دواین هەواڵ

سەرۆک بارزانى، هەوێنى یەکڕیزى کورد

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

19 کاتژمێر پێش ئێستا

بە پێى هەموو لاپەرەکانى مێژوو ، سەرۆک بارزانى ، رابەرێکى مێژوویی و دیارى سەر گۆڕەپانى خەباتى نەتەوەیی کوردە کە بەدرێژایی خەباتى پێشمەرگایەتى وسیاسى و دیپلۆماسى خۆى ڕۆڵێکى گرنگ و ستراتیژى هەبووە و هەیە لە بەرەو پێشبڕدنى دۆزى رەواى  گەلى کورد ، چ لەسەر ئاستى هەر چوار بەشەکەى کوردستان تا دەگاتە ئاستى عێراق و ناوچەکە ، هەروەها هەمیشە داکۆکیکارى تەبایی و یەکڕیزى نێوماڵى کورد بووە لە پێناو گەیاندنى بە کەناڕى دڵنییایی و مافەرەواکانى .

بە پێى هەموو ئەو ڕووداو و پێشهاتانەى کە لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگوزەرێن ، خۆێندنەوە و پێشبینى سەرۆک بارزانى بۆ ئەوەیە ، گرنگە لە نێو ئەو دەرفەتە مێژوویی و گۆڕانکارییانەدا گەلى کورد لە سەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان یەکگرتوو و تەبا بێت ، هەر ئەوەشە لە گشت وتار و لێدوانە سیاسییەکانى جەخت لە سەر یەکبوونى نیشتیمانى هێزو لایەنە کوردییەکان دەکاتەوە ، تا بتوانن لەو ڕێگەیەوە ڕووبەڕووى ئاستەنگە نێوخۆیی و دەرەکییەکان ببنەوە ، سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن .

هەوڵەکانى سەرۆک بارزانى  بۆ یەکخستنى کورد ، تەنها ئێستا نییە ، بەڵکو مێژووییی چەندین ساڵى رابردووى رووداو  و پێشهاتەکانى ناوچەکە و خوێندنەوەى جەنابیان بۆ ئامادەکارییەکان ئاماژەن بۆ دڵسۆزى و پەرۆشییان بۆ دۆزى رەواى نەتەوەى کورد لە هەر چوار بەشى کوردستان ، لە پرۆسەى ئاشتى کورد لە باکوورى کوردستان تا رۆژئاواى کوردستان و باشوورى و  رۆژهەڵاتیش بەهەمان شێوە 

بەدڵنییاییەوە ، کۆنفرانسى یەکڕیزى کورد لە رۆژئاواى کوردستان ، هەنگاوێکى گرنگ و ستراتیژى بوو بۆ ئامادەکردنى پلان و نەخشە ڕێگەیەک بۆ چەسپاندنى بەشێک لەمافەرەواکانى گەلى کورد لەو بەشى کوردستاندا . بەتایبەتى کە ئەمە جارى یەکەمە کە هێزولایەنە کوردییەکان کارییەکانى گۆڕەپانى سیاسى ڕۆژئاواى کوردستان پێگەوە و بەئامادەبوونى جەنابى سەرۆک مسعود بارزانى و نوێنەرانى حزب ولایەنە سیاسییەکانى بەشەکانى دیکەى کوردستان ، بە یەکدەنگ و یەکهەوڵوێست خۆیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سووریاى نوێى ئامادە بکەن .

ئەم کۆنفرانسەى یەکڕیزى کورد ، لە ئەنجامى یەک رۆژ کارکردن و هەوڵ دان نییە ، بەڵکو ، بەرهەمى هەوڵ و تێکۆشانە بەردەوامەکان و سەرپەرشتیکردنى راستەوخۆى سەرۆک بارزانییە لە ماوەى چەند ساڵى رابردوو بە ئێستاشەوە ، هەروەها ئەنجامى ئەو هەوڵە سیاسى و دیپلۆماسییانەیە لە سەر ئاستى ناوچەى و نێودەوڵەتیشدا بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزى کورد ، هەر ئەوەش وایکرد کە هێزولایەنە کوردییەکان لە دەورى یەک مێز کۆبکاتەوە و کۆنفرانسى 26ى نیسانى 2025ى لێبکەوێتەوە .

لەگەڵ ئەوەى لە پاش ڕووخانى ڕژێمەکەى ئەسەد، دەرفەتێکى مێژوویی بۆ گەلى کورد لە رۆژئاواى کوردستان هاتە ئاراوە ، بەڵام بەهۆى ناتەبایی هێزە کوردییەکان نەتوانرا سوود لەو دەرفەتەش وەربگرێت ، بەڵام لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتى ڕژێمى نوێشدا ، ئاستەنگەکان بەهۆى گوشارەکانى تورکیا و پەیوەندى لەگەڵ ڕژێمى ئێستا بۆ سەر پەیەدە زیاتر بوون ، لەو ڕووەوە ، ئەوەى تەنیا فریادرەس بوو کە بتوانێت گەلى کورد لە هەڕەشە و مەترسییەکانى تورکیا ڕزگار بکات ، رابەرێکى خاوەن ئەزموون و کاریگەرى وەک جەنابى سەرۆک مسعود بارزانییە کە بە ڕێگەى پەیوەندییە سیاسى و دیپلۆماسییەکان و ئەزموونى خۆیەوە  توانى جارێکى تر پشتیوانى دۆزى کورد بێت ، ئەوەش وایکرد کە بە ڕێگەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا ، ئەمەریکا و فەرەنسا ، ئینجا کۆکۆدنەوەى مەزڵوم عەبدى و ئەنەکەسە و دواتر ڕێکخستنى سەردان و دیدارێک بۆ لایی ئەحمەد شەڕع سەرۆککۆمارى سووریا ، گرژییەکان برەوێنێتەوە ، هەموو ئەمانە هاوکار و هەماهەنگ بوون بۆ ئەوەى جەنابى سەرۆک بارزانى بتوانێت گشت هێزولایەنەکان لەیەکتر نزیک بکاتەوە ، ئەوەش وادەکات کە لە داهاتووشدا رۆڵى گرنگ و کاریگەر بۆ جێبەجێکردنى ڕێککەوتننامەکان بگێرێت و دڵنییایی و پشتیوانێکى مەزن بێت بۆ دۆزى کورد .

بە شێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێن ، هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵةتیشدا خاوەن پێگە وقورسایی و ڕۆڵى گرنگ و بەرچاوى هەیە ، لەگەڵ ئەوەى تا ئێستا خاوەن دەوڵەتى سەربەخۆ نییە ، بەڵام بە هۆى بوونى سەرکردایەتییەکى ژیرانەوە توانیوێتى سەرکەوتووانە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکارییەکان بکات و هاوسەنگییەکان بپارێزێت و خۆشى بگونجێنێت ، بەتایبەتى کە لەماوەى دوو دەیەى رابردوودا، ئەوەى وایکردووە کە زیاتر پێگەى هەرێمى کوردستان بەرەو پێشەو بچێت و ڕۆڵى مێژوویی بگێڕێت ، بەرەنگاربوونەوەى دیکتاتۆرییەت و لە عێراق و شەڕى جیهانى تیرۆر و  ئەو پێکەوەژیان و سەقامگیرى وئاشتی و پەیوەندى بەهێزى هەرێمى کوردستانە لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی و ناوەند جیهانییەکان کە متمانە و پەیوەندییەکانى گەیاندۆتە  ئاستێکى بەرز .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP