دواین هەواڵ

قۆناغی پاش ئیسلامی سیاسیی لەدامەزراندنی دەوڵةتی خیلافەتەوە بۆ دەوڵەتی مەدەنیی

‌د.سالار تاوگۆزی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

زاراواەی ئیسلامی سیاسیی
ئیسلامی سیاسی زاراوه‌یه‌كه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌و حیزب و گروپ و بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێت ئیسلام و سیاسه‌ت تێكه‌ڵ بكه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌مای ئیسلام  ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ڕێوه‌ ببه‌ن. ئەوان لەناو گشت ئایینەکاندا ئیسلام وەک مەرجیعێکی سەرەکی و گشتگیر سەیر دەکەن، چونکە پێیانوایە ئەم ئایینە سیستمێکی سەراپاگیرە بۆ ژیان.

هەروەها دامەزرێنەری ئیخوانولموسلمین، حەسەن بەننا، گوتوویەتی: “ ئیسلام ئایین و دەوڵەتە، قورئانێک و شمشێرێکە”  ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەوان لە هەرکوێبن دەیانەوێت دەوڵەتێک یان خیلافەتێکی ئیسلامیی دابمەزرێنن کە لەسەر بنەمای قورئان و شمشێر بەڕێوە بچێت، دیارە قورئانیش کتێبی پیرۆزی گشت مسوڵمانانە، بەڵام تێگەیشتی زۆر جیاواز و جۆراوجۆر لەبارەیەوە هەیە، کەچی ئیسلامی سیاسیی دەیەوێت تێگەیشتنی خۆی بۆ ئەو کتێبە بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت، جا هەر کەسێکیش ئەو تێگەیشتنەی نەبێت بەشمشێر بەرەنگاری دەبێتەوە، شمشێریش ڕەمزی هێز و دەسەڵات و توندڕەوییە.

ئیسلامی سیاسی لە ڕابردوودا
ئیسلامی سیاسی وەک تەوژمێک لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەرکەوت، لە ئەو مێژووەوە تا ئەمڕۆ، لە سەر ئاستی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا، لە کایەی  ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە. دەرکەوتنەکەیشی کاردانەوەیەک بوو بەرانبەر کۆڵۆنیالیزم و پرۆژەکانی بە رۆژئاواییکردن (تغریب).
 لەدوای سەدەی ڕابردوەوە ئەم تەوژمە وردە وردە بە کاریگەریی  هەردوو دوو قوتابخانەی فیکریی ئیسلامیی (سەلەفیزم) و (ئیخوانیزم) زیاتر پەرەی سەند و چەندین ڕەوت و حیزب و لایەن و گروپی ئیسلامیی دامەزران و چوونە کایەی سیاسییەوە و لەچەند وڵاتێک سەرکەوتنیان بەدەستهێناو دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەڵام زۆربەی ئەم دەسەڵاتانە سەرکەوتوو نەبوون، چونکە سەرکوتکەر بوون و نەیانتوانی بەڵێنی دروستکردنی ئەو بەهەشتە بۆ خەڵک بەدیبهێنن کە لەدروشم و گوتارەکانیاندا باسیان دەکرد، بگرە بە پێچەوانەوە دۆزەخێکی بێئامانیان لە دونیاد ا دروستکرد.

کە خۆپشیاندانەکانی بەهاری عەرەبیش، بەرپا بوون، ئیسلامی سیاسی هەلێکی زێڕینی دیکەی بۆ ڕەخسا تاوەکو جارێکی دیکە وەک جێگرەوە (Alternative) بێتەوە ناو کایەکەوە، ئەوە بوو لەهەندێک وڵاتی وەک میسرو تونس توانییان دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵام لەبەر ئەوەی بەهەمان عەقڵییەتی پێشوو کاریان کرد، کە دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئەولەویەتی کارەکانیان ئیسلامیزەکردن و ئیخوانیزەکردن و بەسەلەفیکردنی تەواوی کۆمەلگە و گشت جومگەکانی دەسەڵات بوو، نەک کرانەوەی زیاتر و هەنگاونان بەرەو دیموکراتیزەبوون و خەمی بژێوی خەڵک و باشکردنی گوزەرانیان، هەر بۆیە لەوساوە تا ئێستا بەردەوام ئیسلامییەکان شکست دەهێنن و توانای هەڵکردنیان لەگەڵ بارودۆخەکەدا نەماوە. ئاخر ئیسلامییەکان  كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست، له‌گه‌ڵ واقیعێكی ئاڵۆزدا، تووشی پێكدادانێكی توند بوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بوو به‌هۆی دوورخستنه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵات وه‌كئه‌وه‌ی له‌ ساڵی ٢٠١٣ له‌ میسر له‌دوای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن (كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوانولموسلیمین)ـە‌وه‌ بینیمان. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئه‌و  پاشەکشە و كێماسییانه‌ی له‌ مه‌غریب  و تونس و چەند وڵات و ناوچەیەکی دیکەدا تووشیان بوو.

پاش ئەوەش فشارەکان بۆ سەر ئیسلامی سیاسی، بەتایبەت هێڵە ئیخوانییەکەی زیاتر بوو، بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی سەنتەری هەرێمایەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ٨٣%ی سەرکردە گەورەکانی کۆمەڵەی ئیخوانولموسلیمین لەزیندانەکانی میسردان و ٦% یان لە زینداندا مردوون و ١١%یان وڵاتیان بەجێهێشتووە. هەروەها دەست بەسەر ٩٣ کۆمپانیای گەورەی ئیخواندا گیراوە، بێگومان هەموو ئەمانە کاریگەریی گەورە لەسەر پاشەکشەی کۆمەڵەکە دەکەن.

بەگشتی دەتوانین هۆکارەکانی شکستی ئیسلامییەکان لە چەند خاڵێکدا پوخت بکەینەوە، کە ئەمانەن:

1-کارکردن لە واقیعێکی گۆڕاودا لەسەر بنەمای بیرکردنەوەیەکینالۆژیکی و کۆن و چەقبەستوو.
2-جیاوازی لە نێوان گوتار و کرداردا.

3-بەهێزبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسلامی سیاسی.

4-پەرتبوون و دابەشبوونی ناوخۆیی ئیسلامی سیاسیی بەسەر چەند گروپ و حیزب و لایەن و ئایدیۆلۆژییەتێکی جیاوازدا کە هەریەکەیان ئەوی دیکەیان ڕەت دەکەنەوە و یەکتری کافر دەکەن، چەندین جاریش پێکدادان لەنێوانیاندا ڕوویداوە.

5-پشتگوێخستنی پەرەپێدانی مرۆیی و پەرپێدان بە توندڕەوی و کولتووری ڕق و کینە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکەی جیاواز کە بووە بەهۆی هەڵگیرسانی چەندین ناکۆکی و ململانێ و شەڕی خوێناوی وەکئەوەی لە عێراق و سوریا بینیمان، بەمەش وێنەی ئیسلامییەکان لەبەرچاوی خەڵک زۆر ناشیرین بوو.

6-تێوەگلانی بەشێک لە كەسایەتی و حیزب و لایەنە ئیسلامییەکان لە کردەوەی تیرۆریستی و گەندەڵی و بازرگانیی ئایینی و هەوڵدان بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و خۆشگوزەرانی دونیایی نەک بەهەشت و نیعمەتەکانی.

7-پاشکۆیەتی ئیسلامییەکان بۆ هەندێک وڵات و خزمەتکردنی ئەجێندای ئەوان لەسەر حیسابی وڵات و نەتەوەکانی خۆیان.

8-بێئومێدبوونی خەڵکی لە ئیسلامییەکان، ئەویش پاش ئەوەی ئەزموونی دەسەڵاتی ئەوانیان لە میسر و تونس و چەند وڵات و شوێنێکی دیکە کرد و خەڵکیان لە ئایدۆلۆژیادا نوقم کرد و ئەزموونێکی کارگێڕیی زۆر لاوازیشیان نیشاندا، ئەمەش خەڵکی گەیاند بەئەو بڕوایەی ئیسلامییەکان شیاوی بەڕێوەبردنی دەسەڵات نین.

ئێستای ئیسلامی سیاسیی
لە ئێستادا ئیسلامی سیاسی بە قۆناخێکی زۆر سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت و چیتر بە خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی خیلافەتەوە ناتوانێت بەردەوام بێت، چونکە خەڵک لەچەند وڵات و ناوچەیەکی وەک میسر و ئەفغانستان و تونس  و مەغریب ڕووی ڕاستی ئەوانیان لەدەسەڵاتدا بینی، بۆیان دەرکەوت لەهەر جێگەیەک پیچێک دەسەڵاتیان هەبێت هاوڵاتیان هەراسان دەکەن.  ئەمە جگە لەوەی بوون بەهۆی وێرانکردنی چەندین شوێنی وەک غەززە و سوریا و موسڵ و ئەنبار و شەنگال و...تد.
هەروەها چالاکییەکانی ئیسلامی سیاسی، لەپێش هەموویانەوە ئیخوان، لەچەند وڵاتێکی وەک ئوردون و  ئيمارات  و سەعودیە و تونس قەدەغە کراوە، چونکە بوو بوون بەمایەی دەردیسەری بۆ خەڵک، دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەش بەتۆمەتی تیرۆری فیکری و جەستەیی کارو چالاکییەکانی ڕاگرتوون. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا چەند جوڵەیەک  بەرەو کرانەوە و ڕۆشنگەریی لە چەند وڵاتێکی وەکو تونس و مەغریب و میسر هەن، سەرامەدانی ئەم بزووتنەوەیەش کەسانی وەک (رەشید ئەیلال، حامید عەبدولسەمەد، ئیدریس کەنبوری، ئەحمەد عەسیدو یوسف زێدان) و  چەندانی دیکەن کە  ڕادیکاڵانەو و بوێرانە لە مەترسییەکانی ئیسلامی سیاسی دەدوێن و بوون بەدەنگێکی زۆر دیار لە سۆشیاڵ میدیاداو خەڵکانێکی زۆریان هۆشیار کردووەتەوە، هەر خودی سۆشیاڵ میدیاش هۆکارێکی باش بوو بۆ نیشاندانی ڕووی ڕاستی ئیسلامی سیاسیی.

هەروەها ئێستا مۆدێلێکی جیاواز لە ئیسلام بەڕابەرایەتی سەعودیەو ئیمارات هاتووەتە کایەوە کە گوتارێکی ئایینی جیهانیی دژ بە ئیسلامی سیاسیی هەیە و بانگەشە بۆ ئیسلامێکی مەدەنیی کراوەی میانڕەوی ئارامی دوور لە ئامانجی سیاسیی و توندڕەوی و تیرۆری فیکری و جەستەیی دەکات.   

لەلایەکی دیکەوە، میزاجی گشتیی خەڵک گۆڕاوە و چیتر  جەماوەر وەک جاران پشتیوانی ئیسلامیییەکان ناکەن و بەدروشمە ئایدیۆلۆژییەکانیان و فریو ناخۆن. خەڵک تاڕادەیەکی باش هۆشار بوونەتەوە و ڕێگە نادەن وەک جاران هەست و سۆزی ئاینییان بقۆزرێتەوە. هەنوکە ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە کردارە نەک گوفتار، دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنییە نەک دەوڵەتێکی خیلافەت بەپێی پێوەری ئیسلامییە سیاسییەکان.

 خەڵکی ئەمڕۆ دەوڵەتێکی دەوێت بەیەک چاو و بەیەکسانیی سەیری هەموو خەڵک بکات و بەکردەیی خزمەتگوزارییان پێشکەش بکات، دەستی ئاوەدانی بگەیەنێت بەناوچەکانیان و و ئازادى و مافیان دابین بکات و هەلیکاریان بۆ بڕەخسێنێت. هەموو ئەمانەش لە دەوڵەتێکی مەدەنیدا بەدیدێن نەک دەوڵەتی خیلافەتی ئیسلامی سیاسیی کە مرۆڤی پلەیەک و پلەدوو پلە سێی تێدایە و بەڕەش و سپی لە خەڵک و ژیان و سروست دەڕوانێت، نەک بەشێوەیەکی ڕەنگاوڕەنگ و وەکخۆی و بە ئەو شیوەی خودا ئەفراندوونی.

ئاییندەی ئیسلامی سیاسیی و ٣ سیناریۆ

بەهۆی ئەو هەموو هەڵەیەی کە لە ڕابردوودا کردوونی، هەروەها بە هۆی ئەو ئاڵنگارییانەی لە ئێستادا ڕووبەڕوویان بووەتەوە، پێشبینی هیچ ئایندەیەکی ڕوون بۆ حیزب و گروپ و لایەنەکانی ئیسلامی ناکەین کە جاریکی دیکە وەک هێزێکی کاریگەر بێتە کایەی سیاسییەوە، مەگەر لێرەو لەوێ دەسەڵاتێکی گەورەتر بیسەپێنێت وەک ئەوەی لە سوریا دەیبینین، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی زلهێزەکان و چەند وڵاتێک و ڕاگرتنی باڵانسە کە پێمانوایە کاتییە، مەگەر لەکاتێکدا کە گۆڕانکاریی بکات و پرگماتیکییانە مامەڵە بکات و بەرەو کرانەوەو دیموکراسییەت هەنگاو بنێت.   

تەنیا ڕێگەچارەی گەڕانەوەی ئیسلامییەکان بۆ گۆڕەپانەکە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی جەوهەریی و کەڵکوەرگرتنە لە هەڵەکانی ڕابردوو، کرانەوەیە بەڕووی دونیا و هەنگاونانە بەرەو مەدەنیبوون و دیموکراسیبوون و جێبەجێکردنی پراگماتییەتی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە ئایدۆلۆژیا. ئەمانەش بۆ ئەوان تاڕادەیەک ئەستەمە، بۆیە ئیسلامی سیاسی لە ئاییندەدا بەرەو ئاوابوونی زیاتر دەڕوات، تەنانەت ئێستا هەندێک لە شارەزاو پسپۆڕان، لەسەر بنەمای ڕابردوو ئێستای ئیسلامییەکان، لە ئاییندەدا باس لە (قۆناغی دوای ئیسلامی سیاسیی) و دووبارە ڕاڤەکردنی ئایین دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە بواری مەدەنیی نەک دەسەڵاتی سیاسی، هەر ئەمەش وایکردووە چەمکی (ئیسلامی مەدەنی) بێتە کایەوە کە وەک جێگرەوەیەک بۆ قۆناغی دوای ئیسلامی سیاسی پێشنیاز کراوە.

بەکورتی دەتوانین لە ئاییندەدا پێشبینی سێ (٣) سیناریۆ بۆ ئیسلامی سیاسی بکەین؛

سیناریۆی یەکەم: ئیسلامی سیاسی، وردەوردە پەراوێز دەخرێت و کاریگەرییەکی کەمی لە ژینگەی کۆمەڵایەتیی و ئاینیدا دەبێت.

سناریۆی دووەم، هەندێک لە حیزب و لایەنەکانی ئیسلامی سیاسی بەرەو مەدەنیبوون دەڕۆن و پێداچوونەوە بەگوتارەکانیدا دەکەن و قەبوڵی واقیعەکە دەکەن و دەبنە گروپی فشاری مەدەنی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، نەک هەموو خەمیان ئەوەبێت ڕاستەوخۆ دەسەڵات بگرنە دەست.

سیناریۆی سێیەم: ئیسلامی سیاسی بەمەرجی نوێ دەگەڕێنەوە و دەستەبەرداری دروشمی ناواقیعی و بریقەدار دەبن و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا دەکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP