دواین هەواڵ

کۆتایی دەسەڵاتەکەی یان ماوەدرێژترین سەرۆککۆمار

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

27/05/2023

سبەی ٢٨ی ئایار یەکێک لە چارەنووسسازترین هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە مێژووی کۆماری تورکیادا دەبینین.

ئۆپۆزسیۆن دژی سەرۆکێکی تەمەن ٦٩ ساڵە کە کۆمەڵگەکەی فێرکردووە کە شانازی و نان تەنها بەهۆی سەرکردایەتییەکەیەوە مومکین دەبێت. لە دەساڵی ڕابردووە زۆرترن تێوەگلانی سیاسی و سەربازی لە سوریا، عێراق، باکوری ئەفریقا، ئەفغانستان و دەریای ناوەراست هەبووە. بیست ساڵ لەمەوبەریش ئەردۆغان و تیمەکەی کۆمەڵگەیەکی سەرنجڕاکێشی ئابوورییان دروستکردوو، سەرنجی لە ناوخۆ و ناوچەکە و سەرانسەری جیهانیان پەلکێشی تورکیا کرد. بەهۆی ئەو وێنەیەی ئەردۆغان لە ماوەی دە ساڵی یەکەمی دەسەڵاتی تورکیادا بۆ تورکیایی کێشا، تورکەکان بەردەوامن لە متمانەدان بۆ ئەردۆغان سەرەڕای ئەوەی تورکیا لە ئێستادا قەیرانێکی دارایی تەحەدای بەسەردا هاتووە.

کەمال کلیچدارئۆغڵو، هاوپەیمانییەکی بەرفراوانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان پاڵپشتی دەکات، ڕکابەری سەرەکی ئەردۆغانە و زیاتر لە هەموو کەس ئاگاداری ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەیە کە پارتەکەی و سیاسەتەکانی لەسەر ئەو وڵاتە لە سەرەتای کۆمارەوە ١٩٢٣ تا ١٩٩١هەیبووە بەتایبەتی کە هەرگیز نەیانتوانی یەکێک لە کێشە بنچینەییەکانی تورکیا کە ئابورییە چارەسەر بکەن.

دەنگدەرانی ئۆپۆزسێۆن پێیان وایە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەردۆغان بوو بە سەرۆک وەزیران، لە کۆتاییدا سیستەمەکە گۆڕا بۆ سەرۆکایەتی و ئەردۆغان دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بەرفراوانی کۆکردەوە دوای ئەوەی پێشتر پۆستێکی تا ڕادەیەکی زۆر تەشریفاتی هەبوو. زۆرێک پێیان وایە ئەردۆغان چیتر بیر لە ئابووری ناکاتەوە وەک ئەوەی لە دەیەی یەکەمی حوکمڕانیدا بیری لێکردۆتەوە، بەڵکو زیاتر بیر لە هەژموونی سیاسی و بوونی تورکیا وەک یاریزانێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکاتەوە، ئەمەش لەسەر حیسابی ئابووری تورکیا دەبێت.

کاتێک هاووڵاتیانی تورکیا لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەهای لیرەی تورکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ناچارن دوو هەزار لیرە بدەن بۆ ئەوەی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەدەست بهێنن، ئەمەش ژیانی قورستر کردووە.

ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین، بەڵام ئەوانەی پشتگیریان لە ئەردۆغان کردووە، وەک مانەوەی لەدەسەڵات وەک چارەسەر دەیبینن، لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاو- چەند خاڵێکی لەسەدی کەمتر لە لایەنگرانی- واتا لەبەرەی دژ پێیان وایە کە ئەردۆغان ٢٠ ساڵ دەرفەتی هەبووەو چیتر توانای چارەسەرکردنی سەختییەکانی ئابووریی نییە .

هەندێک لە شرۆڤەکاران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێداگری ئەردۆغان لەسەر ئەوەی بانکی ناوەندی بەردەوام ڕێژەی سوود کەم بکاتەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری زیانی داوە ، ئەمەش سەرەڕای هۆشدارییەکان کە بەم کارە ڕەنگە دراو لاواز بکات و هەڵاوسان زیاد بکات، تا ڕادەیەکی زۆر ئەردۆغان بەرپرسیارە و تەنانەت لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی فەرمی تورکیا گەیشتە ٨٠%.

لە کاتێکدا ڕاستە تورکیا بە قەیرانێکی ئابووری درێژخایەندا تێدەپەڕێت و هێشتا لە هەوڵی چاکبوونەوەدایە لەو بوومەلەرزە کارەساتبارانەی لە مانگی شوباتدا ڕوویاندا، تورکەکان هێشتا پێیان وایە ئۆپۆزسیۆن زۆر کەمە بۆ ئەوەی یارمەتی ساڕێژکردنی ئەو برینانە بدات.

بۆچوونە جیاوازەکانی کاندیدەکان لەسەر تورکیا کە ئەندامێکی گرنگی ناتۆیە، ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئاسایش و کۆچبەری و بابەتەکانی دیکەی نیگەرانی نێودەوڵەتی هەبێت، بۆیە جیهان بە تامەزرۆییەوە چاودێری دەکات.

ئێستا کێ لە پێشە؟

ململانییەکە لەم خولەی هەڵبژاردندا توندتر دەبێت، لایەنگرانی کەمال کلیچدارئۆغڵو بە پەرۆشتر و کاریگەرتر دەنگ دەدەن. پێشتر خەڵک پێیان وابوو کە ئۆپۆزسیۆن سەردەکەوێت جا بەشداری کەرنەڤاڵی دژە ئەردۆغان بکەن یان نا چونکە پێشتر کەرنەڤاڵی دژە ئەردۆغان هەبووە. لە بەرامبەردا لایەنگرانی ئەردۆغان هەستیارن بەرامبەر بە شکست و هەست دەکەن ئەگەر دۆڕان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

کلیچدارئۆغڵو، هاوشێوەی ئەردۆغان، ڕەخنە لە کورد دەگرێت و هەڕەشە دەکات. تەنانەت ئەردۆغان و کلیچدارئۆغڵو لە کاتی قسەکردنی نەرێنی سەبارەت بە کۆچبەران و کورد هەمان تۆن بەکاردەهێنن؛ هەردووکیان ستایشی ناسیۆنالیزمی مستەفا کەمال دەکەن و باسی ١٠٠ ساڵەی دەوڵەتەکەیان دەکەن. کاندیدی سێیەمیش سینان بوو. هەرچەندە پشتگیری ئەردۆغانی کرد، بەڵام دەنگەکانی 5.2% تەواو دڵنیا نین، چونکە ئەمانە دەنگدەرانی بەڵێندراوی سینان نین، بەڵکو دەنگدەرێکن کە لە هەردوو کاندیدی سەرەکی بێزاربوون .
ئاماژەکان ئاماژە بە سەرکەوتنی ئەردۆغان دەکەن.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP