ڕاستییەكان.. قەڵغانی ڕزگاربوون لە گێژاوی پەرتەوازەییدا
عارف ڕوشدی
لە هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوو و خاوەن هەڵوێستدا، ڕاستییەكان بنەمای هەرە سەرەکیی ئازادی و فریادڕەس و پێشکەوتنی ژیارین.
ئەم ڕاستییانە، کە سەرچاوەکەی لە زانست و لۆژیکەوە هەڵدەقوڵێت، تەنیا کۆمەڵێک زانیاریی وشک نین، بەڵکو هێزێکی بێهاوتان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و ڕێنماییکردنی بزووتنەوەی گشتیی کۆمەڵگە بەرەو ئایندەیەکی گەشتر.
کاتێک کۆمەڵگە لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، چ سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری یان فەرهەنگی بێت، بڕیار و هەنگاوەکانی لەسەر بنەمای ڕاستییە سەلمێندراوەکان دادەڕێژێت، توانای گەیشتن بە چارەسەری شكۆمەندانە و دڵخوازی خۆی مسۆگەر دەكات.
بە واتایەکی دیکە، ڕاستی وەک قیبلەنمایەکی ورد وایە، کە کەشتیی کۆمەڵگە لەناو شەپۆلە گەورەکانی مێژوودا بە ئارامی و سەلامەتی ئاڕاستە دەکات و دەیگەیەنێتە مەنزڵ.
بەڵام، لە بەرامبەر ئەم ڕێچکە دروستەدا، هەمیشە هەندێک هێز و گرووپی بەرژەوەندیخواز بوونیان هەیە، کە لەژێر پەردە و پاساوی "جیاوازیی بیروڕا"ـدا، لە بزاوتێکی ناڕێک و شێوێنەردا کار دەکەن. ئامانجی سەرەکیی ئەم بزاوتانە، تێکدانی ئەم هاوسەنگییەیە لە ڕێگەی لاوازکردنی باوەڕ بە ڕاستییەکان.
پاڵنەری سەرەکیی ئەم جۆرە جوولانەوانە، داکشانی هەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و زاڵبوونی بیری خۆپەرێزییە، کە تاک و گرووپەکان بەدوای بەرژەوەندیی تەسک و کورتخایەنی خۆیاندا ئاراستە دەکات، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و وڵاتیش بێت.
ئەم هێزانە بە ئەنقەست تۆوی گومان و دووبەرەکی دەچێنن و لە هەوڵی کردنەوەی دەروازەی هەرەسهێناندان، تا لەو کەشە پشێوییەدا دەرفەتی لەبار بۆ کۆنەپەرستان و ناحەزانی دەرەکی بڕەخسێنن.
لەم هاوکێشە چارەنووسسازەدا، لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنی دەستکەوتەکان و گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە و سەقامگیر، تەنیا دەرچەیەکی ڕزگاربوون لە بەردەمدایە. ئەویش پەنابردنە بۆ شیکاریی زانستییانەی ڕووداوەکان لەبەر ڕۆشنایی ڕاستییە مێژووییە سەلمێندراوەکاندا.
پێویستە لە تێڕوانینمان بۆ کێشەکان، خۆمان لە هەر جۆرە دەمارگیرییەکی حزبی و ئایدیۆلۆژیی بەرتەسک ڕزگار بکەین و تەنیا ڕاستی بکەینە پێوەر. ئەم جۆرە مامەڵەکردنە هۆشیارانەیە، تاکە ڕێگەیە بۆ تێپەڕاندنی هەستی نەرێنی، بێئومێدی و خۆبەدەستەوەدان.
کەواتە، پابەندبوون بە ڕاستییە زانستی و مێژووییەکانەوە، تەنیا هەڵوێستێکی فیکری نییە، بەڵکو کردەیەکی نیشتمانیی پێویستە بۆ لەباربردنی هەوڵی هەموو ئەو نەیارانەی کە دژی ژیانێکی ئازاد و سەربەستانە کار دەکەن. هەر کاتێک کۆمەڵگە ڕاستیی کرده قیبلەنمای خۆی، دەتوانێت بەسەر گەورەترین ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بێت و بەرەو ئایندەیەکی شکۆمەند هەنگاو بنێت.