دواین هەواڵ

کەی هەرێمی کوردستان دەبێتە غەززە

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

7 رۆژ پێش ئێستا

گەلی کوردستان لە بەرەکانی شەڕدا شکستی نەهێنا ، دەیانەوێت لە بودجەدا شکستی پێبهێنرێت،  قۆرخکاری تائیفی لە باکوری ئەفریقاوە تا سوریا داڕووخاوە، جگە لە بەغدای تایفی کە دژی کوردستان دەست بۆ هەموو چەکێک دەبات.
لە عێراقدا قۆرخکاریی تائیفی و ناوەندگەرایی تەنیا بە یەک ئاراستەدا بەردەوامە، ئەویش فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستانە. ئەم فشارە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یان دەستەبەرکردنی دادپەروەری نییە.  پەیوەندی بە شکاندنی ئیرادەی سیاسی و دارایی و سەربازیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە  هەیە.  ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا داوا دەکات کە هەرێمی کوردستان هەموو داهاتە ناوخۆییەکان تەسلیم بکەنەوە. لەوانەیش، گومرگی سنووری، داهاتی نەوتی، باجی نانەوتی، بازرگانی ناوخۆیی، داهاتی کەرتی خزمەتگوزاری. بۆچی؟ بۆ ئەوەی بەغدا موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
بە ئاشکرا، ئەمە ڕێککەوتنێکی دارایی نییە. ئەمە گرێبەستی تەسلیمبوونە.  بۆچی؟ چونکە وا لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە لە ڕووی داراییەوە بۆ هەموو شتێک  وابەستەی بەغدا بێت. ئەو کاتە هەرێم ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ پلانی گەشەپێدان دابنێت.  بەکورتی هەرێمی کوردستان لە یەکەیەکی فیدراڵی دەستوورییەوە دەکاتە پارێزگایەکی وابەستە بە بودجە.
مافی هەرێمی کوردستانە بەشێک لە داهاتەکەی لەبەردەست بێت، تا بەکاریبێنێت بۆ وەڵامدانەوەی حاڵەتە فریاگوزاریەکان، بۆ سندوقی ئاسایش بە شێوەیەکی سەربەخۆ، بۆ  وەبەرهێنان لە ژێرخانی گەشەکردندا.  بیهێنە بەرچاوت ئەگەر بەغدا لە قەیرانێکی داهاتوودا ڕەتی بکاتەوە پارە ڕەوانە بکات. چ مانایەک بۆ هەرێم دەمێنێتەوە؟
 لە کاتی شەڕی داعشدا، هەرێمی کوردستان بە درێژایی میحوەرێکی هەزار کم شەڕی کرد و زیاتر لە ١٨٠ هەزار پێشمەرگە و هێزی ئەمنی جێگیرکرابوون.  بەغدا نە مووچەی دابین کرد، نە کەرەستە و نە هەماهەنگی. ئەگەر لە حاڵەتی تەسلیمکردنی تەواوی ئەوەی بەغدا داوایدەکات، و گرفتێکی ئاسایش دروست بوو، بەرپرسیارییەتییەکەی کێ هەڵیدەگرێت؟ ئەگەر هەولێر لە ساڵی ٢٠١٤ چاوەڕێی بەغدا بوایە پارەکانی بدات، داعش دەگەیشتە زاخۆ.  ئەگەر بمانەوێت لەوە تێبگەین کاتێک دەسەڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستان، دەستبەرداری کۆنترۆڵی داهات دەبێت چی ڕوودەدات، سەیری غەززە بکە.
 هەموو هاوردە و هەناردەکردن و کارەبا و ئاو و ڕۆیشتنی پارە لەلایەن ئیسرائیل و میسرەوە کۆنترۆڵ دەکرا، دواجار بەرگەی نەگرت و کورەکە لەگەرمی گەمارۆدا تەقی.  ئەگەر هەرێمی کوردستان ڕازی بێت بە ڕادەستکردنی هەموو دەسەڵاتە داراییەکان بە بەغدا، چارەنووسی لە غەززە خراپتر دەبێت، چونکە بەغدا وەک ئیسرائیل ترسی لە فشارە نێودەوڵەتییەکان نییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP