دواین هەواڵ

ئۆکەی، با 31 ی ئاب بە بێدەنگی تێ نەپەڕێ!

‌شیروان تاڵیب

30/08/2023

ھەن بە خیانەت، ھەن بە داستان وەسفی ئەکەن، بەس لەڕاستیدا وەسفکردن حەقیقەت ون ئەکا، حەقیقەت بە لێکدانەوە دەرئەکەوێ!

27 ساڵ بەسەر 31ی ئابدا ڕەت بووە، لەم 27 ساڵەدا، ڕژێمە زل و زەبەلاحەکەی بەعس کەوت، دەزگا ئیستخباراتی و موخابەراتییەکانی ھەڵوەشان، بەرپرسەکانیشیان، لە زیندان، لەسەر شەقامەکان، لە نێو کەمپی پەنابەران لە وڵاتان داوەشان. ئەرشیفی ئەو دەوڵەتە پۆلیسییە وەک ئاردی ناو دڕک پەرشوبڵاوە و کونییە و ئەوەلیاتی دار و بەردی ئەم وڵاتە، کەتە زار و کەوتە شار، کەچی ( یەک ) بەڵگەی نووسراو، ئیمزایەک، لەتە ورەقەیەک نادۆزیتەوە کە باس لە 31ی ئاب بکا، یان بەلایدا بچێ!

27 ساڵە و چەندین حکوومەتی دژە کورد، چەندین حاکمی دژە پارتی و دژە بارزانیان لە بەغدا ھاتن و چوون، کەچی وەرەقەیەک بەناوی ڕێککەووتن، لێکتێگەیشتن، تەنسیق و مەعامەلە لە نێوان پارتی و بەعسدا نەبینرایەوە کە بەکەڵکی لێدان لە پارتی، موزایەدە بەسەر پارتی، یان موساوەمەکردن بە پارتی بێ. تەنانەت شتێک کە کەڵکی ئەوەی ھەبێ لەدادگادا وەک بەڵگە لەدژی پارتی چاوی پێدابخشێنرێ، نەدۆزراوەتەوە و لەھیچ کونێکیشەوە نابینرێ!

27 ساڵ بەسەر 31ی ئابدا تێپەڕیوە و ئەوەی ھەیە و نیە، نامەیەک و چەند فۆتۆیەک و گرتەیەکی ڤیدیۆییە و بەس. ئێ نامەکەش (کە گوایە ھی سەرۆک بارزانییە و ئاراستەی سەددامی کردووە ) لە تەلەفزیۆنی ڕەسمی عێراقەوە، بێژەرێک بە دەق نا، بەڵکو یەک دوو دێڕی (نامەکە) ئەخوێنێتەوە و لەژمارەی ئەوکاتی ڕۆژنامەی ( العراق )یشدا، دیسانەوە باسوخواسی نامەکە بەھەمان کرچ و کاڵییەوە بڵاوکراوەتەوە. ئیتر نە نامەکە، نە کۆپییەکی نامەکە، نە ڕەسمێکی نامەکە لە ھیچ جێیەکی بینراو و بیستراو و نووسراودا، نە دیارە، نە دانراوە، نە ئەبینرێ!

27 ساڵە و تەنیا وتی وتی لەسەر 31ی ئاب ئەکرێ, تەنیا ھەقایەتە و ئەگێڕدرێتەوە و قسەیە و فڕێئەدرێ! جا قسەکردن، لە ڕەحمەتی مامجەلالەوە دەستیپێکرد و گەیشتە قادر عەزیز و کاکەحەمە و ناسری ڕەزازی و تەنانەت (بیل کیلنتۆن )ی سەرۆکی ئەمریکایشی گرتەوە، کلینتۆنیش ( ھەر وەک ئەو عالەمە) جگەلەوەی ئیدانەی کرد، ( خوا ھەڵناگرێ ) وتی پەیامیشم بۆ سەددام ناردووە! سەرەتا چاوەڕوان ئەکرا پەیامێک کە سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەددام و بەعسی بنێرێ، ئەبێ وێرانکردنی لایەکی بەغدا، یان تەواوی سوپا ھێرشبەرەکەی بەعس بێ کە ھێڵە سوورەکەی ( 36 )ی بەزاندووە! کەچی ھەموو خۆ گیڤکردنەوەی ئەمریکا و سەرۆکەکەی ئەوەبوو کە یەک دوو موشەکی بە بینایەکی چوڵکراوی بەتاڵەوە نا، ئەویش لە کوێ ؟ لە چۆڵەوانییەکانی ( سەماوە )،، سەماوە تۆ لە کوێ و ھەولێر لە کوێ !

بەڕەحمەت بێ مامجەلال کە ئەو حەرەکەیەی ئەمریکای بینی، ئینجا تێگەیشت چی ئەگوزەرێ! ئینجا تێگەیشت کە (دووربینەکە) لە سەری ڕەشەوە ھەر ھەولێر نا، زۆر دوورتریش ئەبینێ ! ئینجا ( ئەمجارەیش ) تێگەیشت کە ھەورازی بارزان (ھەروەک جارانە)، کەس نەیبڕیوە و وێناچێ کەسیش بیبڕێ،، ئیتر سەرلەبەری وەزع و تێگەیشتنیش لە وەزعەکە، لە بنەڕەتەوە گۆڕا!
گەورە و بچووکی ماڵا بارزان بگەڕێی، یەک دانەیان نادۆزیتەوە ھاوار بکا، بقیڕێنێ، مشەوەش بێ و شۆک یبگرێ. تیایاندا نیە ( یان من نەمدیوە ) تەنانەت لە ڕۆشتنیشدا، بەپەلە بێ !
بارزانیان لەسەرخۆ ئەدوێن، لەسەرخۆ ڕێ ئەکەن، ئەعسابساردن و تەنانەت بە ھێمنیش توڕەئەبن! ھیچ کاتێک بۆ ھیچ شتێک، حیکمەت لەدەست نادەن و ھەمیشەش کارتێک لە دەستیاندا و یەک دووانێکیش لە گیرفانیاندایە، کام کارت زۆرترین دەستکەوت و کەمترین زیانی ھەبێ، ئەویان بەکاردێنن!

خۆ ئێمە ھەموو ئەزانین لە 31ی ئاب چی ڕوویدا، بەس ( جگە لە سێ چوار کەس )، حەرام ئەگەر کەسی تر بزانێ ( چۆن ) ڕوویدا ! ئاخر ئەوەی ڕوویدا، کاری ھۆشمەندان بوو نەک کاڵفامان، گەمەیەکی سیاسیی گەورە بوو، نە یارییەکی بچووکی مناڵان، کارێکی سەرپێیانەی سەرەڕۆیانەی موغامەراتیی نەبوو کە لە دەققەی یەکەمدا، ھەر جێبەجێکاران خۆیان، ژێر بەڕە بخەنە سەر بەڕە و حەیای خۆیان و سومعەی میللەتێکیشی پێوە ببەن، جا ھەر لەبەرئەوانەیشە کە ئەرشیف و ئەوەلیاتی ئەم سی و یەکی ئابە، ئاسمان قوتی دا و ئەرز ھەڵیلووشی و با یش لەگەڵ خۆیا بردی و نەیھێنایەوە!

31ی ئاب بەلای زلھێزانەوە ھەرچییەک بێ، ئەوا بەلای بارزانیانەوە ھەلبژاردنێک بوو لە نێوان خراپ و خراپتردا ! ئەوان ناچاربوون و ناچارکران تا خراپەکە ھەڵبژێرن بۆئەوەی خراپتر نەقەومێ ،، ئاخر خراپتر ھەبوو، بەڕێوەش بوو!

31ی ئاب بەلای دژە پارتی و بارزانیانەوە بە ھەرچییەک دابنرێ و بە ھەر وەسفێک وەسفبکرێ، دواجار ئیشێک بوو کە کەس بۆی نەبوو بەری پێ بگرێ، کەسیش نەیئەتوانی بڵێ نایکەم و چۆن ئەکرێ، ئیشێک بوو ئەبوو بکرێ!

31ی ئاب، ئەبێ بەپێی سیاقی زەمان و مەکانی خۆی و وەک بەشێک لەو شەڕەی کە لەنێوان براکاندا قەوما، تەماشا بکرێ، چەمکی تەخوین و قیڕەقیڕی میدیا و شیڕە شیڕی سۆشیالمیدیای ئێرە و ئەوێ، جگە لەخۆبەسینەماکردن، بێ ئومێدکردنی ئەو خەڵکە خۆی لەخۆیدا نائومێدەیشە کە چارەنووسی خۆی، بە چارەنووسی ئەم ھەرێمە و ئەم دەسەڵاتە و ئەو حیزبانەی خۆیەوە گرێداوە!
31ی ئاب 16ی ئۆکتۆبەر نیە، ھەر بەوەدا بزانە ھەو نیە، چونکە یەکەمیان گوندێکی گەورەی کردە شار و شارەکەیشی کردە پایتەخت، ئەمما دووەمیان، دڵێکی لە جەستەکەی جیاکردەوە و قودسەکەیشی کردە (ئۆرشەلیم)!

ئەشھەدو 31 ی ئاب و 16 ئۆکتۆبەر لە شتێکدا ڕێک لەیەک ئەچن: خۆ گێلکردنی جیھان لەوەی کە لە ھەردوو ئەو مێژووەدا ڕوویان دا !

31 ی ئاب شتی سەیریشی تێدایە،،

باشە تا ئێستا کەس پرسیووییەتی ئایا پارتی لە 31 ی ئابدا ، بۆچی گەمارۆی ھەولێری لەھەر چوارلاوە نەدا و شارەکەی قوفڵ نەکرد تا تاقە یەکێتییەکیش دەرنەچێ ؟!
وەڵامی ئەمە، دوو گێڕانەوەی مێژوویی ئەوێ ،،

ـ ساڵی 1964، باڵی مەکتەبی سیاسیی لە ( ماوەت ) ی لای شارباژێری نزیک شاری سلێمانی بوون و لەوێوە بەیاننامەیەکیان دەرکرد و تیایدا ( لەسەر کاغەز ) بارزانی گەورەیان لە سەرۆکایەتی پارتی دوورخستەوە! بارزانی سەرێکی بادا و ناوی خوای لێھێنا و جەولەیەکی لە ناوچەکەدا دەستپێکرد تا گەیشتە نزیک ( ماوەت )، کە نزیکبووەوە، قائید و قەواعیدی باڵی مەکتەبی سیاسی کەوتنە ھەڵھاتن، بۆ ھەڵھاتنیش تەنیا ڕێگایەکیان شک ئەبرد کە پردێکی نزیکی سەرسنوور بوو، بارزانی ئەمری کردبوو ئەو پردە نەگرن ! لێیان پرسیبوو ئاخر ئەوان ھیچ نەما بە تۆی نەکەن، تۆ بۆچی ڕێیان ئەدەی تا بۆی دەرچن ؟!

لەوەڵامدا وتبووی: ئەوانەش ھەر کوردن، ئەمما سەریان لێ شێواوە، لێیان گەڕێن با بژین بەڵکو ئەمە خوایە عاقڵ بن !

ـ ناوەڕاستی مانگی 9ساڵی 1996، واتا یەک دوو ھەفتەیەک دوای 31ی ئاب، شاندێکی (موخابەرات)ی عێراقی ئەچنە تاران، لەوێ لەگەڵ دەزگای (ئیتڵاعات)ی ئێرانیدا کۆئەبنەوە و بەھەردووکیان ڕێک ئەکەون کە یەکێتی بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و پارتیش بەزەبری ھێز، پاشەکشەی پێ بکرێ بۆ ھەولێر!

ھەر بەجددی کوردبوون سەختە، خسووسەن لە عێراق ،،

فیلمی ( DONT LOOK UP ), باس لە بەردێکی زەبەلاح ئەکا کە بەخێرایی بەرەو زەوی دێ و ئەگەر لە زەوی بدا، ژیان بەتەواوەتیی ناھێڵێ، کەچی کۆمەڵێک لە سیاسی و تاجیرانی دنیا کۆبوونەتەوە تا بزانن چۆن سوود لە کانزا دەگمەنەکانی بەردەکە وەربگرن. پرۆفیسۆرێکی فەلەکناس کە لە خەتەری بەردەکە تێگەیشتووە ھاوار ئەکا پێیان ئەڵێ :

( بۆ خاتری خوا ئێوە خەریکی چین، وا بەردێک بە قەبارەی شاخی ئەڤرێست بەرەو ڕوومان بەرێوەیە و بەچەند چرکەیەک ھەر ھەموومان لەناو ئەبا، کەچی ئێوە لە مەعامەلەی خۆتان ناکەون ).



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP