دواین هەواڵ

دادگای فیدراڵی بریارەکانی کۆتایی و بنەبڕن؟

‌هاورێ تۆفیق

05/12/2023

  1. حکومەتی بە وەکالەت بەشێوەی کاتی بەردەوام دەبێت.

لە عێراق ماوەی دەیان ساڵە بەشی زۆری داودەزگاکانی دەوڵەت ،بەشێوەی وەکالەت بەڕێوەدەبرێن ، هەر لەسەرۆکی دەستەکان و بریکاری وەزیرەکانەوە، بیگرە هەتاوەکو بەرێوەبەرەگشتیەکان. ئەم ساڵ کە قانونی بودجەی سێ ساڵە پەسەندکرا ، لە مادەی(٧١) ی قانونەکەدا هاتوە( حکومەت پابەند دەکرێت بە کۆتایی پێهێنانی بەڕێوەبەردنی سەرجەم داودەزگای دەوڵەت بە وەکالەت، هەتاوەکو دوا بەرواری ٢٠٢٣/١١/٣٠. لە پاش ئەو بەروارە ،پێویستە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان هەڵسن بە راوەستاندنی سەرجەم دەرماڵە داراییەکان و دەسەڵاتە کارگێرییەکانیان). سەرۆک وەزیران پێشوەخت لە دادگای فیدراڵی داوای یاسایی تۆمارکردبوو، لە داواکەی دەڵێ ؛ئەم مەرجی بەروارە بۆ یەکلایکردنەوەی مەلەفی ئیدارەی دەوڵەت بە وەکالەت زۆر قورسە و پاشان پرۆژەی قانونی بودجە کە حکومەت ئامادەیکردوە مادەی لەو شێوەیەی تیادانەبوەو پەرلەمان خۆی بۆی زیادکردوە، هەر بۆیە سەرۆک وەزیران داوای کرد ،ئەمری وەلائیی بۆ دەربکەن، ئەمری وەلایی، رێککارێکی داوەرییە بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی مادەیەکی قانونی، هەتاوەکو دادگا بریاری یەکلاکەرەوەی خۆی سەبارەت بەو مادەیە دەردەکات، دادگا ئەم داوایەی سەرۆک وەزیرانی رەتکردوە.

جارێکی تر دووبارە سەرۆک وەزیران داوای ئەمری وەلائی لە دادگای فیدراڵی کردوە، لەداواکەی جەختی کردەوە کە کۆتایی هاتنی وەکالەت پرۆسەیەکە کاتی پێویستە و ناتوانرێ لەو بەروارەدا تەواو بکرێت. لەلایەکی تر بۆشاییەکی گەورە لە ناو دەوڵەتدا دروستبوە و هەندێک دەزگای چاودێریی و هەستیاری دەوڵەت کارەکانیان رادەوەستێت و ناتوانرێ بە ئاوا بە خێرایی شوێنەکانیان پربکرێتەوە، دادگا بۆ جاری دووەم داواکەی سەرۆک وەزیران پەسەند کردو فەرمانی وەلائی بە بەپەلەی دەرکرد. ئەمەش لە رێگای پشتبەستن بە راستکردنەوەی بریار لەبەر رۆشنایی مادەکانی ١٥١ و ١٥٢ لە قانونی رێوشوێنەکانی دادبینی

مەدەنی ژمارە ٨٣ ی ساڵی ١٩٦٨، هەروەها پاڵپشت بە پەیرەوی ناوخۆی دادگا، ئەم بریارەی ئەمڕۆی دادگا دوپاتکردنەوەی پێشینەیەکە کە چەندین جار دادگا پیاچونەوەی بە بریارەکانیدا کردوە . ئەو بۆچونە یاساییە وشکەی کە بەرەهای قسە دەکات و دەڵێ؛ دادگا بریارەکانی کۆتایین و بنەبرن . تەواو لە شوێنی خۆیدا نیە، دوو هەفتە پێش ئێستا دادگای فیدراڵی داوای سەرۆک وەزیرانی بۆ ئەمری وەلائیی بە پەلە رەتکردوە ، ئەمەش مانای وایە کە ئەم بابەتە تەواو داخراوەو شایەنی دادبینی و بریار دەرکردنەوە نیە، بەڵام دووبارە داوای تازەی سەرۆک وەزیرانی لەسەر هەمان بابەت قبوڵکرد، کەواتە ئەگەر هەلومەرجی بابەتی تازە رەخسا، دەتوانرێ لەسەر مەسەلەی سامانی سروشتی هەرێم و فیدراڵیش بریاری تازە دەربکات ..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP