دواین هەواڵ

ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان ،پاش ٢٤ کاتژمێر ،رادەگەیەنرێت؟

‌هاورێ تۆفیق

17/12/2023

ئاشکرایە چەند پرۆسەی دەنگدان گرنگە ،دوو ئەوەندە ئەنجامی دەنگدانەکە گرنگە ، ئەنجامی هەڵبژاردن نەک لە وڵاتانی پێشکەوتوی ئەوروپی ،بگرە لە وڵاتانی دراوسێی عێراق وەکو تورکیا ، پاش چەند کاتژمێرێک لە دوای تەواوبونی دەنگدان

ئەنجامەکەی رادەگەیەنریت و ئیتر هەموو شتێک تەواو دەبێت، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق وەکو نەریتێکی لێهاتوە، نەک لە پاش ٢٤ کاتژمێر، بەڵکو زیاتر لە مانگی پێ دەچێت. ئەمەش زۆر هۆکاری زاتی و بابەتی هەیە کە پەیوەستە بە بونیادی دامەزراوەیی دەوڵەت و ژیانی سیاسی و ژیاریی کۆمەڵگاوەو ناتوانرێ تەنها ئۆباڵی بخرێتە سەرشانی کۆمیسۆن، بۆ دەنگدانی گشتی سبەینێ، ئەم چەند زانیارییە گرنگە دەخەینە روو:

١: دەنگدان تەنها بە کارتی بایۆمتری درێژخایەن دەبێت کە وێنەی دەنگدەرەکەی لەسەرە، بە پێچەوانەوە بە کارتی دەنگدانی کورت خایەن کە وێنەی دەنگدەری لەسەر نیە، ناتوانرێ دەنگ بدرێ.
٢؛ دەنگدەر لە پاڵ کارتی بایۆمتری درێژخایەن، هاوکات پێویستە، بەڵگەنامەیەکی تری فەرمی خۆپێناساندنی پێبێت، وەکو( کارتی نیشتمانی، پاسپۆرت، تەسکەرە، جنسیە).
٣: دەنگدان لە کاتژمێر(٧) ی سەرلەبەیانی دەستپێدەکات و کاتژمێر(٦) ی ئێوارە کۆتایی پێ دێت و سندوقی ئەلکترۆنی دەنگدان کە پێی دەڵێن پیکۆس، خۆی بەشێوەی ئۆتۆماتیکی لە کاتژمێر(٦) رادەوەستێت.

٤: دوو ئەنجامی دەنگدان دیاری دەکرێ، یەکەمجار ئەنجامی دەنگدان بەشێوەی ئەلکترۆنی دەبێت، لەرێگای سندوقی پیکۆسەوە. پاشان بۆ جاری دووەم جیاکردنەوەو ئەژماری ئەنجامی دەنگدان بەشێوەی دەستی دەبێت. ئەگەر هاتوو ئەنجامی ئەلکترۆنی و دەستی کتومت وەکو یەکتری نەبوون . پشت بە ئەنجامی دەستی دەبەسترێت، ئەگەر جیاوازی ئەنجامی ئەلکترۆنی و دەستی بەرێژەی لە٪٥ بوو، ئەوا ئەو سندوقە، دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەبریت بۆ ناوەندی وردبینی پارێزگا، کە لە هەموو شاریکدا کۆمیسۆن ناوەندێکی بۆ وردبینی بۆ ئەو مەبەستە دروستکردوە.
٥: لە کاتی چوون بۆ دەنگدان، دەنگدەر یەکەم هەنگاو پێویستە کارتەکەی بخاتە ناو ئامێری لێکۆڵینەوەی ئەلکترۆنی(جهاز التحقق الالكتروني) و پاشان وێنەیەکی پەنجە مۆری ئەلکترۆنی بگیرێت، لە هەندێک وێستگەی دەنگدان ئامێرەکە، یان کارتەکە ناخوێنێتەوە، یان پەنچەمۆری ئەلکترۆنی پەنجەی دەنگدەر تۆمار ناکات، بەپێی رێنماییەکانی کۆمیسۆن دەتوانرێ پەنچەمۆری ئەلکترۆنی فەرامۆش بکرێ ،بەمەرجێک لە ٪٥ ی کۆی دەنگدەرانی وێستگەکە تێپەرنەکات.

٦: ناردنی ئەنجامی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدانەوە بۆ ناوەندی سەرەکی داخڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەشێوەی ئەلکترۆنی دەبێت لەرێگای مانگی دەستکردەوە بە هۆی ئامێری (ئارتی ئێس) کە لە هەموو ناوەندێکدا هەیە ، ئەنجامەکان دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی سەرەکی داخڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەغدا.

٧: پرۆسەی گواستنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لەرێگای ئامێری (ئارتی ئێس) وە ، لە روانگەی تیۆرییەوە بیرۆکەیەکی نایابە، بەڵام لەرووی عەمەلیەوە، ئەوە سێیەمین پرۆژەی هەڵبژاردنە کە ئەم سیستەمە تاقی دەکرێتەوە ، لە ئەنجامی ئەزمونکردن دەرکەوتوە کە کێشەی گەورەی هونەری تیادایە .

کێشە هونەرییەکانی گواستەوەی ئەلکترۆنی ئەنجامی هەڵبژاردن:

لە راستیدا لە وێستگەکانی دەنگدان ،سێ ئامێری تەکنۆلۆژی دەنگدان بەکار دەهێنرێت، ئەوانیش:

١: ئامێری لێکۆڵینەوەی ئەلکترۆنی (جهاز التحقق الالكتروني) کە ئەمە تایبەتە بە خوێندنەوەی کارتی بایۆمتری دەنگدان و تۆمارکردنی پەنچە مۆری ئەلکترۆنی دەنگدەر ، ئەم ئامێرە چەندین هەڵبژاردنە بەکاردەهێنرێت و سێ کێشەی سەرەکی هەیەو هەموو هەڵبژاردنێک لە ژمارەیەک وێستگە دووبارە دەبێتەوە، ئەوانیش ( کارنەکردنی ئامێرەکە، نەخوێندنەوەی کارتی دەنگدان، تۆمارنەکردنی پەنچەمۆری ئەلکترۆنی) کۆمیسۆن بۆ هەموو هەڵبژاردنێک بەرنامەی سۆڤتوێرەکەی تازە دەکاتەوە(ئاپ دەیت) ، بەڵام تارادەیەک هەر کێشەکان ماون.

٢: سندوقی ئەلکترۆنی دەنگدان(پیکۆس) ئەم سندقە قەباخی سەری سندوقە ئامێرێکی سکانەرە، پێی دەڵێن (ئامێری خێراکردنی ئەنجامی دەنگدان).ئەم ئامێرە پێویستە پێشوەخت شەحن کرابێ و بە کارەباوە ببەسترێت ، چونکە بەبێ وزەی کارەبا ئیش ناکات، ئەو کاتەی کارەبای لێ ببردرێت، شاحینەی پێوەیە کە دەتوانێ بۆ چەند کاتژمێرێک کاربکات، ئەم ئامێرە فلاش میمۆرییەکی لێ بەستراوە کە داتاکاتی تیادا خەزن دەکرێ، ئەم سندوقی ئەلکترۆنیە چەند کێشەیەکی هونەری هەیە، لە هەندێک شوێن، خۆ بەخۆی خۆی ریستارت دەکاتەوەو لە وەرگرتنی کارتی دەنگدان دەوەستێت، هەندێکی تریان لە کۆتایی پرۆسەکەدا پسوڵەی ئەنجام دەرناکات و لۆگین دەبیت، کە ئەمانەش کێشەی پرۆگرامن و هەندێک جاری تر بە هۆکاریی مرۆیی کێشە دروست ئەبێت. لەگەڵ ئەوەی کە کۆمیسۆن راهێنانی بە هەموو کارمەندەکانی کردوە. بەڵام هەندێک لە کارمەندەکان بە پەرۆشییەوە گوێیان نەگرتوەو باش فێرنەبوون .

٣: ئامێری ئارتی ئێس ،یان پێشی دەڵێن فیسارت. ئەم ئامێرە بە مانگی دەستکردوە بەستراوەتەوەو ئەنجامی دەنگدانی سندوقی پیکۆس ،بەشێوەی هەوای دەگوازێتەوە بۆ ناوەندی داخڵکردنی ئەنجامەکان ، ئەم ئامێرە بەکێبڵ دەبەسترێتەوە بە سندوقی پیکۆس ،بۆ تۆمارکردنی ئەنجامەکان یان سیم کارتی پیکۆسەکەی لێ دەبەسترێت، کێشەکانی ئەم ئامێرە گرنگە جۆراوجۆرن، زۆر جار کۆنێکت نابێت ، یان ناردن ناکات(عدم ارسال) هەندێک جاری تری ناردنی کردوە، بەڵام داخڵی سەنتەری سەرەکی نەبوە، جگە لەوەش کێشەی شەبەکە و لەهەمان کات کەشوهەوا کاریگەری هەیە.

ئەنجام:

بەو هۆیانەی کە لەسەرەوە باسمانکرد، زەحمەتە بتوانرێ لە پاش ٢٤ کاتژمێر ئەنجامی سەرەتایی دەنگدان رابگەیەنرێت، تەنانەت ئەگەر ئەنجامی سەرەتایی بڵاوبکەنەوە، ئەوا ئەنجامێکی ناتەواو دەبێت ، چونکە ئەنجامی سەرەتایی دەبێت بەلانی کەمەوە ئەنجامی لە٪٩٥ ی وێستگەکان بێت و نابێت لەگەڵ ئەنجامی کۆتایی جیاوازی زۆری هەبێت. بەڵام ئەگەر ئەنجامی لە٪٦٠ یان لە ٪٧٠ وێستگەکان رابگەیەنن ، ئەوا لە راستیدا بە ئەنجامی سەرەتایی ئەژمار ناکرێ. چونکە ئەو رێژەیە زۆر کەمەو لەگەڵ ئەنجامی کۆتایی جیاوازییەکی زۆر گەورەی هەیە.بەهیوام پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەسەرکەوتویی تەواو بێت و ئەو کێشانەی باسمانکرد چارەسەر بن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP