دواین هەواڵ

بۆچی ئێران لە کوردستانی عێراق دەترسێت؟! خوێندنەوەیەک بۆ عەقڵی ئاسایشی ئێران!!

‌عەتا شەمێرانی

22 کاتژمێر پێش ئێستا

لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەوڵەتەکان بە پێی هەست و سۆز کار ناکەن، بەڵکو بە پێی حیساباتی ئاسایشی نەتەوەیی و هاوسەنگی هێز و جیۆپۆلیتیک کار دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، تەنیا لە ڕێگەی لێدوانی سپای پاسداران یان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی پچڕپچڕەوە، ناتوانرێت تێبگەین، چونکە ئەوەی لە ڕووکەشدا دەردەکەوێت تەنیا ڕەنگدانەوەی سیستەمێکی ئەمنیی قووڵی جێگیرە کە لە شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ەوە، لە شوێنی خۆیدایە!!

لە هزری ستراتژیکی ئێراندا٫ سنووری ڕۆژئاوا تەنیا هێڵێک نییە کە دوو دەوڵەت لەیەکتر جیا بکاتەوە، بەڵکو درێژکراوەی ڕاستەوخۆی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە تاران  وەک بوارێکی گرنگی ناوازە ، لەهەرێمی کوردستان دەڕوانێت؛ نەک لەبەر ئەوەی کیانێکی دوژمنکارانەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە یەکتربڕینی سێ توخمێکی زۆر هەستیاردایە کە بریتین لە پرسی کورد لەناو ئێران، کێبڕکێی ناوچەیی و بوونی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا.

 لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی عێراقدا، هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای کراوەیی و هاوسەنگی،سیاسەتی خۆی داڕشتووە، و هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ هەموو دراوسێکانی بە ئێرانیشەوە داوە. بەڵام دامەزراوەی ئەمنیی ئێران تەنیا بە پشتبەستن بە مەبەستی ڕاگەیەندراو، هەڕەشەکان هەڵناسەنگێنێت، بەڵکو لەسەر بنەمای پاراستنی داهاتوو هەڵیدەسەنگێنێت. بۆیە هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەرەکی لە حیساباتی ئەمنی ئێراندا دەمێنێتەوە، بەو پێیەی ناوچەیەکە کە دەتوانێت لە هەلومەرجێکی دیاریکراوی ناوچەییدا ،ببێتە خاڵی فشاری جیۆپۆلەتیکی!!

بێ گومان یەکێک لە سەرچاوە هەرە دیارەکانی نیگەرانی ئێران پرسی ناوخۆی کوردە. ئێران ماڵی ملیۆنان هاووڵاتیی کوردە و ناوچە کوردییەکانی لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا شاهیدی ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی جۆراوجۆری ئۆپۆزسیۆن بوون. لێرەوە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران هەر چالاکییەکی گروپە چەکدارە کوردییەکان لە دیوی عێراقی سنورەکە٫ وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەبینێت، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی ڕایدەگەیەنێت کە ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت!!

بەڵام بچووککردنەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان٫ بەتەنها بۆ ئەم ڕەهەندە ئەمنییە، ئاسانکارییەکی زۆر دەبێت. هەروەها هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی پانتاییەکی کراوەی سیاسی و ئابووری دەکات، میوانداری وەبەرهێنانی بیانی دەکات و پەیوەندییەکی بەرفراوان لەگەڵ ئەمریکا، ئەوروپا، وڵاتانی کەنداو و تورکیا هەیە، ئەم کرانەوە گرنگییەک بە ناوچەکە دەبەخشێت کە قەبارەی جوگرافییەکەی تێدەپەڕێنێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یاریزانێکی بەرچاو لە داینامیکی دەسەڵاتی ناوچەییدا.

هەروەها ئێران بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە هەر ئامادەبوونی هەواڵگری یان ئەمنیی ئەو وڵاتانەی کە بە نەیار دەزانێت لە نزیک سنوورەکانی ڕۆژاوای خۆی. لە دوکتورینی ئەمنیەتی ئێراندا هەڕەشەکان دوای ڕوودانی هەڵسەنگێندراو نین، بەڵکو پێش بەدیهاتنیان چارەسەر دەکرێن. بۆیە تاران زۆرجار پەنا بۆ لێدانی پێشوەختە یان گوشاری سیاسی و سەربازی دەبات کاتێک پێی وایە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لە مەترسیدایە.

بەڵام کێشەی بنەڕەتی لە نەبوونی متمانەی یەکتردایە. ئێران لە چاویلکەیەکی ئەمنییەوە  لەزۆرێک لە چالاکییەکانی ناوچەکە دەڕوانێت، لە کاتێکدا ناوچەکە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سنووربەزێنەکان بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری ناوچە سنوورییەکانی دەبینێت. لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم بۆشاییە لە دیدگاکاندا، قەیرانەکان بەبێ هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی دووبارە دەبنەوە. لە ڕوانگەیەکی فراوانترەوە سەقامگیری هەرێمی کوردستان خزمەت بە کورد ناکات بەڵکو خزمەتی ئێران و عێراق و تورکیاش دەکات. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەرێم بووەتە ناوەندێکی بەرچاوی ئابووری و بازرگانی، هەروەها بۆتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان. هەر ناسەقامگیرییەکی ئەمنی لەوێ کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت بە خودی ئابووری ئێرانیشەوە!!

ئەزموونەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانیان داوە کە ئاسایش بە تەنیا لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە بەدی نایەت. وڵاتانی ناوچەکە ملیارەها دۆلاریان بۆ چەک خەرج کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا قەیرانەکان بەردەوامن لە دووبارەبوونەوە، چونکە ڕەگ و ڕیشەیان سیاسییە نەک سەربازی. ئاسایشی ڕاستەقینە لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتنی یەکتر و پابەندبوون بە سەروەری دەوڵەت و بوونی کەناڵی هەمیشەیی بۆ گفتوگۆ بنیات نراوە!!

ڕەنگە ئەوەی ئەمڕۆ پەیوەندی ئێران و هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی، پەرەسەندنی زیاتر نەبێت، بەڵکو دامەزراندنی چوارچێوەیەکی ئەمنی و سیاسی سەقامگیرتر بێت. ئەم چوارچێوەیە دەبێت بەغدا وەک دەسەڵاتی سەروەری و هەولێر وەک هاوبەشێکی دەستووری و تاران وەک وڵاتێکی دراوسێ و بەرژەوەندییەکی بەرفراوان لە عێراقدا بگرێتەوە. هاوکاری ئەمنی ڕێکخراو زۆر کاریگەرتر و بەردەوامترە لە سیاسەتی دۆخی سەربازی کە زۆرجار باجەکەی لەلایەن خەڵکی مەدەنیەوە دەدرێت!!

لە کۆتاییدا پێناچێت ئێران  وەک ڕکابەرێکی سیاسی ,لەهەرێمی کوردستان بترسێت، بەڵکو زیاتر لەوە دەترسێت کە پێشهاتەکان لە ژێر کۆنترۆڵی خۆی دەربچن، ئێران دەبێ لەوە تێبگات کە جوگرافیا ناگۆڕێت و دراوسێیەتی باش تەنها فەرمانێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە. تا وڵاتانی ناوچەکە زیاتر درک بەوە بکەن کە سەقامگیری زیاتر لە ڕێگەی دیالۆگەوە بنیات دەنرێت نەک هێز، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سووڕی قەیرانە درێژخایەنەکانی خۆی نزیکتر دەبێتەوە و سنوورەکان لە هێڵی گرژییەوە دەگۆڕدرێن بۆ پردی بەرژەوەندی و هاوکاری یەکتر.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP