دواین هەواڵ

حەجاج و سەگەڕەشەکانی نۆگرە سەلمان!

‌عەتا شەمێرانی

7 کاتژمێر پێش ئێستا


قێزەونترین تاوان ئەو جۆرە تاوانانەن کە، تاوانبارەکە باوەڕی وابێت کە قوربانییەکانی بەردەستی "شایەنی مردنن." لێرەدا باسی شەڕ و ململانێی سیاسی نەماوە، بەڵکو لەسەر داڕمانی تەواوەتی ویژدانی مرۆڤە، ساتێک کە جینۆساید دەبێتە کردەوەیەکی ئاسایی لە چاوی ئەنجامدەرانیدا.

ئەو دانپێدانانەی دوێنێی حەجاج، سەبارەت بە ناشتنی منداڵان بە زیندووی و ژەهراویکردنی خۆراک لە کاتی هەڵمەتەکانی ئەنفالدا، تەنیا قسەیەکی ئاسایی نین کە لە هۆڵی دادگا یان لە تۆمارێکی میدیایدا قسەیان لەسەر کراوە؛ بەڵکو ئەوە شەقێکی ئەخلاقین لە بەرامبەر هەموو مرۆڤایەتیدا. چونکە کارەساتەکە تەنها لە مردندا نییە، بەڵکو لە شێوازی بچووکبوونەوەی قوربانییەکانە بۆ ژمارە، منداڵان بۆ "ئامانج" و مرۆڤەکان بۆ ئەو شتانەی کە دەتوانرا بنێژرێن لەکاتێکدا هێشتا هەناسە دەدەن!!

هۆلۆکۆستی ئەنفال لە مێژووی عێراقدا ٫ تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبووە، وەک ئەوەی هەندێک دەیان ساڵە هەوڵی وێناکردنی دەدەن.بەڵکو پڕۆژەیەکی سیستماتیک بوو بۆ سڕینەوەی تەواوی گوندەکان، لەڕیشەدەرهێنانی مرۆڤەکان بوو لە یادەوەری و جوگرافیا و زمان و خەونەکانیان. هەزاران خێزان لەناوچوون، هەزاران باوک و دایکیش بە تەنیا مانەوە، چاوەڕێی مناڵەکانیان بوون کە هەرگیز نەگەڕانەوە!!

کاتێک گوێمان لە دڕندەیەکی وەک حەجاج دەبێت کە ئەمڕۆ بەوجۆرە باسی ژەهراویکردنی منداڵان یان بە زیندووی ناشتنیان دەکات، پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە کە "چۆن توانیویەتی ئەو کارە بکات؟! بەڵکو "چۆن مرۆڤ دەتوانێت بگاتە ئەو ئاستە لەدڕندەیی بەبێ ئەوەی هەست بە پەشیمانیش بکات؟! چۆن گوێڕایەڵی و ئایدۆلۆژیا و ڕق و کینە کوێرانە دەتوانێت بگۆڕێت بۆ هێزێک کە تەنانەت سادەترین هەستی بەزەیی دەچەوسێنێتەوە؟"!!

مەترسیدارترین لایەنی دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکان ئەوەیە کە تەنیا ستەمکار دروست ناکەن؛ کە پێیان وابێ تاوان ئەرکێکە. لێرەدا کارەسات لە بەرپرسیارێتی تاکێکەوە دەگۆڕێت بۆ کولتووری ترس و هاندان و بێ مرۆڤکردنی قوربانییەکان. زۆرجار بکوژ وەک بکوژێک مامەڵە ناکات، بەڵکو وردە وردە پاساو بۆ کارەکانی دەهێنێتەوەو وا دەزانێت ئەوە ئەرکێکی ڕۆژانەیە! 

بۆیە قسەکردن لەسەر هۆلۆکۆستی ئەنفال، ماتەمینی نییە بۆ ڕابردوو  بەڵکو بەرگریکردنە لە ئایندە. کاتێک جینۆساید بە بێ بایەخ دەزانرێت و کاتێک زمانی ڕق و کینە بەرامبەر بە نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان ڕیسایکل دەکرێتەوە، جیهان جارێکی دیکە لە هەمان کارەسات نزیک دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر ناو و ڕووخساریش جیاواز بێت!!

ڕەنگە ترسناکترین لایەنی ئەم دانپێدانانە ئەوە بێت کە بیرمان دەخەنەوە کە خراپە هەمیشە ئەهریمەنێکی ئەفسانەیی نییە، بەڵکو دەتوانێت مرۆڤێکی ئاسایی بێت کە وردە وردە مرۆڤایەتی خۆی لەدەست داوە، تا مردن وەک کارێکی باو و قوربانییەکان وەک وردەکارییەکی تەنیا دەبینن!!

#عەتا_شەمێرانی

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP