دواین هەواڵ

خەڵاتی نۆبڵ لە ئاشتییەوە بۆ کولتوورناسی

‌رۆندک فارس

17 کاتژمێر پێش ئێستا

براوەکانی خەڵاتی نۆبل لە 2025ـدا، وەرچەرخانێکی مێژووییان لە جیهانی مرۆڤایەتیدا تۆماکرد. ئەگەرچی زۆربەی چاوی جیهان لەسەر نۆبڵی ئاشتی بوو، بەڵام براوەکانی نۆبڵ لە بوارەکانی "ئابووری، فیزیا، کولتوور"، بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی بە گشتی و ئابووری بە تایبەتی هەڵگری پەیام و ڕوانگەی قووڵن.
سێ ئابووریناس، بوون بە خاوەنی نۆبڵی ئابووری، داهێنانەکانی ئەو سێ زانایە تایبەت بوون بە گەشەی ئابووری لە رێگەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە، هاوکات سێ زانای تر لە بواری فیزیا خەڵاتەکەیان پێ بەخشرا، داهێنانی فیزیاناسەکان "میکانیکی کوانتۆم" بوو.

دوای زیاتر لە سەد ساڵ، وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ "ئابووری و فیزیا" لەبوارەکانی "تەکنۆلۆژیا و کوانتۆم" لە خۆڕا نییە، بەڵکو تێکەڵکردنی دەرئەنجامەکانی ئەم دوو زانستە دەبن بە بنەمای سەرەکیی "سیستمی بازاڕە دارایی و بۆرسە ئەلکترۆنییەکان".

بەواتایەکی "جیۆئابووری"، ئیدی "ئابووریی کوانتۆمی"، زانستی سەرەکیی پێوەرکردنی داهاتووی بازاڕە دارایی و بانکییەکانە، ئەگەر چی چەمکی "ئابووریی کوانتۆمی" لە زانکۆ و تاقیگەی توێژەراندا هێشتا "کۆنسێپتە"، بەڵام پاڵاوتنی ئەم دوو داهێنانە بۆ خەڵاتی نۆبڵ، پەیامێکی قووڵی ئابووری و سیاسەتی داهاتووی بازاڕەکانی جیهانی لە پشتە.

ئابووریی کوانتۆمی چییە؟
لە ڕووە زانستییەکەوە، ئابووریی کوانتۆمی واتە ڕەتکردنەوەی ژمارە (0 و1)، وەک کۆد و ڤیژوەڵی دیجیتاڵی. هاوکات باڵادەستبوونی زانستی ئابووریی پێوەریی "Econometrics "ـە لە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی داهاتووی پێوەرە ئابووریەکان "estimation Curves"ـە.
کەواتە چیتر بەرمەجەی کۆمپیوتەرەکان و گریمانە"probability"ـی ڕووداوەکان سفر و یەک نابێت، بەڵکوو لە نێوان ئەو دوو ژمارەیە بێ کۆتا ژمارەی تر هەن.
ئەم سیستمە دەبێتە هۆی گۆڕینی بەرمەجەی کۆمپیتەرەکان و ئیدی ئەندازیارانی سیستمی کۆمپیتەر بە "سیستمی کوانتۆمی فیزیایی" ئامێرە دیجیتاڵییەکان پڕۆگرم دەکەن. ئەم گۆرانکارییە بۆ سیستمی ئابووری و تەکنۆلۆژیا، تازەیە، بەڵام مێژووی کوانتۆم و کاریگەریی لە زانستی فیزیا زیاتر لە سەد ساڵە.
بۆچی خەڵاتی نۆبڵ "2025" بۆ کولتوور جێگەی سەرنجە؟

ئابووریناس و فیزیاناسەکان میکانیزمە چارەنووسسازەکانی پشت گەشەی ئابووریی گەشەپێدراو "sustained economic" لە ڕێگەی داهێنانە تەکنۆلۆژییەکانەوە بازاڕەکانی ئابووری دەبەنە قۆناغێکی ترەوە.

توێژینەوە پێشکەوتووەکانی ئەم شەش زانایە ئەوە دەردەخەن کە چۆن داهێنان پڕۆسەیەکی "خۆدروستکەری" پێشکەوتنی ئابووریی دەخوڵقێنێت، بەڵام ئەو داهێنانە ئەو کاتە کاریگەرییان دەبێت کە وڵاتەکان ڕوانگە و ڤیژنی زانستی خۆماڵییان هەبێت بۆ ئەوەی بیرۆکە و داهێنانی داهێنەرەکان "خۆبەڕێوەبەر " بن لە هەمەچەشنکردنی ئابووری.

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب و کولتوور بە کولتوورناسێکی هەنگاری بەخشرا ، پێوەندیی نێوان کولتوور و ئابووریی کوانتۆم، پێوەندییەکی یەکانگیرە، چونکە ئیدی کولتوور بنەمایەکی سەرەکیی ئابوورییە و وەک پردێکی وایە بۆ بەیەکبەستنەوەی ئابووریی و بازرگانیی نێوان نەتەوە و ئایین و پێکهاتەکانی جیهان. واتە ئیدی کولتوور و پێکەوە ژیان بنەمای ئاشتی دەبن، نەک ئاشتیی دوای جەنگ!! بنەما و ڕێسای کوانتۆم بە واتای پێکەوە گرێدانی سیستم و داتا جوداکان دێت، بێ ئەوەی هیچ سیستمێک وەلا بنێت.

فیزیکی کوانتۆم کە لە ڕەفتاری گەردیلەکان لە پێوەری ژێر ئەتۆم دەکۆڵێتەوە، بە ئاوێتەبوونی لەگەڵ ژیریی دەستکرد، مۆدێلێک دادەهێنێت بەناوی "ژیریی دەستکردی کوانتۆمی"، کە ئەوەش دەبێتە هۆی شیکردنەوەیەکی زۆر وردتری داتاکان و هێنانەئارای مۆدێلی زیرەکانەتری کۆدی کوانتۆمی. بەو پێیەش کە دراوە دیجیتاڵییەکان لەسەر بنەمای تەکنۆلۆژیای "بلاکچین" دامەزراون، بە پشتبەستن بەو ژیرییە نوێیە، کاریگەریی قووڵتر دەخەنە سەر بازاڕ، بۆ خۆ گونجاندنیش لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانە، کۆمپانیاکانی دروستکەری کۆمپیۆتەر، ئیدی ناچار دەبن "کۆمپیۆتەری کوانتۆمی" بەرهەم بهێنن، تا بتوانن ئەلگۆریتمەکانی کۆدینگی ئێستا بشکێنن و باشتر داتاکانی بەکاربەران بپارێزن.

کوردناسی و شۆڕشی تەکنۆلۆژیی کوردستان
ئەگەرچی تەمەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ دەیەیە، بەڵام ئێمە خاوەن کولتوور و مێژوویەکی دەوڵەمەندین، خۆشبەختانە دوای چەند ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی خەڵاتەکانی نۆبڵ، دوو ڕووداوی گرنگ لەیەک ڕۆژدا بۆ ئابووریی وڵاتمان تۆمار کران.

کردنەوەی تاقیگەی پێترایۆس بۆ ژیریی دەستکرد (AI) لە سلێمانی و دانانی بەردی بناغەی "پارکی زانست" لە شاری هەولێر.
ئەم هەنگاوانە، وەرچەرخانی مێژوویین بۆ ئابووریی کوردستان و پێشڤەبردنی کولتووری پێکەوەژیان و ئاشتی کوردستان، لەهەمانکاتدا بەستنەوەی کوردستانە بە بازاڕە داراییەکانی جیهان.

ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی لەبارەی "تاقیگەی پێترایۆس" فەرمووی: "ئێوەن کە سەرکردایەتیی چەرخی گەشەسەندن دەکەن، ئێوەن کە كۆمه‌ڵگه‌ و وڵاتێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو و هاوچەرخ و گەشاوە بنیات دەنێن". هەروەها لە بارەی کولتوور و کوردناسی و پێوەندیی بە ژیریی دەستکردەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی فەرمووی: "ئەم تاقیگەیە زمانى شیرین و ده‌وڵه‌مه‌ندى كوردى ده‌باته‌ قۆناغێكى پێشكه‌وتووه‌وه‌. زمان و كه‌له‌پوور و وێژه‌ى كوردى ده‌پارێزێت و ده‌یكات بە‌ جیهانی. ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانى ترى زانكۆی ئه‌مه‌ریكى له‌ سلێمانی، له‌ خوێندنى (IT) و (AI)، له‌ دیدارى كوردناسى، به‌ ڕاستى هه‌نگاوێكى گرنگ و مایه‌ى شانازى و ده‌ستخۆشییه"‌.

هاوکات لە هەولێر ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی کردنەوەی "پارکی زانست" لە هەولێر فەرمووی: "ئەمڕۆ خۆشبەختانە بەردی بناخەی ئەو پارکە دادەنێین و ئومێدمان زۆرە ببێتە ناوەند و مەڵبەندێکی گرنگی زانستی و ئەکادیمی بۆ کۆکردنەوەی داهێنەران و بەهرەمەندان و پسپۆڕان نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو ناوچەکەدا."

حکوومەتی کوردستان خاوەن ستراتیژێکی وردی تەکنۆلۆژییە بەناوی " Digital Transformation Strategy" ، ئەم ڕوانگە فراوانەی کوردستان، ئابووریی هەرێم دەباتە قۆناغێکی ترەوە و هاوشێوەی وزە، ئیدی لە ڕووی پێشڤەچوونی ئابووری و تەکنۆلۆژییەوە ئێمە بەشێک دەبین لە ئابووریی و سیستمی کوانتۆم.

دوای ڕوونکردنەوەی کاریگەریی ئابووریی کوانتۆمی و ژیریی دەستکردی کوانتۆمی، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی دەسەڵاتی ڕەهای کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنۆلۆژیا و ژیریی دەستکرد و دراوی دیجیتاڵی و سیستمی نوێی "بازاڕکردن"، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئەوانە دەستیان لەگەڵ یەک تێکەڵ کردووە بۆ هێنانە ئارای سیستمێکی نوێ، سیستمێک کە لە ڕێگەی کۆد و ئەلگۆریتمەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو بوارەکانی ژیان و پێوەندییە سیاسی و تەنانەت سنوورەکانیشدا دەسەپێنێت، ئیدی ئەوە دەبێتە پرسیاری سەرەکی کە لەو هەموو ئاڵۆزییە تەکنۆلۆژییەی بەڕێوەیە، کێ بازاڕ و سیاسەت هەڵدەسووڕێنێت؟ کام سیستمی سیاسی و ئابووری ڕادەماڵێت و ئەو دەوڵەتانە کامانەن کە لە ئێستاوە مشووری خۆیان و گەلەکانیان دەخۆن و خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دەگونجێنن؟ وردتر بپرسین: ئەرێ دەوڵەت بەمانای ئێستای دەمێنێت؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP