بزوتنەوەی سۆشیالیستی جیهان هەر لە سەرەتای دامەزراندنی نێونەتەوەیی یەکەم، کە رووداوێکی مێژوویی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی جیهان بوو، بایەخێکی زۆری بە مەسەلەی رێکخستن و بنیاتنانی یەکێتییەکی بتەو نێوان گروپە سوشیالیستەکانی جیهان دا بە مەبەستی بوونی رێکخراوێکی شۆڕشگیری بتەوی چینی کرێکار. بۆ ئەم مەبەستەش مارکس و ئینگلز کاریان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵێک بنەمای رێکخستنیان کرد کە لە گەڵ بیرۆکەی بوونی یەک رێکخراوی نێونەتەوەی کە لقی لە هەموو وڵاتێکدا هەبێت، و بە شێوازێکی دیموکراسی هەڵبژێرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختیان لە سەر بوونی یەک سەرکردایەتی ناوەندی رێکخراوی شۆرشگیری کردەوە، و بەم جۆرە بوونی ئەم دوو جەمسەرە پرنسیپی ناوەندی دیموکراسی لە حزبی شۆڕشگیریدا خولقاند.
لە ئاکامی ئەزمونی شۆرشگیری کاتی مارکس و ئینگلز، و دوواتریش لە خوێندنەوەی ئەزمونی حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان، بە تایبەتی لە ڕوسیا و شاکارەکانی لینین وەک "چی بکەین" و" نامەیک سەبارەت بە رێکخستن"، و جیابونەوەی نێوان بەلەشەفیک و مەنشەفێک، و ململانێی لینین سەبارەت بە بابەتە هزرییەکان لە گەڵ بلیخانۆف، و بۆخارین، و رۆزا لۆکسمبرگ، و دواتریش ململانییەکان لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە نێوان ستالینزم و سەردەمی خرۆتشوف، و دواتر پرۆسەی پیرۆستریکا و ململانییەکانی، و بە هەمان شێوە ئەزمونی بنیاتنانی سۆشیالستی لە چیندا، ودەرکردنی گۆمەڵیک دەستە بە ناوی هەڵپەرستی ڕاستڕەو، و دواتر چەپڕەو، ڕووداوەکانی شۆڕشی کەلتوری و تاقمی چوارکەس دوای مردنی ماو تسی تونغ، دەرکەوتووە کە بەهێزکردنی کاری هزری لە حزبدا و ئاراستەکردنی ململانێی هزری پەیوەندی بە شیکردنەوەی بابەتییانەی هەلومەرجی کۆمەڵگا و پەیوەندی نێوان چینەکان و ئاستی پەرەسەندی هێز و پەیوەندی بەرهەمهێنانە لە نێو کۆمەڵگادا هەیە، بە جۆرێک کە بروانرێتە ئەم پەیوەندییانە لە دۆخی گۆڕانکاری بەردەوام، دوور لە بەست بوون و دۆخی نەگۆڕ. لێرەشدا گرنگە تەکتیکی حزبی مارکسی شۆڕشگیڕ ڕچاوی ئەوە بکات، کە کەسانی دوور لە چینی کرێکار و ڕەنجدەرانی بیروبازو بێنە نێو حزبی چینی کرێکار بەتایبەتی کاتێک چوون نێو حزب بۆ کەسانی چینەکانی دیکەش واڵا دەبێت و بێگەی چینایەتی حزب فراوان دەبێت، و هەڵبەتە ئەمەش هۆکارێکە بۆ بوونی بیروبۆچونی جیاواز سەبارەت بە شیکردنەوە، یان هەڵوێست وەرگرتن لە بابتێکی دیارکراو.
لە هەلومەرجێ ئەمرۆدا کە ناکۆکی و ململانییەکانی کۆمەڵگا و ئاراستەکانی پەرەسەندنی گۆڕانکاری جیهانییەکان مۆرکێکی ئاڵوز و تێهەڵکێش و گرێی وەرگرتووە، خوێندنەوەی و شیکردنەوەی جیاواز بۆ واقیع لە نێو حزبی چینی کرێکاردا درووست دەبێت، کە مەرج نییە هۆکارەکەی هاتنی کەسایەتی بۆ نێو حزب لە دەرەوەی چینی کرێکارەوە بێت، بەڵکو ئاڵۆزی بارودۆخ و واقیعی کۆمەڵایەتی، وا دەکات کە فرەیی لە خوێندنەوەی واقیع و دانانی تەکتیکی سیاسی درووست بیًَت. زۆر جار لە ئەزمونەکانی پێشتری بزوتنەوەی حزبە کۆمۆنیستەکان دەستەواژەی پاکتاوکردنی ریزەکانی حزب بە ناوی هەلپەرستی ڕاستڕەویی، یان هەلپەرستی چەپی ساوایانە، بەکارهێنرا بەتایبەتی لە حاڵەتی تاقمگەری و کەرتبوون و دابەشبوون لە ریزی حزبدا.
لە هەلومەرجی پڕ ئالۆزی ئەمڕۆی کۆمەڵگا ناوخۆییەکان، و لە ئاستی جیهاندا، کە بیر لە تەکتیکی جیاوازی سیاسی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێی و پرۆسەی سیاسیدا دەکرێتەوە، ناکرێ جیاوازی لە خوێندنەوەی واقیع و دانانی تەکتیکی کارکردن بە شێوازی پۆلینکردنی ڕا و بیروبۆچونە جیاوازەکان لە خانەی هەڵپەرستی ڕاستڕەویی یان چەپی ڕەویی ساوایانە، بکرێت، چونکە پۆلینکردنی ئەندامانی حزب بەم شێوازە رێگا لە پرنسیپێکی گرنگی ژیانی حزبی دەگرێت کە ماوەدانە بە بیر و ڕای جیاواز و دەڕبڕینی لە چوارچێوەی جێبەجیێکردنی بریاری حزبی کە بە رێگای دیموکراسی وەردەگیرێت. بەم جۆرەش ئەوەی لە پراکتیکدا جێبەجێدەکرێت، و دەبێتە هەڵوێستی حزب لە مەڕ هەر بابەتێک بریاری حزبییە کە لە سەرکردایەتی حزبەوە وەردەگیرێت، نەک بیروبۆچونی ئەندامێک یان کەمایەتی کە دەبێ رێزی بگیرێت.
کاری حزبی پەیوەندی بە بابەتی سیاسی و خوێندنەوەی واقیعەوە هەیە، کە ئەمەش دەچێتە خانەی زانستی کۆمەڵایەتییەوە نەک زانستە سروشتییەکان، بۆیە ناکرێ بە شێوەیکی ڕەها و لە ڕوانگەی ڕاستییەکی بێ چەند و چوون، دوور لە ئەگەری هەڵە مامەڵەی لە گەڵ بریاری حزبی بکرێ، و زۆر جار ژیان ئەوەی دەرخستەوە کە ڕای زۆربە راست بووە و ڕای کەمایەتی هەڵە بووە، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە، بەڵام لە کۆتاییدا بریاری حزبی سەبارەت بابەتێک هێزی خۆی لە ڕاستبوون یان هەڵبوونی ئەو بریارە وەرناگرێت، بەڵکو بریاری حزبی لە ڕوانگەی پەیڕەوکردنی بەرنامە و پەیڕەوەی ناوخۆیی حزب مەشروعیەت وەردەگرێت، و لە کاتێکیشدا ئەندامی حزب بەو بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی حزبی شیوعی قایل بووە کە شوناسی مارکسی بوون و چەپی حزب دەستنیشان دەکات، و ماف و ئەرکەکانی ئەندامی حزب پەیڕە دەکات، ناکرێت لە خانەی ڕاستڕەو یان چەپڕەو پۆلین بکرێت، چونکە ئەو پۆلینکردنە دەبێتە فشارێک لە سەر ئەندامی حزب کە ڕاڕا بێت، و ڕاستگۆیانە بیروبۆچونی خۆی نەخاتە ڕوو لە مەترسی ئەو پۆلینکردنە.
مامەڵەکردن و ئاراستەکردنی ململانێی هزری لە نێو حزبدا فاکتەرێکی گرنگی دەوڵەمەندکردنی هزر و شیکردنەوە و بەهێزکردنی بۆچونەکانی حزبە سەبارەت بە تێکرای ئەو بابەتانەی کە ژیان دەیخەنە ڕوو. سەرکەوتن لە ئاراستەکردن و بەرێوەبردنەی ململانییە هزرییەکان، کە ئەرکی دەستە سەرکردایەتییەکانە چ لە نێو خودی ئەو دەستانە و چ لە نێو تەواوی پەیکەر و جەستەی رێکخستن، دەبێتە مایەی پاراستنی حزب لە ململانییەکی پڕوکێنەری کە خولیای بەرژەوەندی تایبەت و دەستەبەندی تیادا زەق دەبێت، و لە کۆتاییدا توانای کادیر و ئەندام و تەنانەت دۆست ولایەنگرانی حزب بە بابەتێکەوە سەرقاڵ دەکات، کە کار لە وزەی تێکۆشانی سەرجەم حزب دەکات، و بابەتی لاوەکی باڵی خۆی بە سەر خاڵی سەرەکی تێکۆشان کە لە کۆنگرەی حزبدا لە بەرنامە وڕاپۆرتی سیاسی بریاردراوە، دەکێشێت.
بەرێوەبردنی ململانی و جیاوازی هزری لە حزبدا لەسەر ڕۆشنایی پەیڕەوی ناوخۆ و بریاری حزب، رێگای پاراستنی یەکێتی پێودانگە هزرییەکانی حزبە، کە ئەمەش لە رێگای گفتوگۆکردن لە سەر سەرجەم ڕا و بۆچونەکانی نێو حزب دەبێت بێ فشارخستنە سەر هیچ ڕایەک و دوور لە بەکارهێنانی جۆرە دەستەواژەیک کە تومەتی بۆچون یان داکۆکی لە سیاسەتی لایەنێکی دیکەی سیاسی بخرێتە پاڵ ئەو ڕایە.
فرەبوونی بیرو وبۆچون و ڕای جیاواز پێش وەرگرتنی بریاری حزبی، و ماوەدان بە هەر هاورێیەک کە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ داکۆکی لە بۆچونی خۆی بکات، مافێکە بەنیسبەت ئەندامی حزبەوە لە هەر ئاست و دەستەیکی حزبیدا بێت، کە ناکرێ لەگەڵ دیسپلینی حزبی ناکۆک بێت.
سەبارەت بەم خاڵەش دیسپلینی حزبی بریتییە لە یەکێتی کار و ئازادی گفتوگۆ و کاری بە کۆمەڵ و پەیڕەوکردنی ڕەخنە لە خود و ڕەخنەگرتنی بایەتییانە لە سیاسەتەکان بە مەبەستی قوڵکردنی دیموکراسی ناوخۆیی حزب و پەیڕەکردنی ماف و ئەرکی ئەندامی حزب لە هەر پلەیەکی حزبیدا بێت، و لەم رێگایەشەوە حزب لە سەرگەردانی و گیرەشێوێنی دەپارێزرێت.
بەرێوبەردنی ململانێی هزری و پاراستنی رٍِا ئەندامی حزب پێویستی بە کۆمەڵێک بنەما هەیە، کە دەبێ لە سەرجەم کۆمیتە حزبییەکاندا پەیڕە بکرێت. لەوانە یەکەم: تێڕوانینی ماتریالیزمانەی دیالکتیکی لە خوێندنەوەی واقیع و شیکردنەوەی بابەت و ڕووداوەکان. دووەم: پیادەکردنی گفتوگۆی هاورێیانە و بنەماکانی لە یەکتر حاڵبوون، دوور لە بەکەسایەتیکردنی بابەتەکان، و مامەڵەکردن بە عەقلیەتی کارو کاردانەوە و گومان لە یەکتر. سێیەم: بەکارهێنانی میتۆدی مارکسیستی لە شیکردنەوەی واقیع و تێکۆشان بۆ گۆرانکاری کۆمەڵایەتی، چوارەم: بوونی هەڵوێستی چینایەتی لە شیکردنەوە و خستەڕووی بیرو بۆچۆن. پێنجەم: پشتبەستن بە زانست و لۆجیک و ئەزمونی شۆڕشگیری حزب و سەرجەم بزوتنەوەی کۆمۆنیستی. شەشەم: ڕوونی لە دەڕبڕینی ئامانجی حزب کە خۆی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلەکەمان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سۆشیالزم، دەکاتەوە، دوور لە بەکارهێنانی ڕستەی شۆڕشگیری سواو، و رەفتاری خۆدەرخستن کە دۆخی شۆڕشگیری لە کۆمەڵگادا درووست ناکات.
هەروەها پێویستە رێکخراوە حزبییەکان لە ئاراستەکردنی ململانێی حزبی سەبارەت بە هەر بابەتێک کۆمەڵێک رێوشوێن پەیڕە بکەن، وەک:
ــ باوەڕبوون کە ململانێی هزری لە نێو حزبدا ڕەنگدانەوەی زیندووی حزبە، و پەیوەندی بە مەسەلە مەبدەئییەکانی حزبەوە هەیە، و نابێ بە هیچ بیانوییەک پەردەپۆش بکرێت، یان ماوە و دەرفەت بۆ ڕا و بۆچونی هاورێیانی نەدرێت.
ــ لە کاتی بوونی پێداویستییەکی بابەتی کە لە سەرجەم حزبدا سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراو ڕا و بۆچونی جیاواز هەبێت، پێویستە دەستە سەرکردایەتییەکان لە ئاستی دەسەڵاتی خۆیان زەمینە بۆ گفتوگۆی ناوخۆیی ئامادە بکەن، و ئازادی بۆ هەر هاوریەک لە دەڕبڕینی ڕای خۆی، دابین بکەن.
ــ پەیڕەوی ناوخۆی حزب بواری داوە کە هەر هاوڕییەک ڕاو بۆ چونی خۆی لە رۆژنامەگەریدا دەڕبرێت، بە مەرجێک دوور بێت لە تشهیرکردن و ناوزڕاندنی هاورییەکی دیکە کە بیروبۆچونی جیاوازی لە گەڵدا هەیە.
ــ هەر ڕا و بۆچونێک کە خرایە بەرباس و لێکۆلێنەوە لە دەستەی حزبی بە مەبەستی وەرگرتنی بریاری حزبی، ئەوا بە شێوازێکی دیموکراسیانە ڕای زۆربە دەبێتە بریاری حزب، و ناکرێ کەمایەتی بە لادەر و تێکدەر دا بنرێت، و لە کۆتایشدا ڕاست و درووستی هەر بریارێک لە پراکتیکدا دەردەکەوێت.
شیوعییەکانی کوردستان ئەزمونێکی دەوڵەمەندی مێژووییان لە بواری ئاراستەکردنی ملمملانێی هزری ناوخۆیی حزبدا هەیە و ئەزمونی ڕابووردووی حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهانیش گەنجینەیەکی گەورەیە کە پێویستە سوود لە خاڵە پۆزەتیف و نەگەتیفەکانی وەربگریرێت.