دواین هەواڵ

بریارەکانی دادگای فیدراڵی موچە چی لێ دێت و چۆن خەرج دەکرێت ؟

‌هاورێ تۆفیق

23/02/2024

پاش خوێندنەوەی بریارەکانی دادگای فیدراڵی ،بێنەو بەرەو هەڵایەکی گەورە دروستبون ، هەر کەس و لایەنێک بەگوێرەی ئاوازی خۆی، لێکدانەوەی بۆ بڕیارەکانی دادگا کرد، خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی کە راستی و دروستی بریارەکان وەکو خۆی بەو شێوەیەی کە دەرچون بۆی بگوازرێتەوە. هەوڵئەدەین بریارەکان دیاری بکەین و شیتەڵێکی روون و ئاشکرا بە زمانێکی سادەو شیرینی کوردی بۆ بکەین .

دۆسیەی موچە:

- [ ] ئەم داوایە لەلایەن سێ هاوڵاتی کوردستانەوە لە دادگا تۆمارکراوە ،کەهیچ پێگەیەکی حزبی و حکومیی فەرمییان نەبوو. پاش چەندین دانیشتنی دادبینی دادگا ، پارێزەری ئەو سێ هاوڵاتیە یاداشتی بەرگری خۆی پێشکەشکردو لە هەموو دانیشتنەکان بەرگری کرد، بەهەمان شێوە نوێنەری یاسایی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ،داوالێکراو بوون و دادگا وەکو لایەنی( خسومە) لەناو پرۆسەی دادبینیەکەدا داوای کردبوون . ئەم هاوڵاتیانە داوایان دەکرد ،کە دادگا بریاری فەرمانی وەلائی بۆ خەرجکردنی موچەی مانگەکانی( ئاب و تەموزی ٢٠٢٣ ) دەربکات و لە هەمانکاتدا داوایان دەرکرد، کە داوای نێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم یەکلایی بکرێتەو بەکەبەهۆیانەوە نەتوانراوە یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێبکرێ .بۆ تێگەیشتنی گشتی پێویستە بپرسین، ئەمری وەلائی چیە؟ دەستەواژەی ئەمری وەلائی ،ڕێوشوێنێکی دادوەری گورجوگۆڵە، داوەر وەکو فەرمانێک دەریدەکات ، کاتێک کە دوو لایەن لە کێشەیەکدا ئەبن ، سروشتی کێشەکەو ناکۆکیەکانیان رەهەندی بەپەلەی هەیە، ناکرێ چاوەروان بن هەتاوەکو دەرکردنی بڕیاری کۆتایی کە پێویستی بە کاتی زۆر هەیەو بەو هۆیەوە زیان بە مافیان دەگات، ئەم فەرمانە راگرتنی کاتیە بۆ کارکردن بە مادەی قانونێک ، ئەمەش هەتاوەکو ئەو کاتەی کە دادگا بڕیاری خۆی لەسەر بابەتەکە دەردەکات، لەڕاستیدا لەرووی زمانەواییەوە ، ئەو زاراوەیە لە زمانی عەرەبیدا کۆنەو بە گوێرەی فەرهەنگی عەرەبی لە (وەلی، یان والیەوە) هاتوە. بەو مانایەی فەرمانی کاربەدەستە ، فەرمانی دەسەڵاتدارە ،ئەگەر بمانەوێت بە زمانی کوردی وەرگێڕانی بۆ بکەین، ئەوا نزیکە لە دەستەواژەی (فەرمان سالاریی) کە باوەڕم وایە پڕاوپڕی دەستەواژەکەیە ،بە تایبەتی کە لە زمانی ئینگلیزی دەستەواژەی. ( State Order, Judical Order) ی بۆ بەکاردێت. لەسەر ئەم داوایە دادگا بڕیاری کۆتایی و بنەبڕی خۆی دەرکرد ،کە شایەنی پیاچونەوەو رەخنەلێگرتن و تانەلێدان نیە. بەرلەوەی باسی ناوەرۆکی بڕیارەکانی دادگا بکەین، پێویستە لەسەر بابەتێکی گرنگ قسە بکەین، ئەویش دادگا کاتێک بریارەکانی بەشێوەی نوسراو دەردەکات، کاغەزی بریارەکە دوور درێژەو لەدوو برگە پێکهاتوە، ئەوانیش؛

- [ ] یەکەم: وردەکاری بریار، کە بە زمانی عەرەبی، پێی دەڵێن( حيثيات القرار) بە زمانی شیرینی کوردی باوەڕمان وایە دەستەواژەی( تانوپۆی بڕیار) پڕاو پڕە بۆی. ئەم بەشەی کاغەزی بڕیاری دادگا، وردەکاری داوای داواکاری تیادا خراوەتە روو، پوختەی وتەکانیان و داواکانیان نوسراوە ،بەهەمان شێوە پوختەی وتەکانی لایەنی داوالێکراوی تیا نوسراوە ، جەوهەری بەرگرینامەی داواکاری تیانوسراوە ، پاشان دادگا روانینی خۆی بۆ بابەتەکان خستۆتە روو ، شیتەڵی بابەت و تەوەرەکانی بەپشتبەستن بەدەستورو یاسا کارپێکراوەکان کردوە ،ئەمەش وەکو کەرەسەیەک بۆ تێگەیشتن و هەڵهێنجانی بریار.ئەتوانین بڵێین تانوپۆی بڕیار،دەسپێکە بۆ گەڵاکردنی دەرچواندنی بریار ،
- [ ] بڕیاری دادگا: کە بە زمانی عەرەبی، پێی دەڵێن ( قرار الحكم) بەشە گرنگ و چارەنوس سازەکەیە، کە رەهەندی جێبەجێکاری بۆ هەموو لایەنەکان و دەسەڵاتەکانی دەوڵەت هەیە و پێویستە لەسەر هەموو لایەک کە پێوەی پابەند بن و وەکو خۆی جێبەجێی بکەن.

ئەو دوو خاڵەی سەرەوە، بۆ ئەوەبوو هەتاوەکو بە شێوەیەکی باش لە مەسەلەکە تێبگەین ، خۆی لە راستیدا ،ئەو دوو خاڵە ڕێبەری رووناکردنەوەن بۆ تێگەیشتن لە بڕیارەکانی دادگا. چونکە لە عێراق دوو بۆچونی جیاواز لەسەر ئەم بابەتە هەیە ،

بۆچوونی یەکەم:

تەنها کار بە ئەو بەشەی بریاری دادگا دەکرێ ،کە پێی دەڵێن؛ بریاری داگا( قرار الحكم) و بەشی یەکەم کە تانوپۆی بریارە( حيثيات القرار) ئەوا تەنها بۆ بەرچاو روونیە و نرخی قانونی نیە و کاری پێ ناکرێ.

بۆچوونی دووەم:

بریاری دادگا، بەش بەش ناکرێت و تانوپۆی بریار ( حيثيات القرار) هاوشێوەی بەشی بریاری دادگا (قرار الحكم) هێزی قانونی هەیە و لە یەکتری جیاناکرێتەوە.

ئەمە بابەتەمان بۆیە باسکرد و خۆمان کرد بە جادەیەکی لاوەکیدا و لە جادە سەرەکیەکەی باسەکەمان لاماندا. چونکە ئەم مەسەلەیە زۆر گرنگو چارەنوسسازە! بۆ نمونە ئەگەر تەنها بەشی دووەم لە بریاری دادگا( قرار الحكم ) کاری پیبکرێ ، ئەوا دەقی بریاری موچە ناکۆکە لەگەڵ رووحی دەستور و یەکناگرێتەوە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی و رەچاوی پێگەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی نەکردوەو بگرە کۆڵەیەکی سەرەکی مافی دەستوریی هەرێمەکان کە (مافی پیادەکردنی سیاسەتی دارایی وکارگێرییە ) شکاندوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر کار بە بۆچونی دووەم بکرێ و بریارەکە هەردوو بەشەکە بگرێتەوە، ئەوا لە تانوپۆی بڕیار( حیثيات القرار) لەم بەشەدا ، زۆر بە روونیی و ئاشکرایی پێگەی دەستوریی هەرێم پارێزراوە ،گەلی کوردستان لەروانگەی دەستورییەوە رێزلێگیراوە.

رای دادگای فیدراڵی؛

دادگا دەڵێن؛ کار بەهەردوو بەشە دەکرێت و بەهیچ شێوەیەک لە یەکتری جیاناکرێنەوە، بەڵام ئەم رایە پێویستی بە بریارێکی شیکردنەوە هەیە( قرار التفسيري) کە دادگاکە دەبێت دەریبکات ،ئەویش لەسەر داوای بەڕێز سەرۆک کۆمار ، یان سەرۆک وەزیران ، یان سەرۆک پەرلەمان دەبێت ،هەتاوەکو کۆتایی بەم ڕاو و لێکدانەوە جیاوازانە بهێنرێت. چونکە هەتاوەکو ئێستا وەزارەتەکان و حکومەتی فیدراڵ تەنها کار بەشی بریاری دادگا(قرار الحكم) دەکەن و بەشی یەکەمی بریارەکە فەرامۆش دەکەن.

دەگەڕێینەوە سەر خاڵەکانی بڕیاری دادگا لەسەر موچە، دادگا بریارەکانی بە چوار برگە دەرکرد کە ئەمانەن:

١: پابەندکردنی هەردوو سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم بە تەوتینکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم لە( سەرجەم وەزارەتەکان و دەستەکان و پارێزگاکان و سودمەندانی هاوکاری تۆڕی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان و سەرجەم موچەخۆرانی حکومی) لە یەکێک لە بانکە حکومیەکانی فیدراڵ لەدەرەوەی هەرێم پرۆسەی تەوتین جێبەجێ بکەن، ئەو برە پارەیەش لە پشکی هەرێم کە لە قانونی بودجەدا بۆی دیاریکراوە دابشکێنرێت ، ئەم رێوشوێنەش بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی هەرێم و

راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ رێکارەکان جێبەجێ بکەن ، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەموو کارئاسانیەک بکات بۆ خەرجکردنی موچەو گەیاندنی بە فەرمانبەران و دەتوانن لە رێگای یەکێک لە بانکە دانپیانراوەکانی بانکی مەرکەزی کە لە هەرێمدا مۆڵەتدارن، موچەی فەرمانبەران خەرج بکەن. دەبێت لیستی موچە لەلایەن هەریەکە لە (بەرێوەبەری فەرمانگە و بەڕێوەبەری وردبینی و بەڕێوەبەری خۆیەتی) واژوو بکرێت و بەرپرسیارێتی راست و دروستی و بری موچەو لیستەکەی بگرنە ئەستۆ .

ئەم بریارە گرنگەی سەرەوە چەند خاڵێکی گرنگی تیادایە ، سەرەتا پێویستە بپرسین (تەوتینی راتب ) چیە ، لە عێراق هەموو وەزارەت و دەستەکان لەگەڵ بانکە حکومیی و ئەهلییەکان بە ویستی خۆیان ،لەگەڵ یەکێک لەبانکەکان رێکەوتنیان کردوە کە موچە بەشێوەی ئەلکترۆنی بخەنە سەر فیزاکارت و ئیتر وەزارەتەکان ناچن بۆ خەزێنە بە تورەکە پارە بهێن و فەرمانبەرانیش لەبەردەم لیژنەی دابەشکردنی موچەدا بەشێوەی کاش موچەکانیان وەربگرن ، بەڵکو لەرێگای فیزاکارتەوە موچەکانیام بۆ دادەبەزێت، ئەمەش پرۆسەیەکی پێشکەوتوو و خێراو شارستانیە و بە کلیکێک موچەکانیان لەسەر فیزاکارتەکانیان دادەبەزێت. پابەند کردنی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بە خەرجکردنی بوجەی فەرمانبەران پاش تەوتینی بودجە و کۆتایهێنان بە ناردنی پارەی قەرز بۆ هەرێم. ئەوەی پەیوندی بە تەوتینی موچەوە هەیە لە عێراقدا ئەم پرۆسەیە دەیان ساڵە دەستیپێکردوە، لە ئێستادا مەحاڵە بە چەند مانگێک ملیۆنێک موچە خۆری هەرێم ،فیزاکارتی بۆ دەربکەن ، ئەی کەواتە چۆن موچە دەدرێت؟ لەدەقی بریارەکادا لەبەشی دووەمدا باسی لە لقی بانکە فیدراڵیە حکومیەکان کردوە کە لەهەرێم لقیان هەیە ،کە ئەوانیش (رافیدەین و رەشید و بانکی بازرگانی عێراقیە) . لە ئێستادا تەنها بانکی بازرگانی(TBI) لقیان لە شارەکانی هەرێمدا هەیە ، هەرچەندە ئەوانیش لە ئێستادا توانستی مرۆیی و ژێرخانیان سنوردارە، بەڵام بەپێی نەخشەرێگای دادگای فیدراڵی بێت ،ئیتر هەموو فەرمانگەیەک لیستی

موچەی دەبات بۆ ئەو لقەی بانکە فیدراڵیەکە و لە قۆناغی یەکەم بەشێوەی کاش وەری دەگرێت و لەدرێژخایەندا دەبێت بە فیزاکارت و هاوشێوەی دەرەوەی هەرێمی لێ دێت.

٢: پێویستە سەرجەم داودەزگاکانی هەرێم کە لەبرگەی یەکەمدا باسکراون لە کۆتایی هەموو مانگێکدا میزانیەی موراجەعە پێشکەشی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارتی دارایی فیدراڵ بکەن.لە کاتێکدا داوای پارەدارکردنی تر دەکەن بۆ موچەی مانگی داهاتویان ،ئەمەش هاوشێوەی وەزارەتەکانی تری فیدراڵ دەبێت .

ئەم برگەیان رێککارێکی هونەریی وردبینی دارایی رۆتینی ئاساییەو پەیرەوکراوە.

٣:پێویستە سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەرجەم داهاتی نەوتی و نا نەوتی تەسلیمی خەزێنەی حکومەتی فیدراڵ بکات.بە گوێرەی قانونی ئیدارەی دارایی دەوڵەت پێویستە هەردوو دەزگای چاودێریی دارایی (فیدراڵ و هەرێم )، وردبینی بڕگەکانی داهاتی بەدەستهاتووی نەوتی و نانەوتی بکەن.

٤: پابەندکردنی سەرۆک وەزیرانی هەرێم ، کە رێگەبدات دەزگای چاودێری دارایی فیدراڵ لەگەڵ چاودێری هەرێم پێکەوە بتوانن وردبینی بکەن بۆ ژمێرەی خەرجیەکان و لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و سودمەندانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی.

ئەم بڕگەیەی کۆتایی هیچ کێشەیەکی نیەو رێکارێکی تری وردبینی و دارایی رۆتینی ئاساییە و شایەنی سەرنجدان نیە.

بریارەکە لە دژی هەرێمی کوردستانە، یان لەبەرژەوەندی هەرێمە؟

لەم باسەدا بە باشی باسی بریاری دادگامانکرد کە لەدوو بەش پێکهاتوە ئەوانیش تانوپۆی بڕیار(حيثيات القرار) و بەشی بریاری دادگا(قرار الحكم). ئەو چوار بڕگەیەی سەرەوە تەنها بەشی بریاری دادگا(قرار الحكم)و لە راستیدا رەچاوی سەروەری دارایی حکومەتی هەرێمی نەکردوە، بگرە رۆڵی وەزارەتی دارایی هەرێمی فەرامۆشکردوە .لە راستیدا ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ دەستور کە سیستەمی فیدراڵی دەوڵەتی چەسپاندوە، گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی ناوەندچێتی دەوڵەت . بەڵام ئەگەر بەوردی لەبەشی یەکەمی بریارەکە وردبینەوە ، کەپێی دەڵێن تانوپۆی بریار(حيثيات القرار) بە پێچەوانەوە زۆر بە باشی رۆڵ و پێگەی دەستوریی هەرێم پارێزراوە و بە دەستەواژەی ئاشکراو بێ تەم ومژ باسی سەروەری هەرێم و گەلی کوردستان کراوەو تیایدا حکومەتی فیدراڵ پابەندکراوە، کە بوجە بۆ هەرێم دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانێ ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و داوا دەکات جگە لە موچە ،دەبێت بودجەی وەبەرهێنانیش بۆ هەرێم دابینبکرێت ، ئەمەش پارێزبەندیەکی دەستوریی باشە بۆ شکۆمەندیی و پێگەی هەرێم ، بە کورتی گرنگترین ئەو خاڵانە کە لە تانوپۆی بریار(حيثيات القرار) دەخەینەروو، چونکە رای گشتی و چاودێرەکان تەنها چاویان لەسەر برگەی بریاری دادگابوو، کە چوار برگە بوو، بەشی یەکەمی تانوپۆی بریار(حیثيات القرار)یان فەرامۆشکردوە، لە خوارەوە گرنگترین برگەکانی دیاری دەکەین:

١: لە ناوەڕۆکی دەقی دارشتنی بریارەکەدا باسی سیستەمی فیدراڵی کراوەو ئاماژە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێک لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا هاتوە، شکۆی دەستوریی هەرێم رێزلێگیراوە ، بەشێوەیەکی بەرز باسی شان و شەکەتی گەلی کوردستان کراوەو بە باڵای گەلی کوردا هەڵدراوە، هەروەها روونکراوەتەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ پارێزگاکان و هەرێمەکان پارەدار بکات و بودجە بۆ هەرێم دابین بکات. بەو شێوەی کە بتوانرێ هەرێم پێداویستیەکانی سەرشانی خۆی هەڵبسوڕێنێت ، لەهەمان کات رەچاوی بنەمای ژمارەی دانیشتوان بکرێت.

٢: نابێت بەهۆی کێشەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم، فەرمانبەرانی هەرێم لە مافی موچە بێ بەش بکرێن .دادگا دەستەواژەی نابێ (مەحروم بکرێن )ی بەکارهێناوە، زیاتر لەوەش دەڵێ؛ ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەندیی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ نەکرد ،نابێت ئەمە بکرێتە هۆیەک بۆ بێ بەشکردنی موچەخۆران لە موچەکانیان.

٣: دادگا پشتی بە شیتەڵی ئاینی بەستوە و ئاماژەی بە چەندین دەقی قورئانی پیرۆز کردوە، کە پەیوەستن بە مافی بونیادەم و شکۆی مرۆڤ. ئەم شیکردنەوەیە لەقازانجی دەرچونی بریارەکە نوسراوە، بۆ ئەوەی پشتیوانییەکی ئاینیی بە بریارەکاوە بلکێنرێت.

٤: دادگا حکومەتی فیدراڵی پەیوەستکرد بە خەرجکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، هاوتای عێراق (اسوة بأقرانهم) واتە کوتومت وەکو باقی فەرمانبەرانی تری عێراق ، لە چوارچێوەی جێگیرکردنی موچە، کە بەعەرەبی پێی دەڵێن تەوتینی راتب . ئەمەش مانای خەرجکردنی کۆی موچەیە بەبێ لێبرین کە پێی دەڵێن پاشەکەوتکردن ،

دەبێت موچە مانگانە بدرێت و لەهەمان کات موچەش زیاد دەکرێت هاوتای موچەی حکومەتی فیدراڵیی دەبێت .

سەرنجی کۆتایی:

دەقی نوسراوی بریاری دادگا لەم رۆژانەدا بە واژووی سەرجەم دادوەرانەوە دەردەچێت ، نیەتی دادگا چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێمەو چاوەروان دەکرێ ، پێگەی دەستوریی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم پارێزراو بێت .
لە کۆتایدا بە هیوام خەیاڵ پڵاو نەبم و چاوەروانیەکەم بێتە دی..


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP