دواین هەواڵ

ئەزموونم وەک کاندید لە دوو هەڵبژاردندا ...

‌ ئاسۆ فەرەیدوون

7 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆتا رۆژەکانی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ بوو ، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەفەرمی پێیان ڕاگەیاندم کە وەک سەرۆکی لیستی سەوز بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کاندید کراوم ، من بێ ئاگابووم لەو پێشنیارە ، کە ئەوکاتە وەک پزیشکێک سەرقاڵ بووم بەکاری پیشەیی خۆمەوە لە نەخۆشخانەی (جمهوری سلێمانی) و بەرێوەبردنی کلینیکە تایبەتەکەی خۆم و مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی .
لەیەکەم ئاگادارکردنەوەمدا بۆ ئەو ئەرکە ، هەریەک لە بەرێزان ، ( خاتوو هێرۆ ئیبراهیم و کاک مەلا بەختیار ) بوون ، لەو کات و ساتەدا ئەرکێکی قورس و گران بوو بۆ من ، چونکە لە هەڵبژاردنی ئەیلولی ٢٠١٣دا یەکێتی تەنها ١٨ کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بەدەست هێنابوو وە خواڵێخۆشبوو (مام جەلال ) باری تەندروستی خراپ بوو ، لەبەرانبەر بە یەکێتی رکابەرێکی بەهێزی وەک  (بزوتنەوەی گۆڕان) کە خاوەنی ٢٥ کورسی پەرلەمان بوو وە ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا)ش لە ئەوپەڕی تەندروست باشیدا ڕاوەستابوو .

*بۆ گێڕانەوە ، بە ئاگاداری بەرێزان (شۆرش ئیسماعیل و لطیف شێخ عومەر)  بۆ پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ، شارەزا و راوێژکارێک لە وڵاتی هۆڵەنداوە هاتبوو ، پاش لێوردبونەوەیان لە دۆخەکە ، پێشنیاریان کرد کە هەرچیەک هەیە هەوڵ بدرێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ، بەهۆکاری ئەوەی یەکێتی لە دۆخێکی خراپدایە و شکست لەم بانگەشەیەدا چاوەرێی ئەکات ، بەڵام ڕاستییەکەی شارەزا هۆڵەندیەکە بێ ئاگابوو لەوەی ئێرە سلێمانیە ، سلێمانی ...
شارەزا هۆڵەندیەکە نەیدەزانی دیبەیتی (جەریدەکە)و کاریگەری دەرو دراوسێکانیش لای ئێمە رۆڵی هەیە ! بۆیە پێشبینی و بۆچونەکەی هەڵە دەرچوو .
بە ئەزموونی ڕابردوو و دوو جاری کاندید بوونم ، لام وایە لە ئێستادا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی رکابەری بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی نەماوە ، بەڵام هێشتا رکابەرێتی پارتی دیموکرات و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی لەبەردەمیدا راوەستاون ، بۆ پێشبینی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش لە سنوری پارێزگای سلێمانی ، پێویستە سێ سەرنجی سەرەکی بە وردی رەچاو بکرێن  : 

یەکەم▪️ / ناوچەکانی پشدەر، بتوێن و چوار قوڕنەو حاجی ئاوا هەمیشە بەرپرس بوون لە گۆڕانکاری و ڕۆڵێکی گرنگیان لە دیاریکردنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردندا هەبوە لە نێوان حزب و لایەنەکاندا ، پرسیارەکەش ئەوەیە ئەم جارەیان ئاراستەی دەنگدەرانی ئەم ناوچانە بۆ کام لایەن دەبێت ؟

دووەم▪️ / ئایا دەنگدەرانی شاری سلێمانی ، هەر بە سروشتە یاخی بووەکەی خۆی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکات !؟

سێهەم▪️ / رێژەی زۆریی بەشداریکردنی دەنگدەر لەم هەڵبژاردنەدا (بەو واتایەی تا رێژەی دەنگدەر زیاتر بێت )، پێشبینی کردن بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش قورستر دەبێت .

دواجار بۆ هەموو ئەوانەی سلێمانیان بە شار و خەڵکەکەیەوە  لا گرنگە ، بیرتان بێت ئێرە تەنها شارێک نیە ، بەڵکو سلێمانیە سلێمانی ...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP