەوارێك لەدوای خۆیان جێ بهێڵن كە قەوارەیەكی بەهێزتری لەسەر بنیات بنرێت.
نەک هەر ئەوە، بەڵكوو ئەو ناتەباییەی لەنێو میرنشین و دەسەڵاتدارە خۆجێییەكاندا هەبووە، بە جۆرێک شۆڕ بووبووەوە بۆ خوارەوە بۆ ناو كۆمەڵگا، كە زۆر کات لەنێوان عەشیرەتە گەورەکانیشدا، شەڕی براکوژی و كارەساتی گەورە ڕووی داوە و خوێنی چەندین کەسایەتی و لاوی عەشیرەتەکان بە ناهەق ڕژاوە، سەرچاوە و هاندەر و ئاگرخۆشكەری ئەو شەڕ و پەلاماردانانەش، زۆربەی جارەكان دوژمنانی دەرەكی بوون كە وایان كردووە كورد لەناو یەكدا پەرتەوازە و دژی یەكتر بن، ئەمەو جگە لە هۆکاری کۆمەڵایەتی و باڵادەستی و دارایی و هێزی عەشیرەت کە پێشتر لە سەدەکانی ڕابردوودا کارەساتی گەورەی لێ كەوتووەتەوە و نەهامەتی و دەردەسەریی بۆ كورد هێناوە و ئافاتێك بووە كە بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە. ڕشتنی خوێنی برا بە دەست برا و هاوزمانی خۆی، زیانی زۆری بە دۆزی گەلی کورد گەیاندووە.
بەداخەوە کورد بەتایبەت زۆر لە لایەنە سیاسییەکان، پێناچێت پەندیان لەو تاقیکردنەوە تاڵانەی مێژووە وەرگرتبێت، جگە لەوەی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە لە کەمین و پیلانداناندان بۆ ئەوەی کورد نەتوانێت برایەتیی نێو ڕیزەكانی بپارێزێ و یەكگرتوویی لەنێوانیاندا هەبێت و پشت بە یەكتر ببەستن، بەتایبەت دەبوایە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە باشووری وڵات زیاتر لەو تاقیکردنەوە تاڵانە ئەزموونیان وەرگرتبوایە و شەڕی براکوژی وەك چۆن حەرام كراوە، هەرگیز پەنایان بۆی نەبردبایەوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا لە سلێمانی بینیمان بەداخەوە خوێنێکی زۆری رۆڵەی كورد لەو نێوەدا بێهوودە ڕژێنرا.
ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەشێك لە لایەنە کوردییەکان بۆنی شەڕی براکوژی لە پەیامەکانیان دێت، وەک ئەوەی درکیان بەو ڕاستییە نەکردبێت، ئەگەر ئەو توانا و خوێنەی لە شەڕی براکوژی بە ناهەق ڕژیێدراوە، لە بەرامبەر دوژمنان و داگیرکەران بەخشیبایان، ئێستا دۆخی کورد لە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتووتردا دەبوو، سەیرە تا ئێستا حزب و لایەن هەبن هێندە دەمارگیر بن هەموو چركەساتێك ئامادە بن بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ، سەیرە نەتەوەیەك خاوەنی ئەو هەموو قوربانییە زۆرە بێت و لەو مێژووە دووردودریژەدا ژیابێت، سیاسی و حزبی وای تێدابێت تا ئێستاش ئامادەی شەڕی براكەی خۆی بێت.
 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP