دواین هەواڵ

بۆچی لەهەموو هەڵبژاردنەكاندا پارتی دەبێتە جێی متمانەی دەنگدەر؟

‌كارزان گلی

9 کاتژمێر پێش ئێستا

راستگۆیی بەهێزترین چەكی سەرۆك و پارتەكەی بووە
زۆرجار پارتە سیاسییەكان لە تەواوی جیهاندا، لەكاتی پروپاگندەی هەڵبژاردندا سەدان بەڵێنی جۆراوجۆر بەدەنگدەر دەدەن، زۆرجار دەنگدەر دەكەونە ناو تەڵەی ئەو بەڵێنانەی هەرگیز نابنە كردار، بەڵام بۆ هەڵبژاردنێكی تر، هاوكێشەكە گۆڕانی بەسەردا دێت.

پارت هەبووە، یان كەسایەتی هەبووە، زیاتر لە دوو خول و سێ خول وەكوو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردراوەتەوە، نموونە ئەنجێلا مێركلی سەرۆك وەزیرانی ئەڵمانیا، پرسیارەكە ئەوەیە، چۆن میللەت بۆ چەند جارێك پارتێكی سیاسی یان كەسایەتییەكی سیاسی هەڵدەبژێرێتەوە؟

وەڵامی پرسیارەكە زۆر ئاسانە، كاتێك پارتێكی سیاسی یان سەركردەیەك، بەڵێن بە گەل دەدات گەر دەنگی پێ بدەن، فڵان پڕۆژەیان بۆ ئەنجام دەدات، یان بەرنامەی پارتەكەیان بۆ هەڵبژاردن پڕیەتی لە پرۆژەی ستراتیجی، دەنگدەر بڕوای پێدەكات و دەنگی پێدەدات.

بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دەنگدەر زیرەكە و دەزانێت چۆن دەنگ دەدات، دێت سەیری بەرنامەی ئەو پارتە دەكات لە هەڵبژاردنی پێشووتر، بزانێت بەڵێنەكانی جێبەجێ كردووە؟ ئەگەر كردبێتی بۆ جاری دووەم و سێیەم هەڵیدەبژێرێتەوە، ئەم پڕەنسیپە لای دەنگدەر جێگیرە لە تەواوی دونیادا كاری لەسەر دەكرێت، تەنیا ئەو دەنگدەرانە نەبێت بریاریان داوە گوێ لەراستی نەگرن.

با نموونەكە زیاتر روون بكەینەوە، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٦ی پەرلەمانی توركیادا، ئەحمەد داودئۆغڵو، لەسەر لیستی ئاكەپە بووە سەرۆك وەزیران، لە وتارێكدا گوتی ”ئێمە راستگۆبووین لەگەڵ میللەتی خۆمان، هیچ بەڵێنێكمان نەدا جێبەجێمان نەكردبێت، تەنانەت لە ماوەیەكی دیاریكراودا ٨٠٪ی بەڵێنەكانمان جێبەجێ كردووە.“

روونە ئاكەپە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٦، توانی بەتەنیا حكوومەت پێكبهێنێت لە كۆی ٥٥٠ كورسی پەرلەمان توانی ٣١٧ كورسی بەدەست بهێنێت، هۆكارەكەشی ئەوەبوو، لەگەڵ بەڵێنەكانی راستگۆ بوو و هیچ بەڵێنێكی وەهمی نەبوو و زۆربەیانی كردە كردار.

پارتی دیموكراتی كوردستان، كاتێك لەم هەڵبژاردنەدا دەچێتە لای دەنگدەر و داوای دەنگی لێدەكات، بەڕوویەكی سپییەوە داوای دەنگی لێدەكات، چونكە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم، هیچ بەڵێنێكی نەداوە جێبەجێی نەكردبێت، بەردی بناغەی هیچ پڕۆژەیەكی دانەناوە وەهمی بێت و دوای هەڵبژاردن دەستیان لەكاركردن هەڵگرتبێت، ئەمە بڕوای لای خەڵك دروست كردووە، دەنگدەر بەدوای پارتی راستگۆ و سەركردەی راستگۆوەیە.

راستگۆیی پارتی و ئەو حكوومەتانەی لەژێر سەرۆكایەتی پارتیدا بووە، لە راستگۆیی رابەرەكەیانەوە سەرۆك مەسعوود بارزنییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو سەرۆكەی بەڕاستگۆییەكەی دەوروبەری خۆی و سەركردەكانی دەرەوەی هەرێمیشی سەرسام كردووە.

تورگوت ئۆزەل، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، كە ئێستا لەژیان نەماوە، بە جەنگیز چاندار، راوێژكاری تایبەتی خۆی گوتبوو ”مەسعوود بارزانی سەركردەیەكی راستگۆیە“

سەرۆكی راستگۆ ئەم تایبەتمەندانەی هەیە:
_ خاوەن بەڵێنی خۆیەتی و ئەوەی دەیڵێت جێبەجێی دەكات.
_ ناترسێت لەوەی رووبەڕووی راستییەكان ببێتەوە.
_ ئەگەر هەڵەیەك بكات خۆی لێ دەرناكات، دانی پێدا دەنێت.
_ سەرۆكی راستگۆ هەمیشە لەگەڵ عەدالەتدایە.

چونكە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت راستگۆیی لەباوكی وەرگرتووە و كردویەتی بەئیلهامكی گەورە بۆ بەڕێوەبردنی حكوومەت، بۆیە بەڵێنەكانی كردووە بە كردار و هەمیشە دەڵێت ”ناڵێم دەیكەین، دەڵێم كردمان“.

ئەگەر دەتەوێت بزانێت، كابینەی نۆ، بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو بەڵێنانەی دابووی و بەردی بناغەی ئەو پڕۆژانەی داینا، چەندی جێبەجێ بووە و چەندی وەهمە، وەكوو دەنگدەر لێكۆڵینەوەیەك بكە، ئەگەر زانیت بەڵێنەكان بوونەتە كردار، پێویست ناكات خۆت ماندوو كەیت و بیر بكەیتەوە، بەبێ دوو دڵی دەنگ بەپارتی بدەن، دەنگدانت بەپارتی، دەنگدانتە بەڕاستگۆیی، هەر پارتێك و سەرۆكێك لەگەڵ میللەتەكەی راستگۆ بوو، كەواتە وڵاتەكەت لەدەستێكی پاك و دڵسۆز و خەمخۆر دایە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP