دواین هەواڵ

هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل چەک و داینامیکی جیۆپۆلەتیکی و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

پێش 2 هەفتە

بەشی یەکەم
         (1)

هێرشەکانی پێش چەند کاتژمێرێک کە  ئێران بۆ سەر ئیسرائیل  ئەنجامیدا شەپۆلی شۆکێکی گەورەی  بۆ سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نارد،  لەوانەیە کەم بەریەککەوتن هەبێت هێندە پرسیارو مەغزای لە گەڵ خۆی هەڵگرتبێت. 

پرسیارە سەرەکییەکان ئەمانەن کە ئاماژەیان پێ دەدەم و بەگوێرەی دەرفەت وەڵامی بە شێکیان دەدەمەوە. 

- هێرشەی ئێران و بەرگری ئیسڕائیل چۆن بوو؟
- ئێران توانی پرستیژی خۆی بەدەست بێنێتەوە؟
- ئیتر ترس لە ئێران دوای 45 ساڵ بەتاڵ بۆوە؟
-  دەرئەنجامە جیۆپۆلەتیکییە فراوانەکانی چین؟

    (2)
 سروشتی ئەو چەکانەی کە لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەکارهێنراون، لە تێگەیشتن لە توانا و مەبەستەکانی ڕێژیمی ئێران، گرنگییەکی سەرەکیی هەیە، ئێران لەدوای لەدەست دانی هێزی ئاسمانی خۆی  ئەم چەکانەی هەیە پێیان بنازێت کە ئاراستەی ئیسڕائیلی کردن.  
ئێران بەدیلی بۆ ئەم چەکانە نییە.

سەرلەبەیانی یەکشەممە 14ی چوار کە هێشتا دوکەڵی موشەکەکان بە ئاسمانەوە بوو، حسێن سەلامی فەرماندی سوپای پاسداران بەوردی باسی کرد کە ( لە عێراقەوە تا ئوردن و تا فلسطین سیستەمێکی ئاڵۆزی بەرگری ئاسمانی هەبوە  کە دەرچوون لەم سیستەمە ئاسان نییە، ئەو دانی پێدانا کە A/ ئەمە کۆتا لێدانیانە، ئەگەر ئیسڕائیل وەڵام نەداتەوە، B/ پێشتر نەیان زانیوە توانای بەرگری دوژمنەکەیان چۆنە و ئێستە دەیزانن.C/ لە هەندێک ئامانجیان داوە.D/ئێران وڵامی دەبێت ئەگەر ئیسرائل وەڵامی هەبێت. 

(3)

ئاخۆ ئێران سەرکەوتوو بوو بۆ  وەرگرتنەوەی پرێستیژەکەی، پرسیارە جەوهەرییەکەیە، چونکە خۆی لێدانەکە بۆ ئەمەبوو، 
 بڕیاری دەستپێکردنی هێرشێکی بەرچاو بۆ سەر ئیسرائیل لە یەکگرتنی هۆکارەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو، لەوانە خواستی تۆڵەسەندنەوە و پێویستی دووپاتکردنەوەی شکۆمەندی ئێران چ لە ناوخۆ و چ لە نێو هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، ئەوەی ڕوویدا بۆ ئێران دەرەنجام ی پێچەوانەی بەدەستەوەدا.

 (4)

جگە لەوەی بەتاڵ بوونەوەی ترسێکی 45 ساڵەیە کە  لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر کیانی ئیسڕائیل پڕۆژەدەکرا، دوای 45 ساڵ ئێران  ڕاستەوخۆ دەستی بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرد بۆ سەر ئیسرائیل، سەرەڕای ئەوەی هێرشەکان کەمترین زیانیان لێکەوتەوەو ئیسرائیل تاڕادەیەک بێ زیان لێی دەرچوو، ئیتر دەستپێکردنی سەرەتای ژیانێکی نوێیە بۆ ئیسڕائیل چونکە  بارگەیەک کە ئەم هەموو ماوە درێژە ئیسڕائیلی پێ بارگاوی ببوو بە تاڵ بۆوە، لەمەودوا ئیسڕائیلییەکان ئارامتر دەژین و دەبنە کەڵەگای کەنداو.

(5)
  بەهۆی ئەوەی ئێران نەیتوانی ئاسمانی ئیسڕائیل بخاتە ژێر هەڕەشەی جدی، جگە لەوەی ئابڕووی بەسوپای ئیسرائیل بەخشییەوە دوای ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023 سوپاکە نەیتوانی بوو هاوڵاتییەکانی خۆی بپارێزێت، لەهەمانکاتدا سامی ئێرانی لە کەنداو بەتایبەی بەرامبەر سعودیە بەتاڵ کردەوەو بڕواشی بە سیستەمی بەرگری ئەمریکی زیاد کرد،( تورکەکان کە لە هەموو ڕوویەک لە ئیران بەهێزترن.  لە ساڵی ٢٠١٠، کەوتنە بەرپەلاماری سوپای ئیسرائیل لە نزیک غەزە، پەیوەندییەکانیان دوانزە ساڵ ئاڵۆزبوو لێ هەرگیز تورکیا بیری لە پەلاماری سەربازی نەکردەوە) .
دەرکەوتنی هێزی ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و وێنەی تێکشکانی چەکەکانی ئێران لە نیوەی ڕێگەدا،  دیمەنی گۆڕانێکی جیۆپۆلەتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  خێراتر کرد. پرسیارەکان زۆرن سەبارەت بە کاریگەریی سیستەمی بەرگری کە لەلایەن ئەمریکاوە دابینکراوە و کاریگەرییەکانی لەسەر حساباتی ستراتیژی سعودیە لە بەرامبەر ئێران و بریکارەکانیدا دەبێت.  
(6)
  کۆتاییدا، هێرشی ڕاستەوخۆی  ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕوخسارێکی دەڵەمەیی نوێی  لە جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشانداوین، کە جەخت لەسەر ناسکی هاوسەنگی ناوچەیی و ناجێگیری پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان دەکاتەوە.  کە لەگەڵ نیشتنەوەی خۆڵ و کاریگەرییەکانی هێرشەکە، دەبێت داڕێژەرانی سیاسەت و شرۆڤەکاران بە هەمان شێوە وریا بن، ئاگاداری ئەو داینامیکییە هەمیشە پەرەسەندووە بن کە دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قاڵب دەدەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP