دواین هەواڵ

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند زانیارییەکی گرنگ

‌هاورێ تۆفیق

07/03/2024

بە گوێرەی قانوونی هەڵبژاردنی کوردستان ژمارە(1) ی هەموارکراوی دەرچووی ساڵی 1992 و لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە قانوونی هەڵبژاردنی کوردستان، کە چەند مادەیەکی قانوونەکەی رەتکردۆتەوە و چەند گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە قانوونەکەدا کردووە، بەشێوەیەکی گشتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە و گرنگترین وێستگەکانی ئەمانەی لای خوارەوەن:

1- سیستمی رێژەیی نوێنەرایەتی  و لیستی کراوە

پەیڕەوی سیستمی رێژەیی نوێنەرایەتی  و لیستی کراوە دەکرێت،ئەمەش بەو مانایەی کە کۆی ژمارەی دەنگدەرانی ناو  یەک بازنە، کە بەشداری دەنگدانیان کردووە،  واتە ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە دەنگیانداوە، نەک کۆی ژمارەی دەنگدەرانی ناو بازنەیەک،  دابەشدەکەین بەسەر ژمارەی کورسییە دیاریکراوەکانی ئەو بازنەیەدا.  بەمەش نرخی کورسییەک دیاری دەکەین، کەواتە نرخی کورسی لە هەموو بازنەکان وەکو یەکتری نابێت، چونکە مەرج نییە رێژەی بەشداری خەڵک  لە هەموو بازنەکان وەکو یەکتری بێت.  هەربۆیە نرخی کورسی لە نێوان سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە جیاواز دەبێت. نموونەی گریمانەیی بۆ تێگەیشتن دەهێنینەوە، پارێزگای سلێمانی کۆی گشتی دەنگدەرانی نزیکەی 1.300.000 یەک ملیۆن و سێ سەد هەزار دەنگدەرە، ژمارەی کورسییەکانی بازنەی سلێمانی (38) کورسییە، لە کۆی  یەک ملیۆن و سێ سەد هەزار دەنگدەر،  گریمان 500.000 پێنچ سەد هەزاریان بەشداری دەنگدانیان کرد، کەواتە پێنچ سەد هەزار دابەشدەکەین بە 38 کورسییەکەی بازنەکەدا  دەکاتە 13157دەنگ، کەواتە هەر حزبێک یان تاکەسێک بۆ ئەوەی یەک کورسی پەرلەمان لە سلێمانی بەدەستبهێنێت پێویستە 13157دەنگ بهێنێت، بەڵام رەنگە لە بازنەی دهۆک جیاواز بێت و نرخی کورسی جۆرێکی تر بێت. بۆ نموونە بازنەی دهۆک ژمارەی کورسییەکانی(25) کورسییە و کۆی ژمارەی دەنگدەرانی926746  دەنگدەرە، گریمان لەو ژمارەیە تەنها 600 هەزار دەنگدەر دەنگیانداوە. کەواتە کۆی ئەو ژمارەیە دابەشی کۆی 25 کورسی بازنەکەی دەکەین و نرخی کورسییەک دەکاتە 37109 دەنگ. 

2 -تەنها حزب مافی دروستکردنی لیستی حزبی هەیە.

بۆ ئەو مەبەستەش  پێویستە حزبەکان مۆڵەتی رەسمییان  لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم  بە گوێرەی قانوونی حزبایەتی هەرێم ژمارە (17 )ی ساڵی 1993 یان هەبێت، یان مۆڵەتی فیدراڵی کۆمسیۆنیان بە گوێرەی قانوونی حزبایەتی ژمارە(36)ی ساڵی 2015 هەبێت، بە پێچەوانەوە چەند کەسێک پێکەوە ناتوانن لیست دروست بکەن، بەڵکو دەتوانن بەشێوەی لیستی تاکەکەسی بەشداری بکەن.

3- ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگدان.

  ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگدان لە رێگای سندوقی ئەلکترۆنی (بیکۆس)ەوە دەبێت و بە بەکارهێنانی ئامێری سکانی خێراکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن. سەرەتا ئەژمار و جیاکردنەوەکە بەشێوەی  ئەلکترۆنی دەبێت، پاشان راستەوخۆ دەست دەکرێت بە ئەژمار و جیاکردنەوەی دەستی، ئەنجامەکان لە رێگای گواستنەوەی هەوایی ئەلکترۆنییەوە لە ناوەندەکانی دەنگدانەوە بۆ ناوەندی داخڵکردنی ئەنجامی دەنگدان کە بارەگاکەی لەناو ئۆفیسی نیشتمانی کۆمیسۆنە لە بەغدا دەبێت. پێویستە لە ماوەی24 سەعاتدا ئەنجامی سەرەتایی رابگەیەنرێت.

4- چوار بازنە

کوردستان دەکرێت بە چوار بازنەوە و لە کۆی 100 کورسییەکەی پەرلەمان، ژمارەی کورسی بازنەکان بە نزیکراوەیی بەم جۆرە دەبن، چونکە هەتاوەکو نووسینی ئەم بابەتە، هێشتا کۆمسیۆن بەشێوەیەکی فەرمی ژمارەکانی بڵاو نەکردۆتەوە:

سلێمانی: 38 کورسی
هەڵەبجە: 3 کورسی
هەولێر: 34 کورسی
دهۆک: 25 کورسی 
5- کاندید پێشکەشکردن. 

بەگوێرەی رێنمایی کۆمسیۆن بۆ هەر بازنەیەک، حزبەکان دەتوانن دوو هێندەی ژمارەی کورسی بازنەکان، کاندید پێشکەش بکەن، بۆ نموونە بازنەی سلێمانی 38 کورسییە، کەواتە حزبەکان دەتوانن 76 کاندید پێشکەش بکەن. بە گوێرەی قانوونی هەڵبژاردنی هەرێم رێژەی کۆتای ژنان لە ٪30 یە، بۆیە دەبێت ئەم رێژەیە لە لیستی کاندیدانی حزبەکان مسۆگەر بکرێت. 

-6 مەرجەکانی کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان

بە گوێرەی قانوونی هەڵبژاردنی هەرێم مەرجەکانی کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەمانەن:

یەکەم: وڵاتنامەی عیراقی هەبێت و دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت.
دووەم: تەمەنی 25 ساڵی تێپەڕاندبێت.
سێیەم: توانای نووسین و خوێندنەوەی هەبێت.

چوارەم: تاوانبار نەبووبێت و بەشداری تاوانەکانی رژێمی بەعسی رووخاوی نەکردبێت دژی گەلی کوردستان.

7- بانگەشەی هەڵبژاردن 

بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەرواری پەسەندکردنی لیستی کاندیدان لەلایەن کۆمیسۆنەوە  دەستپێدەکات و بەر لە 48 سەعات پێش رۆژی دەنگدانی گشتی رادەوەستێت.

8- کارتی دەنگدانی بایۆمەتری  

بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویستە دەنگدەر، کارتی دەنگدانی بایۆمەتری هەبێت، کە وێنەی بایۆمەتری دەنگدەرەکە لەسەر کارتی دەنگدانەکە هەیە.

9- کاتی دەنگدان

بەگوێرەی قانوونی هەڵبژاردنی هەرێم دەنگدان لە سەعات 8 ی سەرلەبەیانی دەستپێدەکات و سەعات 8 ی شەو دەنگدان تەواو دەبێت، بەڵام چونکە کۆمسیۆنی عیراق هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبات و ئەوانیش سندوقی ئەلکترۆنی بیکۆس بەکاردەهێنن و ئەو سندوقانەش لە ساڵانی رابردوودا پڕۆگرام کراون بەو شێوەیەک  کە سەعات 7 ی بەیانی دەکرێتەوەو سەعات 6 سەر لەئێوارە دادەخرێت، لە ئێستادا  ناتوانرێ دەستکاری پڕۆگرامینی سندوقەکان بکرێ، بۆیە پەیڕەوی کاتەکەی سندوقەکانی کۆمسیۆن دەکرێت.

10- کۆتای پیکهاتەکان

کۆتای پیکهاتەکان نەماوە، ئەوانیش وەکو تەواوی حزبەکانی تر دەتوانن وەکو قەوارەی سیاسی و تاکەکەس بەشداربن.

11- کۆی گشتی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان

کۆی گشتی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان
3.789.360  دەنگدەرە، لە کۆی ئەو ژمارەیە ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکان بەم جۆرەیە:
1: پارێزگای هەولێر:1.366.462 دەنگدەر.
2: پارێزگای دهۆک: 926747 دەنگدەر.
3: پارێزگای سلێمانی:1.496.152 دەنگدەرە.

تێبینی: کۆی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی، ژمارەی دەنگدەرانی هەڵەبجەی تیادایە. بۆیە لەو ژمارەی سەرەوە پێشبینی دەکرێت 100 هەزار دەنگدەر بێت. لەلایەکی ترەوە سنووری یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای هەڵەبجە شارۆچکەی سەیدسادقی لەگەڵدا نییە. بەڵکو ناوەندی هەڵەبجە و سیروان و خورماڵ و تەوێڵە و بیارەیە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP