دواین هەواڵ

یەک حكوومەتێکى بەهێزتر لە رۆژهەڵاتێکى ناوەراستى پڕ ململانێدا

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

4 رۆژ پێش ئێستا

هەڵکەوتەى جوگرافیی هەرێمى کوردستان ، لەڕووى جیۆسیاسییەوە کەوتۆتە ناوچەیەکى پڕ ئاڵۆز و ناسەقامگیریەوە ، بەڵام هەمیشە توانیوێتى لە پەیرەوکردنى سیاسەتێکى هاوسەنگانە و ژیرانەوە هاوسەنگى و سەقامگیرى و ئاسایسى خۆى پاراستووە ، هەمیشە جەختى لە سەر بونیاتنانى پەیوەندییەکى بەهێز لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و نێودەوڵەتى کردۆتەوە ، کە بەدڵنییاییەوە کاریگەرى ئەرێنى و باشى لەسەر ئایندەى هەرێمى کوردستان دەبێت .

لە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە رۆژى 20ى ئۆکتۆبەرى 2024 و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەک هێزى یەکەم ، بینیمان و بیستمن کە سەرۆك مسعود بارزانی رای گەیاند كە بنەماكانی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بریتی دەبێت لە یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە و یەك پەرلەمان، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەى پێشهاتە نوێیەکانى ناوچەکە و هەڕەشە و مەترسییەکان و دەرفەتەکانى بەردەم گەلى کورد و هەرێمى کوردستان لە ناوچەیەکى پڕ کێشە و ململانێیدا ئامادە بێ ..

ئاشکرایەو سەلمێنراوە کە ، هەرێمى كوردستان هەمیشە بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەبووە كە ئەمە بۆ زڵهێزانى وەک ئەمەریكا و فەرەنسا زۆر گرنگە لە ناوچەكەدا، بە تایبەت لەو كاتەیدا پێكهاتە و ئاینەكانی تر لە ناوچەكانی تری عێراق لە ترس و رەوشێكی ناسەقامگیر دەژین، بۆیە ، زۆرگرنگە هەرێمى کوردستان خاوەن حکوومەتێکى بەهێزتر وکاریگەرتر بێت ،چونکە کوردستان جیاواز و ئارامە بۆ پارێزگاریکردن لە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکان .

ئێستا وڵاتانى زڵهێزى ناوچەکە وجیهان بە چاوێکى پڕ متمانەوە ، دەرووانە سیاسەت و ئیدارەدان و دیپلۆماسى و مامەڵەکردنى سەرکەوتووانەى مەسروور بارزانى ، لەوەى کە گشت هەوڵ و تێکۆشانەکانى لە پێناو پێکهێنانى یەک حکوومەتى بەهێزترە ، لە پێناو بەرەو پێشبردنى زیاتر گەل و نیشتیمانەکەى لە ڕووى ئیدارى و بنەماکانى حکووومەتێکى ئێلکترۆنى وسەقامگیرى ئابوورى و دارایی و متمانە و هەروەها زیاتر سەرنجراکێشانى بازرگان و وەبەرهێنەرانى بیانى بۆ هەرێمى کوردستان و گەشەپێکردنى زیاتر هەرێمى کوردستان لە گشت بوارەکاندا 

هەروەها یەکێکى دیکە لە هەنگاو و ستراتیژییەکانى مەسروور بارزانى ، هەمیشە بەرژوەندییەکانى باڵاکانى گەلى کورد لە پێشەنگى کارنامە و بەرنامە و پلانى کابینەى حکوومەتەکەى لە ئێستا و داهاتووش داناوە و هەمیشە رژدیش بوو ، چونکە باش دەزانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشهات و ململانێیەکان بکات و قەیرانەکان دەروپێچ و کۆنتڕۆڵیان بکات

مەسروور بارزانى ، وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتیی مێژوویی هەمیشە لە سەنگەرى پێشەوەى بەرگریکردن لە بەرژوەندیی خەڵک و کوردستان و ماف و شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان بووە ، بەتایبەتى جیا لە شایستە داراییەکان ، بۆ پرسە نیشتیمانییەکان و بەتایبەتى خاکى داگیرکراوە وەک ماددەى 140ى دەستوور و چارەنووسى ئەو ناوچە داگیرکراوانە و ماف و شایستەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان وەک دامەزراوەى بەرگرى و قەرەبووکردنەوەى کەسوکارى قوربانییانى ئەنفال و هەڵەبجە و تاوانەکانى دەستى ڕژێمى پێشوو و ئینجا خاپوورکردنى زیاتر لە 4500 گوندى کوردستان ، کە لە نێو دەستوورى هەمیشەیی عێراقدا بە روونى بریارى ئەم قەربووکردنانەى داوە.

بوونى یەک حکوومەتى بەهێز و یەکگرتوو لە قۆناغى ئێستاى پێشهاتەکانى عێراق و ناوچەکە و نێودەوڵەتیی گرنگى و بایەخ و تایبەمەندى خۆى هەیە ، بەتایبەتى کە هەرێمى کوردستان لە ماوەى دوو دەیەى رابردوو ، گەشەسەندنێکى گەورەى لە ڕووى سیاسى و دیپلۆماسى و ئابوورى بەخۆیەوە بینیووە و هاوشێوەى دەوڵەتێکى سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و زڵهێزان دەکات ، لە پێناو پاراستنى جوگرافیا و گەل و نیشتیمانەکەى گرنگییەکى زیاتر بە ئاسایشى نەتەوەیی وپەرەدان بەو بوارەداوە ، بەتایبەتى سەرکردایەتى سیاسى هەرێم و سەرۆکوەزیرانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە سەر بنەمایەکى سیاسەتى ژیرانە و لێکدانەوەى لۆژیک بۆ گۆرانکارییەکان هەیە و سەقامگیرى سیاسى و ئەمنى و یەکریزى و تەبایی هەوێنى گەشەپێکردنى هەرێمى کوردستانە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP