تیلە کردەیەکی ڕۆژانەی هەموانە. بەڵام تیلە هەروەها کردەیەکی ئاڵۆزە. ئێمە کە دەمانەوێت تیلەیەک لە تۆم باراک بگرین، ئەوە دەبینین کە لاکان ئاگاداری کردینەوە، لە تیلەدا ئەوە دەبینیت کە خوازیاری نەیبینی. ئێمە ناتوانین ڕاستەوخۆ تیلە بگرینە تۆم، چونکە تەنها لە شاشەکانەوە دەیبینین. بۆیە لە تیلەیەدا، دۆخە سارتەرییەکە ناگوزەرێت کە کەسێک دەسەڵاتی بە سەر کەسێکی تردا لە ڕێگەی تیلەوە پیادە دەکات.
تۆماس باراک وەک شەبەنگ وەهایە. بۆ ئەوەی لێی تێبگەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ زەحەل، لە لوبنانێک کە ئەو ڕۆژگارە بونی نەبوو. خەڵێکی زۆر لە کۆتایی سەدەی نۆزدە لە مەسیحییە لوبنانییەکان کۆچیان کرد بۆ ئەمریکا. ئێمە ڕەنگە لە نێو هەمویاندا یەکێکیان بناسین کە ناوی خەلیل جبرانە. جبران دەبێتە ناوێکی ناسراوە لە ئەمریکا.
بەڵام جبران دژ بە عوسمانییەکانە، لە کاتێکدا تۆماس باراک دەیان لاوێنێتەوە.
بۆیە تەنها ڕەچەڵەک بەس نیە بۆ تێگەیشتن لە باراک. باپیرانی کە دەچنە ئەمریکا، لە لۆس ئەنجلیس دەبنە میوە فرۆش. بۆیە باراک ڕەنگە خۆی وەک بەشێک لە حەکایەتە باوەکەی ئەمریکا بناسێت کە کەسێکی خۆ کردەیە. یانی کەسێکە کە خۆی خۆی دروستکردوە.
ئەمریکاییەکان حەزیان لەو کەسانەیە کە خۆیان دەگرن. خۆ گرتن هەمیشە گەورەترین درۆیە. بەڵام درۆ کرۆکی مرۆڤایەتییە. بۆیە باراکی ڕاستەقینە سەرەتایەی تری هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ پەنجا ساڵ لەمەوپێش لە کەنداو، کاتێک دێتە ناوچەکە و خۆی لە ئەندامانی بنەماڵەکان نزیک دەکاتەوە، لە ڕێگای یاری سکواشەوە، هەتا دەستی دەگات مقاوەلات.
بۆیە تۆماس باراک تێکەڵەیە لە مەسیحیەت، عەرەبی زانی، ئەمریکی، عەقارات، کەنداو، هاوڕێتی بازرگانی و سیاسی و هەتا دەگاتە دیپلۆماسی. پیاوێکە هەموو ئەم کڵاوانەی لە سەردایە.